ئاگر بەردەدرێتە شاخێكی سنوری سلێمانی

هەواڵ / کوردستان :: 16/08/2019‌ :: 878‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

ئێوارەی ئەمڕۆ هه‌ینى 15ى ئاب، لەلایەن چەند كەسێكەوە ئاگر بەردراوەتە شاخی دەرگەزێن لە ناحیەی بازیان لە سنوری شاری سلێمانی و چەندین دۆنمی سووتاون.

رێبوار ئەحمەد، سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند: "ساڵانە لەلایەن هاووڵاتیانەوە ئاگر بەردەدرێتە ئەو شاخە لەبەر دوو هۆكار، یەكێكیان ئەو كەسانەن كه‌ له‌رووى ده‌رونییه‌وه‌ نه‌خۆشن و چێژ لەو حاڵەتە دەبینن، دووەمیش ئه‌وانه‌ن كه‌ دوای سووتاندن دارەكان دەبڕنەوە و دەیفرۆشنەوە". 

وتیشى: "ئەو شاخە زیاتر لە دوو هەزار دۆنمە و بورجی كۆمپانیاكانی ئاسیاسێڵ و كۆڕەك و ئامێری پەخشكردنی تەلەفزیۆنە ناوخۆییەكانی لێیە، بۆیە ئەو كاتەی ئاگری تێبەر دەدرێت  تا كۆنتڕۆڵكردنی، زیاتر لە هەزار دۆنمی دەسووتێت".

رێبوار ئەحمەد، بە ئاماژەدان بەوەی ئەو شاخە شوێنێكی زۆر فێنكە و خەڵك بۆ گەشتیاری رووی تێدەكەن، ئاشكرایكرد: "پۆلیسی دارستان و ئیدارەی سنورەكەی ئاگادار كردۆتەوە بۆ ئەوەی ئەو كەسانە بدۆزرێنەوە و بدرێنە دادگا".

ب: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure