%80ی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی هه‌ولێر كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ڤه‌ری سۆرانه‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 14/08/2019‌ :: 211‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 

%80ی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ڤه‌ری سۆرانه‌وه‌، كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ كه‌ چواره‌م ڕۆژی پشووی جه‌ژنی قوربانه‌، پڕ ببوون له‌ گه‌شتیار. 


بارزان محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران به‌دواڕۆژی وت: "ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ كه‌ چواره‌م رۆژی جه‌ژنی قوربانه‌، سه‌رجه‌م ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی سنووری هه‌ر چوار قه‌زاكه‌ی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ (سۆران، چۆمان، رواندز و مێرگه‌سۆر) جمه‌یان دێت له‌ گه‌شتیارو ته‌واوی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی سنووره‌كه‌ پڕبوونه‌ له‌گه‌شتیار". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ هێشتا ئاماری هه‌رچوار رۆژه‌كه‌مان كۆنه‌كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام پێشبینی ده‌كه‌ین زیاتر له‌ په‌نجا هه‌زار گه‌شتیار هاتبێتنه‌ ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌. 

به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران باسی له‌وه‌شكرد كه‌: زۆرینه‌ی ئوتێل و موتێل و هاوینه‌هه‌وارو ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران پڕبوونه‌و جێگه‌ نه‌ماوه‌ گه‌شتیار تیایدا بمێنێته‌وه‌. 

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌: هاتنی ئه‌و هه‌موو گه‌شتیاره‌ زۆره‌ كاریگه‌ری زۆری هه‌بووه‌ له‌سه‌ر بوژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی گه‌شتوگوزارو به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك كاریان بۆ په‌یدا بووه‌و جموجوڵێكی باشی گه‌شتیاری دروستبووه‌. 

%80ی ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ڤه‌ری سۆرانه‌وه‌، ناوچه‌كه‌ خاوه‌نی چه‌ندین هاوینه‌هه‌وارو ناوچه‌ی گه‌شتیاری كه‌رتی تایبه‌ت و گشتییه‌. 

هاوینه‌هه‌واره‌كانی (بێخاڵ، جوندیان، گه‌لی عه‌لی به‌گ، كانی ماران، گه‌لی سه‌كران، گه‌لی فه‌قیان، پڕژێ و مه‌كێ) كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ڤه‌ری سۆران و به‌وهۆیه‌وه‌ش ساڵانه‌ به‌تایبه‌تی له‌وه‌رزی به‌هارو هاوین و پشووه‌كان هه‌زران گه‌شتیار له‌ باشوورو ناوه‌راستی عێراق، ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن. 

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure