په‌رله‌مان یاسایه‌كى تایبه‌ت به‌خۆى ده‌رده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 18/08/2019‌ :: 345‌ جار بینراوە

تاگ :: پەرلەمان

دواڕۆژ، نووسینگه‌ى هه‌ولێر

ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان و به‌هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی یاسایى په‌رله‌مانى كوردستان سه‌رقاڵى ئاماده‌كردنى پرۆژه‌یاسایه‌كن هاوشێوه‌ى هه‌رسێ یاسای سه‌رۆكایى هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و ده‌سه‌ڵاتى داوه‌رى.


به‌پێى ئه‌و زانیاریيانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتوون: ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان و لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ ئێستادا ره‌شنووسى پڕۆژه‌یاسایه‌كیان ئاماده‌ كردووه‌ و سەرقاڵی دیراسه‌كردنى ئه‌و یاسایه‌ن كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ یاسای كاركردنى په‌رله‌مانى كوردستان.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتوون، ئه‌و یاسایه‌ى كه‌ له‌په‌رله‌مان ده‌رده‌كرێت تایبه‌ت ده‌بێت به‌ بنه‌ماى كاركردنى په‌رله‌مان و ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ و یاساكه‌ هاوشێوه‌ى یاسای سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌رى ده‌بێت كه‌ له‌ رابوردوودا په‌رله‌مان جگه‌ له‌ یاسای ئه‌نجومه‌نى نیشتمانى ساڵى 1992 و  په‌یڕه‌وى ناوخۆ، هیچ یاسایه‌كى تایبه‌ت به‌خۆى نه‌بووە.

به‌پێى به‌دواداچوونه‌كانى دواڕۆژیش له‌م یاسا نوێیه‌دا مه‌سه‌له‌ى پارێزبه‌ندى و مووچه‌ و ئیمتیازاتى په‌رله‌مانتار و شێوازى خانه‌نشینكردنیش دیاریده‌كرێت، چیتر مووچه‌ و خانه‌نشینى په‌رله‌مانتار تێكه‌ڵ به‌ هیچ پڕۆژه‌یه‌كى چاكسازى ناكرێت و له‌ یاساكه‌دا جێگیر ده‌كرێت.

دواڕۆژ زانیویه‌تى بۆ نووسینه‌وه‌ى پڕۆژه‌یاساكه‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان گرێبه‌ستیان له‌گه‌ڵ چه‌ند شاره‌زایه‌كى یاسایى واژۆ كردووه‌ و ده‌یانه‌وێ په‌سه‌ندكردنى ئه‌و یاسایه‌ له‌ ئه‌وله‌ویه‌تى كاره‌كانى په‌رله‌مان بێت، له‌ دواى ده‌ستپێكردنى وه‌رزى نوێى یاسادانان له‌ مانگى داهاتوودا.

رووپاك ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى له‌ په‌رله‌مان كوردستان هه‌واڵه‌كه‌ى بۆ دواڕۆژ پشتڕاستكرده‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: ئه‌و پێشنیازه‌ له‌لایه‌ن ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان پێشكه‌شكراوه‌ و بۆ ئه‌مه‌ش سه‌رۆكى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كان قسه‌ى كردووه‌، به‌ڵام پرۆژه‌ یاساكه‌ له‌ قۆناغى سه‌ره‌تاییدایه‌.

پ: ن.ر
بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure