میلیشیاكانی عێراق داوای كڕینی سیستمی بەرگریی ئێس 400ی روسی دەكەن

هەواڵ / عێراق :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 115‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

گروپە چەكدارە عێراقییەكانی سەر بە ئێران، گوشارەكانیان بۆ سەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق چڕتر كردووەتەوە بۆ ئەوەی بە فەرمی داوا لە مۆسكۆ بكات، سیستمی بەرگریی دژەمووشەكی ئێس 400ی روسیی پێ‌ بفرۆشێت.

ئەم هەواڵە لەكاتێكدایە كە ماوەیەكە بنكە و بارەگاكانی ئەو گروپانە، بەتایبەت میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، لە چەند ناوچەیەكی عێراقدا دەكەونە بەر تەقینەوە و هێرشی جیاجیا. گروپەكانیش دەڵێن "هێرشەكان ئاسمانیین و لەلایەن ئیسرائیل-ەوە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان دەكرێتە سەرمان".

گروپە چەكدارەكانی ناو عێراق كە لەلایەن ئێران-ەوە پشتگیری و سەرپەرشتی دەكرێن، لەم داواكارییەیاندا، ئەو خاڵە لاوازەی حكومەتی عێراقیان قۆستووەتەوە كە "توانای پاراستنی سەروەریی كایەی ئاسمانیی عێراقی نییە". 

سەرچاوە ئاگادارەكان دەڵێن، پێدەچێت عادل عەبدولمەهدی كەوتبێتە ژێر باری جێبەجێكردنی داواكاریی میلیشیاكانەوە و لە هەنگاوی یەكەمیشیدا بڕیاریداوە هەموو ئەو رێككەوتننامانە هەڵبوەشێنێتەوە كە لە نێوان عێراق و لایەنە بیانییەكاندا كراوە بۆ كرانەوەی كایەی ئاسمانیی عێراق بەڕووی ئەواندا.

بەرپرسێكی باڵای نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت:"لەم بڕیارە تازەیەی حكومەتدا، عەبدولمەهدی راوێژی لەگەڵ نوێنەرانی ئەمریكادا كردووە و قەدەغەكردنی كایەی ئاسمانیی عێراق ئەوان ناگرێتەوە".

ئا: ل. م 
پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure