"حكومه‌تى هه‌رێم مووچه‌ى هه‌زاران فەرمانبەر ده‌بڕێت"

هەواڵ / ئابوری :: 16/08/2019‌ :: 12637‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی سەنگین خۆشناو

لە کابینەی پێشوو، حکومەت کاری لەسەر ژمارەی فەرمانبەران و نەهێشتنی دوو مووچە کرد، بەمەبەستی نەهێشتنی فەرمانبەری بندیوار، بەڵام هێشتا قسه‌ى زۆر له‌باره‌ى بوونى فه‌رمانبه‌رى بندیوار ده‌كرێت.


بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 500 هەزار کەس وەکو فەرمانبەر مووچەیان لە حکومەت وەرگرتووە، بەڵام تاوەکو ئێستا 840 هەزار کەس سیستمی بایۆمەتریان کردووە و دەرکەوتووە تەنیا یەک مووچە وەردەگرن.

حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان پلانی سەرەکی چاکسازییە و وەکو وتەبێژی حکومەت دەڵێت: "به‌ته‌واوى ئه‌و بابه‌ته‌ یه‌كلادەکەینەوە و شتێك به‌ناوى فه‌رمانبه‌رى بندیوار نامێنیت".

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "دوای پێداچوونەوە بە میلاکی فەرمانبەران پرۆژە یاسایەک لای ئێمەیە و کارمان لەسەری کردووە و تەواوبووە دەینێرینەوە بۆ پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی".

دەشڵێت: "پرۆژەکە بۆ نەهێشتنی فه‌رمانبه‌رى بندیوارە ئه‌وانه‌ی كه‌ مووچه‌ى مانگانه‌ له‌ حكومه‌ت وه‌رده‌گرن و هیچ ده‌وامێكى فه‌رمى ناكه‌ن یان وه‌ك پاسه‌وان له‌لایه‌ن به‌رپرسان دامه‌زراون و ده‌وامیان پێ ناكرێت".

لەسەرەتای دروستبوونی حکومەتەوە، لەلایەن حیزبەکانەوە ژمارەیەکی ئێجگار زۆر خەڵک وەکو فەرمانبەر دامەزراون و مووچەیان پێدەدرێت، بەڵام دەوام ناکەن بگرە کەسانێک هەن لە کوردستان ناژین و لەدەرەوەی وڵاتن.

هیڤیدار ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەیەکی ئامادەکردووە بۆ بنبڕکردنی فەرمانبەرانی بندیوار و نەهێشتنی دوو مووچە و زیاتر".

وتیشی: "له‌چوارچێوه‌ى پرۆژه‌ى چاكسازى حکومەت و دوای بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگ لە پەرلەمانی کوردستان ئەوا هیچ کەسێک سودمەند نابێت لە داهاتی حکومەت ئەگەر دەوام نەکات".

هێڤیدار ئاماژەی بەوەشدا: "ژمارەیەکی دیاریکراو نییە کە ئایا چەند کەس بەخۆڕایی و بێ دەوامکردن مووچە وەردەگرن، بەڵام لە پرۆسەی بایۆمەتری دەرکەوتووە کە کەسێک چوار مووچە وەردەگرێت بەجۆرێک مووچەی وارسی شەهیدان و کەمئەندامی و مووچەی دیکەش کە بەپێی ئەو پرۆژەیەی حکومەت تەنیا دەبێ یەک مووچە وەربگرێت".

پێش دەستپێکردنی بایۆمەتری ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 500 هەزار فەرمانبەر بوون، هەرچەندە هێشتا بایۆمەتری تەواو نەبووە، بەڵام تا ئێستا 840 هەزار فەرمانبەر بایۆمەتری کردووە و ناوی تۆمارکراوە.

پەریخان نوری، بەڕێوەبەری گشتی بودجە لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم بەدواڕۆژی راگەیاند: "هەرچەندە تا ئێستا 840 هەزار کەس یاخود مووچەخۆر بایۆمەتری کردووە بەڵام ژمارەی فەرمانبەران لە 621 زیاتر نییە".

دەشڵێت: "راستە ئێستاش دوو مووچە و زیاتر هەیە، بەڵام یاساییە چونکە وارسی شەهید مووچە خۆی هەیە و هی شەهیدانەش وەردەگرێت، یاخود زیندانی سیاسی یان کەسوکاری ئەنفال کە هەیە 3 کەسی ئەنفاله بۆی هەیە مووچەی خۆی و دوو مووچەش وەربگرێت".

دوای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری چاکسازی لە مووچەی فەرمانبەران دەرکرد و دەستکرا بە سیستمی بایۆمەتری فەرانبەران و تا ئێستاش کۆتایی نەهاتووە.

پ: ن.ر
ب: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure