هه‌وڵه‌كان بۆ دانانى پارێزگارى كه‌ركوك به‌ سستى به‌ڕێوه‌ده‌چن

هەواڵ / کوردستان :: 15/08/2019‌ :: 268‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

هه‌رچه‌نده‌ به‌پێى رێككه‌وتنى نێوان پارتى و یه‌كێتی بڕیاربوو پارێزگارێكى كورد له‌ماوه‌ى 45 رۆژدا بۆ شارى كه‌ركوك دابنرێت، به‌ڵام به‌هۆى نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنى پارتى و یه‌كێتى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى كه‌ركوك و به‌غدا تاوه‌كو ئێستا هه‌نگاوه‌كان به‌سستى به‌ڕێوه‌ده‌چن.


پارتى و یه‌كێتى له‌ رۆژی 6ى ته‌مموزى 2019، رێككه‌وتنێكى شه‌ش خاڵییان له‌ لایه‌ن هه‌ریه‌ك  لە حاكم قادر له‌ یه‌كێتی و مەحمود محەمەد له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان واژۆ كرد. 

به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه‌ هه‌ردوولا رازیبوون له‌سه‌ر كاندیدى لیستى برایه‌تى كه‌ ته‌یب جەبار-ه‌ له‌ماوه‌ى 45 رۆژدا له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونى سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى پارێزگارى كه‌ركوكه‌وه‌ هه‌ڵبژێردرێت.

هه‌رچه‌نده‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ى پارتى و یه‌كێتى به‌رده‌وامن له‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان و حكومه‌تى عێراقى بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركوك و هه‌فته‌ى رابردووش پارتى و یه‌كێتیى له‌ شارى هه‌ولێر له‌گه‌ڵ لیستى برایه‌تى كه‌ركوك كۆبوونه‌وه‌، به‌ڵام گفتوگۆكان تایبه‌ت به‌دانانی پارێزگاری نوێی كه‌ركوك راگیراوه‌ و یه‌كێتیش چاوه‌ڕێ ده‌كات دوواى جه‌ژن كۆبوونه‌وه‌كان ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌.

دواڕۆژ زانیویه‌تى پارتى و یه‌كێتى به‌هۆكارى كاردانه‌وه‌ى پێكهاته‌كان  نایانه‌وێ كه‌ گفتوگۆكان‌ و هه‌نگاوه‌كانى كاندیدكردنى ته‌یب جه‌بار بۆ پۆستی پارێزگار به‌ خراپى به‌رێوه‌ بچێت و  ناڕه‌زایی گه‌وره‌ی لاى پێكهاته‌كانی ترى كه‌ركوك دروست بكات، حكومه‌تى عێراقیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى دۆسیه‌كه‌ دووابخرێت.

دواڕۆژ زانیویه‌تى یه‌كێتی ده‌یه‌وێت دانیشتنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بكرێت و به‌  زۆرینه‌ی كورد له‌ناو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ کە هه‌یه‌تی پۆستی پارێزگار یه‌كلابكرێته‌وه‌، به‌ڵام پارتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كان بكرێت.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان عه‌ره‌به‌كانى پارێزگاى كه‌ركوك له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن تا كاتی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان له‌ساڵى داهاتوو پارێزگارى ئێستا له‌پۆستى پارێزگارى كه‌ركوك بمێنێته‌وه‌.

ئاسۆ مامه‌ند، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتی له‌وباره‌یه‌وه‌ بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ده‌خاته‌ڕوو: هیوادارن رێكکه‌وتنه‌كه‌ بچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، چونکە له‌ كه‌ركوك له‌ به‌رده‌م هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق و پڕۆسه‌ی سه‌رژمێریی گشتیی دانیشتوانداین، بڕیاره‌ هه‌ردوو پڕۆسه‌كه‌ له‌ ساڵی 2020دا به‌ڕێوه‌بچن، بۆیه‌ به‌پێویستی ده‌زانین پارێزگاری نوێی كه‌ركوك به‌زویی ده‌ستبه‌كار بێت.

بەختیار شاوەیس، ئەندام پەرلەمانی عێراق، له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا، شاندێکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و هه‌ردوولا گفتوگۆ له‌ سه‌ر چه‌ند دۆسیەیه‌كی په‌یوه‌ندیدار و چاره‌سه‌رنه‌كراو ده‌كه‌ن و یه‌كێك له‌وانه‌ش دۆسیه‌ى كه‌ركوكه‌ لەبەرئەوەی بڕیارە سەرژمێری بکرێت، دەبێت لە ئێستاوە دەست بە جێبەجێکردنی ماددەی 140 بکرێت".

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure