چوار ڕۆژە پۆلیسێكی هاتووچۆ بێسەروشوێنە

هەواڵ / کوردستانی :: 15/08/2019‌ :: 1435‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حەمەد رابی 

ماوەی چوار ڕۆژە پۆلیسێكی هاتووچۆ لەسنوری ناحیەی قەسرێی قەزای چۆمان لەماڵ چووەتە دەرەوەو نەگەڕاوەتەوەو بێسەروشوێنە، پۆلیسیش دەڵێت: "بەردەوامین لە بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەو دیاریكردنی چارەنووسی ئەو كارمەندەی هاتووچۆ". 


سەیدا ساڵح برای ئەو پۆلیسە بێسەروشوێنە بەدواڕۆژی وت: "ماوەی چوار ڕۆژە برایەكەم كە كارمەندی هاتووچۆیە لە قەسرێ، لەماڵ چووەتە دەرەوەو هیچ هەواڵ و دەنگوباسێكی نازانین و گومناوە". 

ئاماژەی بەوەشدا: براكەم هیچ نەخۆشییەكی دەروونی و كێشەی تەندروستی و كۆمەڵایەتی نەبووە، بۆ دیاركردنی چارەنووسی براكەم پەیوەندیمان بە پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی ناوچەكەشەوە كردووە. 

ڕونیشیكردەوە: ئەو برایەی ناوی خدر ساڵح-ە، خێزاندارەو خاوەنی دوو منداڵەو تەمەنی 30 ساڵە.

داواش لەهاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەكان دەكات هەر سەرەداوێكیان لەبارەی چارەنووسی براكەیەوە دەستكەوت، پەیوەندی بەم ژمارە تەلەفۆنانەی خوارەوە بكرێت 07504039625- 07504652074- 07507634383.

لەوبارەیەوە موقەدەم شەماڵ دێوالی وتەبێژی پۆلیسی سۆران بەدواڕۆژی وت: "هێزەكانی پۆلیس بەدواداچوون بۆ دیاریكردنی چارەنووسی ئەو هاووڵاتییە دەكەن و هەر سەرەداوێكیان لەبارەی چارەنووسی دەستبكەوێت بەكەسوكارەكەی ڕادەگەیەنن". 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure