"به‌ داهاتى گه‌شتوگوزار مووچه‌ى چه‌ند وه‌زاره‌تێك ده‌درێت"

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 17/08/2019‌ :: 5872‌ جار بینراوە
دکتۆر یونس عه‌لى

دواڕۆژ، سامان قوبادى 

سه‌ره‌ڕاى هاتنى گه‌شتیار بۆ كوردستان، ساڵانه‌ كێشه‌كانى ئه‌م كه‌رته‌ دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌ و بگره‌ چاره‌سه‌ر ناكرێن. دکتۆر یونس عه‌لى مامۆستاى زانكۆ و پسپۆڕى بوارى گه‌شتیارى له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا دەڵێت: "كه‌رتى تایبه‌ت و سروشتى شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان واى كردووه‌ گه‌شتیار بێته‌ هه‌رێم، به‌ داهاتى گه‌شتوگوزار ده‌توانرێت مووچه‌ى چه‌ند وه‌زاره‌تێك بدرێت".


دواڕۆژ: ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار به‌گرنگى و سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ باس له‌ هاتنى ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ گه‌شتیار ده‌كات، هه‌موو ساڵێك بێ ئه‌وه‌ى پلانى گه‌شتیارى هه‌بێت، پێوه‌ره‌كان سه‌ركه‌وتنى گه‌شتوگوزار چین؟
یونس عه‌لى
: ئه‌وه‌ى له‌ كه‌رتى گه‌شتیارى رووده‌دات گه‌شه‌كردنێكى ئاساییه‌، رۆڵى حكومه‌تى تیادا نییه‌، گه‌شه‌یه‌ك هه‌یه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر لایه‌نى به‌رپرس هه‌بێت یان نا، ناكرێت ئه‌مه‌ بكرێت به‌ ده‌ستكه‌وت، هاتنى گه‌شتیار ئه‌وه‌نده‌ى په‌یوه‌ندى به‌ فاكته‌رى ده‌ره‌كییه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌ ناوخۆییه‌وه‌ نییه‌، بۆ نمونه‌ جه‌ژنه‌كان كه‌وتونه‌ته‌ دوو كاته‌وه‌ كه‌ پله‌ى گه‌رما به‌رزه‌ و خه‌ڵك حه‌ز ده‌كات جه‌وى خۆى بگۆڕێت، ئه‌وانه‌ى هاتوون بۆ كوردستان 80%ى خه‌ڵكى ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراقن، پله‌ى به‌رزى گه‌رما واى كردووه‌ بێن، بۆیه‌ ئێمه‌  فاكته‌رى ئیجابیمان نه‌بووه‌ تا رایانكێشین به‌لاى خۆماندا، جگه‌له‌وه‌ له‌ ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراق جێگیرى سیاسى و ئه‌منى له‌بار نییه‌ بۆیه‌ نزیكترین شوێن هه‌رێمى كوردستانه‌، پێویسته‌ بزانین ئه‌وانه‌ى دێن بۆ هه‌رێمى كوردستان چه‌ند رۆژ ده‌مێننه‌وه‌، گه‌شتوگوزار ده‌ڵێت گه‌شتیاران سێ شه‌و ماونه‌ته‌وه‌، له‌كاتێكدا به‌پێى ستانداردى وڵاتانى گه‌شتیارى نابێت له‌ هەشت شه‌و كه‌متر بێت.

دواڕۆژ: كه‌واته‌ زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى هاتونه‌ته‌ هه‌رێم گه‌شتیار نین؟
یونس عه‌لى
: كاتێك ده‌وترێت ساڵانه‌ سێ ملیۆن و 500 هه‌زار  گه‌شتیار هاتووەته‌ هه‌رێم ده‌قیق نییه‌، مه‌رج نییه‌ ئه‌وه‌ى دێت گه‌شتیار بن ره‌نگه‌ به‌شێكیان بۆ كاركردن بێن. به‌پێى یاساى عێراقى ساڵى 1983 ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌ به‌غداوه‌ هاته‌ سلێمانى له‌ هۆتێل نه‌مایه‌وه‌ پێى ناوترێت گه‌شتیار، چونكه‌ پاره‌ى خه‌رج نه‌كردووه‌، بۆیه‌ چى له‌ خه‌ڵكى زۆر بكه‌ین كه‌ پاره‌ خه‌رج نه‌كات؟ هاووڵاتییه‌كى ناوه‌ڕاست و خواروو پاره‌ له‌ هه‌ولێر و سلێمانى خه‌رج بكات گۆڕانكارییه‌كى زۆر روونادات هه‌ر بۆ عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، پێویستمان به‌ گه‌شتیارى بیانى و وڵاتانى دوورمه‌وداى وه‌ك ئه‌وروپا هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌مانه‌ ماوه‌یه‌كى زۆر ده‌مێننه‌وه‌ و پاره‌ى زیاتر خه‌رج ده‌كه‌ن، هاتنه‌ناوه‌وەى دراوى بیانی ئابوورى هه‌رێم به‌هێزده‌كات، به‌ڵام گه‌شتیارى توركى و ئێرانى كه‌ وڵاته‌كانیان له‌ قه‌یراندایه‌ سودى ئابوورى ئه‌وتۆ به‌ هه‌رێم ناگه‌یه‌نن، ئه‌و سێ ملیۆنه‌ى گه‌شتوگوزار باسى ده‌كات، ئایا چه‌ندى ژینگه‌كه‌ پیس ده‌كه‌ن یان عادات و ته‌قالید بڵاوده‌كاته‌وه‌، رێگەوبان تێكده‌دات؟

دواڕۆژ: پێتوایه‌ كه‌رتى تایبه‌ت و سروشتى شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان واى كردووه‌ گه‌شتیار روو له‌ كوردستان بكات؟
یونس عه‌لى
: ئه‌گه‌ر له‌ گه‌شتیاره‌كان بپرسیت بۆچى هاتی بۆ كوردستان زۆربه‌یان ده‌ڵێن، له‌به‌ر سروشتى شوێنه‌كه‌ بووه‌، نه‌ك هه‌رزانى و شوێنى مانه‌وه‌ى باش، ئایا چه‌ند له‌و گه‌شتیارانه‌ سه‌ردانى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كه‌ن و تاوانى كیمیاباران و چه‌ند شوێنێكى گه‌شتیارى ده‌بینن؟ یان چه‌ندیان ده‌چن بۆ ئه‌شكه‌وتى شانه‌ده‌ر، هۆتێل و مۆتێله‌كانمان روو له‌ زیادبوون ده‌كه‌ن، به‌ڵام ئایا حكومه‌ت چى كردووه‌ بۆیان؟

دواڕۆژ: گه‌وره‌ترین كێشه‌كانى گه‌شتیارى خراپى رێگەوبانى شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانه‌ له‌گه‌ڵ كه‌مى خزمه‌تگوزاری، تائێستا ئه‌م كێشانه‌ به‌رده‌وامن، پێتوایه‌ حكومه‌ت ته‌نیا ده‌یه‌وێت پاره‌ په‌یدا بكات؟
یونس عه‌لى
: هه‌ر شتێك ئاماده‌سازى و پلانى بۆ دانه‌نرێت سلبیاتى زیاتر ده‌بێت له‌ ئیجابیاتى، به‌پێى ئه‌و توێژینه‌وانه‌ى كردومانه‌ چه‌ند گه‌شتیار دێته‌ هه‌رێمى كوردستان دوو ئه‌وه‌نده‌ ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌، زۆربه‌ى كات له‌مه‌دا كورتهێنانمان هه‌یه‌، رۆیشتنمان زۆرتره‌ له‌ هاتن كه‌ له‌ زه‌ره‌رمانه‌، چونكه‌ ئه‌وانه‌ى ده‌ڕۆن چه‌ند هه‌زار دۆلارێك خه‌رج ده‌كه‌ن ئه‌وانه‌ى دێنه‌ ناوه‌وە زۆر له‌وه‌ كه‌متر خه‌رج ده‌كه‌ن، نه‌مانتوانیوه‌ هاوسه‌نگى رابگرین، به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانمان ئه‌و خزمه‌تگوزارییه‌ نییه‌ كه‌ له‌ توركیا و ئێران هه‌یه‌، جگه‌ له‌وه‌ خراپى هاتوچۆ و نه‌بوونى رێنیشانده‌ر، گه‌شتیار ده‌یه‌وێت تا ده‌گاته‌ شوێنى مه‌به‌ست كه‌مترین كاتى لێ بڕوات، لێره‌ چه‌ند كاتژمێرێكى كه‌م ده‌توانێت له‌ شوێنى گه‌شتیارى بمێنێته‌وه‌، به‌هۆى خراپى رێگه‌ و قه‌ره‌باڵغی و نه‌بوونى رێنیشانده‌ر، جگه‌له‌وه‌ به‌شێك له‌ گه‌شتیاران كه‌سانى به‌ته‌مه‌نن ده‌بێت شوێن و رێگه‌ى تایبه‌تى بۆ دابین بكرێت، نامه‌وێت كوردستان به‌راورد بكه‌م به‌ مالیزیا به‌ڵام مادام سروشته‌كه‌مان هه‌یه‌ ده‌توانین وه‌كو ئه‌وان بین، ئه‌مه‌ش به‌ پلان و خه‌رجكردنى پاره‌ ده‌كرێت.

دواڕۆژ: ئه‌وه‌ى ده‌بینرێت لەلایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ جیاوازى زۆر ده‌كرێت له‌ گرنگى پێدانى شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانى هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانى، ته‌نانه‌ت له‌ میدیاكانه‌وه‌ زۆر كه‌م شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانى سلێمانى ده‌رده‌خرێن، له‌م باره‌یه‌وه‌ چى ده‌ڵێیت؟
یونس عه‌لى:
وه‌ڵامى حكومه‌ت ئه‌وه‌یه‌ هه‌ولێر پایته‌خته‌، نابێت ئه‌م جیاوازییه‌ له‌سه‌ر حسابى شارێكى تر بێت، یان ده‌وترێت وه‌به‌رهێنه‌ر ئازاده‌ له‌ كوێ كار ده‌كات، وه‌ڵامێكى هه‌ڵه‌یه‌ ئه‌ى رۆڵى ده‌زگا به‌رپرسه‌كان چییه‌؟ ده‌بێت حكومه‌ت ئاراسته‌ى بكات، مادام سلێمانى پێویستیه‌تى پێویسته‌ زه‌وى به‌بێ به‌رامبه‌ر بۆ ته‌رخان بكات و لێخۆشبوونى باج بیگرێته‌وه‌، ئه‌و ژماره‌یه‌ى ده‌سته‌ى گه‌شتوگوزار له‌سه‌ر هاتنى گه‌شتیار ده‌یخاته‌ڕوو ورد نییه‌، چونكه‌ گه‌شتیارێك كه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر داخڵ ده‌بێت به‌ گه‌شتیار ده‌نووسرێت، هه‌مان كه‌س دێته‌ سلێمانى له‌ بازگه‌ ده‌نووسرێت گه‌شتیار یان كه‌ ده‌چێت بۆ ئه‌حمه‌د ئاوا دووباره‌ ده‌نووسرێته‌وه‌، بۆیه‌ راست نییه‌، ده‌بێت وه‌كو ئه‌كادیمییه‌ك واقیعه‌كه‌ چۆنه‌ وابوترێت كه‌ ده‌وترێت سێ ملیۆن گه‌شتیار هاتووه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ وه‌به‌رهێنه‌رى كه‌رتى تایبه‌ت بیر له‌ كردنه‌وه‌ى رێستۆرانت و هۆتێلى تر ده‌كاته‌وه‌، پاش خه‌رجكردنى پاره‌یه‌كى زۆر ده‌بینێت خواستى له‌سه‌ر نییه‌، ئه‌و ژماره‌یه‌ى باس كراوه‌ له‌ راستیدا نایبینێت، بۆیه‌ دایده‌خات و جۆرێك له‌ داكشان له‌ كه‌رتى گه‌شتیاریدا رووده‌دات، ده‌مه‌وێت ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م بۆ نمونه‌ له‌ سلێمانى كه‌ له‌ڕووى هۆتێل و خواردن و ریستۆرانته‌وه‌ له‌ پێش شاره‌كانى تره‌، پێویسته‌ ئه‌و خواردنه‌ى ئاماده‌ ده‌كرێت بۆ هاووڵاتی گشتى بێت، حكومه‌تیش زانیارى بدات له‌سه‌ر ژماره‌ى راسته‌قینه‌ى گه‌شتیار، هاوكات پۆلێنى بكات كه‌ زیاتر خه‌ڵكى كام وڵاتن بۆ ئه‌وه‌ى دیراسه‌ بكرێت له‌سه‌ر كلتورى ئه‌و وڵاته‌ى زۆرترینى هاووڵاتیه‌كانى دێنه‌ كوردستان، تا بزانرێت ئاره‌زووى چ جۆره‌ خواردنێك ده‌كه‌ن، له‌وه‌ش خراپتر لێره‌ كه‌ره‌سته‌ى توركى و ئێرانى ده‌فرۆشرێته‌وه‌، نه‌ك به‌رهه‌مه‌ كلتوری و كوردییه‌كان كه‌ لۆگۆیه‌كى كوردى یان ره‌سمى مۆنۆمێنتى هه‌ڵه‌بجه‌ى له‌سه‌ر بێت.

دواڕۆژ: به‌باشى مامه‌ڵه‌ نه‌كردن له‌گه‌ڵ گه‌شتیاردا ئایا به‌هۆى دانه‌مه‌زراندنى ده‌رچوانى ئه‌م به‌شه‌یه‌ له‌ شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كان؟
یونس عه‌لى:
  بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پڕۆژه‌یه‌كمان ئاڕاسته‌ى وه‌زاره‌تى گه‌شتوگوزار كرد، تا ده‌رچووانى گه‌شتوگوزار له‌ فڕۆكه‌خانه‌، وه‌ك پۆلیسى گه‌شتوگوزار یاخود له‌ نووسینگه‌ى بڕینى تكتى فڕۆكه‌ كاربكه‌ن، ئه‌وه‌ى جێى دڵخۆشى و سوپاسه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایەتى پۆلیسى سلێمانى داوایان لێكردم كه‌ وانه‌یان پێ بڵێمه‌وه‌ له‌سه‌ر چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردنى پۆلیس له‌گه‌ڵ گه‌شتیاردا، گه‌شتیارێك دێته‌ سلێمانى چۆن رێنوینى ده‌كرێت و ده‌پارێزرێت، له‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌ و دین و شوێنێك بێت ده‌بێت رێزى لێ بگیرێت، به‌و پێیه‌ى كه‌سێكى هه‌ستیاره‌، پێش ئه‌وه‌ى بێته‌ هه‌رێمى كوردستان، توركیا و ئێرانى له‌به‌ر ده‌سته‌، بۆیه‌ گرنگ نییه‌ سێ ملیۆن گه‌شتیار دێت یان نا، به‌ڵكو  چه‌ندیان دووباره‌ هاتونه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر دووه‌م جاری بێت ماناى وایه‌ خزمه‌تگوزاریى باشى پێشكه‌ش كراوه‌، ده‌بێت لێى بپرسرێت ئایا جارى داهاتوو دێته‌وه‌؟

دواڕۆژ: رۆڵى كه‌رتى گه‌شتوگوزار له‌ زیادكردنى داهات و بودجه‌ى هه‌رێمدا چییه‌؟
یونس عه‌لى
:   هه‌ر وڵاتێك 10%ى بودجه‌ى ساڵانه‌ى بۆ گه‌شتوگوزار ته‌رخان بکات و داهاتى نه‌ته‌وه‌یى له‌م كه‌رته‌وه‌ به‌ده‌ست بهێنێت پێى ده‌وترێت  گه‌شتیارى، ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت به‌و داهاته‌ ده‌توانرێت مووچه‌ى وه‌زاره‌تى گه‌شتوگوزار و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان بدرێت و قورسایى سه‌ر شانى حكومه‌ت كه‌مبكرێته‌وه‌ ده‌بێت ته‌نیا گرنگى نه‌درێت به‌ نه‌وت، به‌ڵكو كشتوكاڵ و پیشه‌سازى و گشتیارى ئه‌وله‌ویه‌ت بن، وڵات هه‌یه‌ 80%ى داهاتى نه‌ته‌وه‌یى له‌ گه‌شتوگوزاره‌وه‌یه‌، بۆیه‌ ده‌كرێت گرنگى به‌ كه‌رتى گه‌شتیارى بدرێت ئه‌وه‌نده‌ داهاته‌كه‌ى زیاد بكرێت مووچه‌ى چه‌ند وه‌زاره‌تێك دابین بکات، ئه‌گه‌ر ئه‌و سێ ملیۆن و 500 هه‌زار كه‌سه‌ى باس ده‌كرێت هەشت شه‌و بمێننه‌وه‌ و هه‌ریه‌كه‌یان 600 دۆلار خه‌رج ده‌كات، كۆى داهاته‌كه‌ ده‌گاته‌ دوو ملیار و 100 ملیۆن دۆلار كه‌ به‌شێكى زۆرى بۆ حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌توانرێت مووچه‌ى چه‌ند وه‌زاره‌تێكى پێ دابین بكرێت، به‌ڵام نابێت گه‌شتوگوزار ببه‌ستینه‌وه‌ به‌ جه‌ژنه‌وه‌، به‌ڵكو به‌رده‌وام و چوار وه‌رزه‌ بێت.

پ: ن.ر

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure