پێنج كرێكارى كچى بیانى به‌هۆى ده‌ستدرێژى سێكسیه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 17/08/2019‌ :: 40774‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

پێشلكاری "مه‌ترسیدار" به‌رامبه‌ر كرێكارانی بیانی له‌ هه‌رێم ده‌كرێت كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ به‌وهۆیه‌وه‌ هه‌رێم توشی رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی یاسایی ببێته‌وه‌، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤیش، ده‌ڵێت: "به‌هۆی ده‌ستدرێژی سێكسی،پێنج كرێكاری بیانی له‌ هه‌رێم گیانیان له‌ده‌ستداوه‌".

حه‌مه‌ هه‌ژار مه‌حمود، سه‌رۆكی رێكخراوی داكۆكیكار له‌ مافی كرێكارانی بیانی له‌هه‌رێمى كوردستان بۆ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌ماوه‌ی ساڵی رابوردوودا، شكستیان به‌ نزیكه‌ی 17 هه‌وڵی بازرگانیكردن به‌ كرێكارانى بیانى هێناوه‌ و ٢٠٠ دۆسیه‌ی تری پێشێلكاریی جۆراوجۆریش به‌رامبه‌ر ئه‌و كرێكارانه‌ به‌ رێكخراوه‌كه‌ گه‌یشتووه‌.

حه‌مه‌ هه‌ژار، ده‌ڵێت:"جگه‌ له‌ بازرگانی، ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌كرێته‌سه‌ر كرێكاران به‌ تایبه‌تی كرێكارانی كچ و ئافره‌تان".

له‌ماوه‌ی پێنج ساڵی رابوردوودا، 34 هه‌زارو 248 كرێكاری بیانی هێنراونه‌ته‌ هه‌رێم، له‌و ژماره‌یه‌ 19 هه‌زارو 946 كرێكاری بیانی له‌ناو ماڵه‌كه‌دا كارده‌كه‌ن، 12 هه‌زارو 34 یان كرێكاری پڕۆژه‌ن.

به‌پێی زانیارییه‌كانی ڕێكخراوه‌كه‌، به‌شێك له‌و كرێكاره‌ بیانیانه‌ی كه‌ له‌ ماڵان  كارده‌كه‌ن له‌هه‌ردوو ره‌گه‌ز ده‌ستدرێژی سێكیسان كراوه‌ته‌وه‌سه‌ر، به‌ڵام به‌هۆی سستی كاره‌كانی دادگا، كه‌یسه‌كان به‌ دادگا نادرێت.
 
حه‌مه‌ هه‌ژار ده‌ڵێت:"زۆر دۆسیه‌ی ده‌ستدرێژی سێكسیمان له‌لایه‌و توانیومانه‌ مافی هه‌ندێكیان به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی پاره‌كه‌ وه‌ربگرینه‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی كاره‌كانی دادگا له‌ هه‌رێم به‌ سستی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، بۆیه‌ كرێكاران ناتوانن سكاڵا تۆماربكه‌ن".

"له‌كاتی سه‌رخۆشی یاخود له‌وكاته‌ی كه‌ خاوه‌ن ماڵ له‌گه‌ڵ كرێكاره‌كه‌ به‌ته‌نیا ده‌مێننه‌وه‌، ده‌ستدرێژییه‌كه‌ روویداوه‌، هه‌ندێكجاریش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كرێكاره‌كه‌ جلی سه‌رنجراكێشی له‌به‌ركردووه‌، خاوه‌ن ماڵ وروژاوه‌ و ده‌ستدرێژی سێكیسی كردووه‌ته‌وه‌سه‌ریان" حه‌مه‌ هه‌ژار وای وت.

به‌وته‌ى به‌رپرسی ئه‌و رێكخراوه‌ یه‌كێك له‌و كرێكاره‌ بیانیانه‌ له‌لایه‌ن خاوه‌ن ماڵه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ستدرێژی كراوه‌ته‌سه‌ر ‌و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی لێكراوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر زانیارییه‌كان بڵاوبكاته‌وه‌ ده‌یكوژێت، بۆیه‌ كاتێك كرێكاره‌كه‌ زانیارییه‌كانی پێداوین بانگی خاوه‌ن ماڵه‌كه‌یان كردووه‌و دوو هه‌زار دۆلاریان بۆ كرێكاره‌كه‌ وه‌رگرتووه‌ و ره‌وانه‌ی وڵاته‌كه‌ی خۆی كراوه‌ته‌وه‌.

له‌ ساڵی 2018دا سێ هه‌زارو 337 كرێكاری ناوماڵ و 425 كرێكاری پڕۆژه‌كان هاتوونه‌ هه‌رێم، هه‌روه‌ها له‌مساڵدا دوو هه‌زارو 270 كرێكاری دیكه‌ بۆ هه‌رێم هێنراون، كه‌ زۆرتر كرێكاری به‌نگلادیشی، هیندی، پاكستانی، ئێرانی، سودانی و نیپاڵین.

زیا بتڕۆس، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤی هه‌رێم بۆ دواڕۆژ وتى:" هه‌ندێك له‌ كرێكارانی بیانی ده‌ستدرێژی سێكسیان كراوه‌ته‌سه‌ر، ته‌نانه‌ت چوار پێنج كه‌یسی ده‌ستدرێژی سێكسی بۆ سه‌ر كرێكارانی بیانی بۆته‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدانیان".

وتیشی: "به‌هۆی ده‌ستدرێژی سێكسی و گیان له‌ده‌ستدانیان، هه‌رێم تووشی كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی یاسایی ده‌بێته‌وه‌، چونكه‌ كاتێك كرێكاره‌كان هاتوونه‌ته‌ هه‌رێم و چاره‌نووسی دیارنه‌ماوه‌، له‌داهاتوودا ئه‌و وڵاتانه‌ی به‌دوای چاره‌نووسیان ده‌گه‌ڕێت و هه‌رێم ده‌بێت ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ربكات و چاره‌نووسیان دیاریبكات".

جگه‌ له‌ ده‌ستدرێژی سێكسی، بازرگانی به‌ كرێكارانی بیانیشه‌وه‌ ده‌كرێت.

 حه‌مه‌ هه‌ژار ده‌ڵێت:"كۆمه‌ڵێك قاچاخچی له‌ هه‌رێم په‌یوه‌ندییان دروستكردووه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك قاچاخچی ئاسیاو ناوه‌ڕاستی عێراق بازرگانی به‌ كرێكارانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌شێوه‌یه‌ك قاچاخچی كورد له‌گه‌ڵ قاچاخچیه‌كی عه‌ره‌ب و ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ كرێكاری بیانی لێوه‌دێت رێكده‌كه‌ون كه‌ له‌ جیاتی وه‌رگرتنی ڤیزای كار كه‌ ماوه‌كه‌ی دوو ساڵه‌و نوێده‌كرێته‌وه‌، ڤیزای كاتییان بۆ وه‌رده‌گرن كه‌ ماوه‌كه‌ی سێ مانگه‌ به‌مه‌ش ئه‌و كرێكاره‌ی دێته‌ هه‌رێم تووشی قه‌رزێكی زۆر ده‌بێت و ناتوانێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌ی خۆی چونكه‌ تووشی كێشه‌ ده‌بێت، ناچار ده‌برێنه‌ شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق و بازرگانییان پێوه‌ده‌كرێت.

به‌پێی رێنمیاییه‌كانی وه‌زاره‌تی كاری هه‌رێم، كرێكاری بیانی ئه‌وانه‌ی له‌ كاری بیناو خزكه‌تگوزاری كارده‌كه‌ن گرێبه‌ستی یه‌ك ساڵ و ئه‌وانه‌شی له‌ ماڵان كارده‌كه‌ن بۆ دوو ساڵ ڤیزای مانه‌وه‌یان پێده‌درێت، نه‌بوونی یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌ كاركردنی كرێكارانی بیانی كێشه‌ی بۆیان دروستكردووه‌.

عارف حیتۆ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كارو ده‌سته‌به‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: هه‌ر كرێكارێكی بیانی كه‌ رووبه‌ڕووی پێشلكاری ده‌بێته‌وه‌، ده‌توانێت په‌یوه‌ندی به‌ هێلی گه‌رمی كاره‌وه‌ بكات بۆئه‌وه‌ی رێككاری یاسایی به‌رامبه‌ر ئه‌و خاوه‌ن كارانه‌ بگرێته‌به‌ر كه‌ پێشلكارییان  به‌رانبه‌رى كردووه‌.

به‌ وته‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی كار، به‌هۆی پێشلكارییه‌كان چه‌ندین خاوه‌ن كار دۆسیه‌كانیان له‌ دادگایه‌ و مۆڵه‌تی كاركردن له‌ چه‌ندین كۆمپانیاش وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌.

پێداچونه‌وه‌:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure