خواست لەسەر شووتی پێنجوێن كەمی كردووە

هەواڵ / ئابوری :: 17/08/2019‌ :: 430‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادی

بەهۆی ئەو دەنگۆیانەی لەسەری بڵاوكراونەتەوە، خواست لەسەر شووتی پێنجوێن بەڕێژەی 50% لەناوخۆی هەرێم كەمی كردووە، هەوڵیش دراوە ئەوەی هەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق كراوە، بنێردرێتەوە.


سەروەر عەلی سەرۆكی سەندیكای عەلوەی سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند "زۆربەی بەرهەمی میوە و سەوزە وای لێهاتووە بە كەڵكی خواردن نەماوە، لەبەرئەوەی بە ناتەندروستی دەرمانی لێ دەدرێت و گەشەكردنێكی زیادەی پێدەدرێت، بەهۆی ئەو دەنگۆیانەی لەسەر شووتی پێنجوێن بڵاوكراونەوە لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هەوڵدەدرێت شووتی پێنجوێن بنێردرێتەوە".

سەرۆكی سەندیكای عەلوەی سلێمانی باسی لەوەشكرد "هەرچەندە بەبەردەوامی شووتی پێنجوێن لە عەلوەكەی سلێمانی وەردەگیرێت، بەڵام بەهۆی دەنگۆكانەوە خواست لەسەری لەناوخۆدا بەڕێژەی 50% كەمی كردووە، بەڵكو هەناردەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەكرێت، نرخەكەیشی وەكو خۆیەتی و دانەبەزیوە".

پاش ئەوەی ڤیدیۆیەك لەسەر شوتی پێنجوێن بڵاوكرایەوە كە بە دەرمان بەشێوەیەكی نائاسایی لەماوەی چەند رۆژێكدا پێ دەگات، هەمان رۆژ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی سلێمانی و قایمقامیەتی پێنجوێنەوە بەدواداچوونی بۆ كرا، دەركەوت ئەو هەواڵەی بڵاوكراوەتەوە دوورە لە راستییەوە، بەڵكو چەند كەسێك بەمەبەست ئەم كارەیان كردووە. 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 
بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure