فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی داوایەك لە كەسوكاری حاجییان دەكات

هەواڵ / کوردستانی :: 16/08/2019‌ :: 648‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی داوا لە كەسوكاری حاجییان دەكات لەكاتی گەڕانەوەی حاجییان بۆ فڕۆكەخانەكەیان بەمەبەستی پێشوازیكردنیان سەردانی فڕۆكەخانە نەكەن و نەبنە هۆكاری گرفتی هاتووچۆ، بەڵكو كارمەندان بەباشترین شێوە خزمەتی حاجییان دەكەن تا بگەڕێنەوە نێو كەسوكاریان.

دانا محەمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئەمڕۆ هه‌ینى 16ی ئاب، بە دواڕۆژی راگەیاند: "سەرلەبەیانی سبەی یەكەم كاروانی حاجییان دەگەنەوە فڕۆكەخانەكەیان، داوا لەهاووڵاتیان و كەسوكاری حاجییان دەكەن بەمەبەستی پێشوازیكردن لە حاجیان سەردانی فڕۆكەخانە نەكەن و نەبنە هۆكار بۆ دروستبوونی گرفتی هاتووچۆی گەشتیاران و هاووڵاتیانی دیكە بەهۆی قەرەباڵغی دروستكردن لەسەر بازگە و شەقامەكانی فڕۆكەخانە و تاسڵوجە-سلێمانی". 

وتیشى: "كارمەندانی فڕۆكەخانە بە باشترین خزمەتكردن و لە كەمترین كاتدا كاروبارەكانی حاجیان لەناو فڕۆكەخانە رادەپەڕێنن بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ناو كەسوكاریان".

پێشتر نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: "سبەی 17ی ئاب، كاتژمێر 5ی بەیانی یەكەمین كاروانی حاجیانی كوردستان لەسعودیەوە بەڕێدەكەون 8ی بەیانی دەگەنەوە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی كە 417 حاجین".

ناوبراو روونیكردەوە: "كاتژمێر 4ی پاشنیوەڕۆ دووەم كاروانی گەڕانەوەی حاجییان لەسعودیەوە بەڕێدەكەون، كاتژمێر 6.30ی خولەكی ئێوارە دەگەنەوە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر كە بەهەمانشێوە 417 حاجین، ئەوەش ئەگەر هیچ كێشەیەك لە گەشتەكانی هێڵی ئاسمانی عێراقی روونەدات". 

پ: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە