بۆ یه‌كه‌مجار ژووری بازرگانی ئه‌وروپا - كوردستان ده‌كرێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 16/08/2019‌ :: 261‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

بۆ یه‌كه‌مجار ژوورى بارزگانى له‌نێوان ئه‌وروپا و هه‌رێمى كوردستان ده‌كرێته‌وه‌و سه‌رۆكى یه‌كێتى ژووره‌ بازرگانى و پیشه‌سازییه‌كانى هه‌رێمیش ده‌ڵێت: "جوڵه‌یه‌كى به‌هێزى ئابوورى له‌ هه‌رێم ده‌ستپێكردووه‌".

دواى وه‌رگرتنى مۆڵه‌تى ره‌سمى له‌لایه‌ن حكومه‌تى سویسراوه‌، ژوورى بارزگانى و پیشه‌سازى نێوان ئه‌وروپا و هه‌رێمى كوردستان دامه‌زراوه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، مۆڵه‌ت كردنه‌وه‌ى ژووره‌كه‌ له‌سه‌ر داواى بازرگانانى هه‌رێم و وڵاتى سویسرا بووه‌و بڕیاره‌ له‌ماوه‌یه‌كى نزیكدا نووسینگەى ژووره‌كه‌ له‌ پارێزگاكانى لە هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە.

تاڵیب ئوسێ، جێگرى سه‌رۆكى ژوورى بازرگانى ئه‌وروپا_كوردستان به‌ ماڵپه‌ڕى پارتى راگه‌یاندووه‌: دەمانەوێت کاری هاوبەش لە نێوان سەرمایەدارانی ئەورووپا و هەرێمی کوردستاندا هەبێت، بۆ ئەوەی کوردستان لە هەموو ڕووێکەوە پێشبکەوێت و لە چەندین سێکتەری جوودادا پڕۆژە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەین.

هاوكات دارا جه‌لیل خه‌یات، سه‌رۆكی یه‌كێتی ژووره‌ بازرگانی و پیشه‌سازییه‌كانی هه‌رێم به‌ دواڕۆژى وت: "هه‌وڵ ده‌ده‌ن په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌وروپا، په‌یوه‌ندیی ئابووری و بازرگانییه‌و گرنگه‌ هه‌رێم به‌رده‌وامبێت و كارى جددى بكات بۆ فراوانكردنى په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كانى".

دارا جه‌لیل خه‌یات، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: ژماره‌یه‌كى زۆرى كۆمپانیاى بیانى له‌ هه‌رێمى كوردستان سه‌رمایه‌گوزارى ده‌كه‌ن، به‌مه‌ش دواى باشبوونى قه‌یرانى دارایى، له‌ئێستادا جوڵه‌یه‌كى به‌هێزى بازرگانى له‌هه‌رێم هه‌یه‌.

به‌پێى ئه‌و مه‌رجانه‌ى بۆ ژوورى بازرگانى ئه‌وروپا و هه‌رێم دانراوه‌، ئه‌ندامى ژووره‌ بازرگانی و پیشه‌سازییه‌كانى هه‌رێم ده‌بنه‌ ئه‌ندامى ژووره‌ نوێییه‌كه‌و ده‌شتوانن كار له‌ وڵاتانى ئه‌وروپاوه‌ بكه‌ن.

دواڕۆژ داواى لێبوردن له‌ عه‌بدولواحید ته‌ها، به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى ژوورى بازرگانى و پیشه‌سازى هه‌ولێر ده‌كات كه‌ به‌ هه‌ڵه‌ لێدوانێكیان له‌باره‌ى كردنه‌وه‌ى ژووره‌كه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌.

 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

پ: ن.ر

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure