دوای زیاتر لە 6 ساڵ وه‌زاره‌تى دارایى پڕۆژەیاسای بودجەی دەبێت

هەواڵ / ئابوری :: 14/08/2019‌ :: 12404‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتى عیسا عه‌بدولقه‌هار

دواى زیاتر له‌ شه‌ش ساڵ، حكومه‌تى هه‌رێم بودجه‌ى ده‌بێت و به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى هه‌رێم ده‌ڵێت: "ئه‌و سێكته‌رانه‌ ده‌ستنیشاننه‌كراون كه‌ حكومه‌ت ده‌یكاته‌ ئه‌وله‌ویه‌تى كاركردنى خۆى".


لە دوای ساڵى 2013ه‌وه‌، حكومه‌تى هه‌رێم به‌ بیانووى شه‌ڕى داعش و ناكۆكى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و قه‌یرانى دارایى پڕۆژه‌ى یاساى بودجه‌ى گشتى هه‌رێمى نه‌بووه‌، به‌ڵكو ساڵانه‌ به‌یاننامه‌ى دارایى بۆ په‌رله‌مان ناردووه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و به‌یاننامه‌ داراییانه‌ش له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ "ره‌خنه‌"ى لێگیراوه‌، به‌وپێیه‌ى "سه‌رجه‌م داهات و خه‌رجییه‌كانى تێدا نه‌خراوه‌ته‌ڕوو".

شێركۆ جه‌وده‌ت، سه‌رۆكى پێشووى لێژنه‌ى پیشه‌سازى و وزه‌ و ئه‌ندامى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئاماده‌نه‌كردن و نه‌ناردنى بودجه‌ى له‌ پێنج ساڵى رابوردوودا، كاره‌ساته‌و هیچ بیانووێكیش نه‌بووه‌ كه‌ به‌هۆى شه‌ڕى داعش و قه‌یرانى داراییه‌وه‌، بودجه‌ ئاماده‌نه‌كرابێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر یه‌ك دۆلاریش داهات هه‌بێت، ده‌بێت به‌ یاساى بودجه‌ خه‌رج بكرێت، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونى بودجه‌ په‌ره‌ده‌پۆشى ئه‌و گه‌نده‌ڵیانه‌ كراوه‌ كه‌ له‌ماوه‌ى ساڵانى رابوردوو كراوه‌.

وتیشى: "ئه‌و به‌یاننامه‌ داراییانه‌ى كه‌ به‌و دواییانه‌ وه‌زاره‌تى دارایى بۆ په‌رله‌مانى ناردووه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌ بڕواپێكه‌ر نه‌بووه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ كۆى گشتى سه‌رچاوه‌كانى داهاتى هه‌رێمى تێدانه‌بووه‌".

له‌ئێستادا وه‌زیرى دارایى و ئابووى داواى له‌ به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى بودجه‌و به‌رپرسانى دیكه‌ى وه‌زاره‌ته‌كه‌ى كردووه‌ تیمێك دروستبكه‌ن و كاربكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بودجه‌ى ساڵى 2020ى هه‌رێم دابڕێژنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌پێى داهاتى ناوخۆو فرۆشى نه‌وت و شایسته‌ داراییه‌كانى هه‌رێم له‌ بودجه‌ى گشتى عێراق بۆ ساڵى 2020.

له‌وباره‌یه‌وه‌ پەروین محەمەد، بەڕێوەبەری گشتى بودجە لە وەزارەتی دارایی و ئابوورى هه‌رێم زانیاریه‌كانى دواڕۆژى پشتڕاستكرده‌وه‌و راگه‌یاند: یه‌كێك له‌ كاره‌ گرنگه‌كانى وه‌زاره‌تى دارایى بۆ ساڵى 2020 بودجه‌ ده‌بێت، ئه‌و كاره‌ش له‌لایه‌ن وه‌زیرى نوێ جه‌ختى له‌سه‌ركراوه‌ته‌وه‌.

په‌روین محه‌مه‌د، رونیشكرده‌وه‌: وه‌زیرى دارایى داوایكردووه‌ به‌شێوه‌ی تیم كاربكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى پلانى ئاماده‌كردنى بودجه‌ى هه‌رێم دابڕێژین كه‌ دیاره‌ ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماى داهاتى هه‌رێم ده‌بێت.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى دارایى، راشیگه‌یاند: بۆ ئاماده‌كردنى بودجه‌كه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كۆببنه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى بزانن، حكومه‌ت ئه‌وله‌ویه‌تى كاركردنى چ سێكته‌رێك ده‌بێت؟ گرنگى زیاتر له‌ چ سێكته‌رێك ده‌درێت؟، چونكه‌ زه‌حمه‌ته‌ داهاتى هه‌رێم به‌شى هه‌موو سێكته‌ره‌كان بكات.

له‌كۆتایى ساڵى 2018، وه‌زاره‌تى دارایى لێژنه‌یه‌كى 12 كه‌سى له‌ نوێنه‌رانى وه‌زاره‌ته‌كانى هه‌رێم پێكهێنا، بۆ ئه‌وه‌ى بودجه‌ى گشتى هه‌رێم بۆ ساڵى 2019 ئاماده‌ بكه‌ن و چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كان كرا، به‌ڵام به‌هۆى دواكه‌وتنى رێككه‌وتنى نێوان هه‌رێم و به‌غداو پێكهێنانى كابینه‌ى نۆیه‌مى هه‌رێم، كاره‌كان راگیرا.

محه‌مه‌د سه‌عده‌دین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: حكومه‌تى هه‌رێم پڕِۆژەیاسای بودجەی گشتی بۆ ساڵی داهاتوو ئامادە بكات، بەڵام چاوەڕێی ئه‌وه‌ ده‌كات تاوه‌كوو پشكی هەرێم له‌ بودجەی گشتی عێراقدا یەكلابكرێته‌وه‌، دواتر شایسته‌ داراییه‌كانى هەرێم لە بەغدا و لەگەڵ داهاتی ناوخۆ كۆدەكاتەوەو لەسەر ئەو بنەمایە بودجەی گشتی هەرێم ئامادەدەكرێت.

وتیشى: "جگه‌ له‌و سێكته‌رانه‌ى كه‌ له‌ بودجه‌ى گشتى هه‌رێم گرنگیان پێده‌درێت، كار بۆ دابینكردنى مووچەی ساڵی داهاتووى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ى له‌كاتی خۆیدا دابه‌شبكرێت".

ئاماده‌كارییه‌كانى هه‌رێم بۆ پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى گشتى، له‌كاتێكدای كه‌ ماوه‌ى زیاتر له‌ چوار مانگه‌ حكومه‌تى عێراق لێژنه‌یه‌كى بۆ ئاماده‌كردنى بودجه‌ى گشتى پێكهێناوه‌ كه‌ سێ له‌ ئه‌ندامانى لێژنه‌كه‌، په‌رله‌مانتارن.

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانی عێراق بە دواڕۆژی راگەیاند: له‌ سه‌ره‌تاى مانگى ئایارى ئه‌مساڵه‌وه‌ حكومه‌تى عێراق كار بۆ ئاماده‌كردنى بودجه‌ ده‌كات، بۆ ئه‌مه‌ش لێژنه‌یه‌كى باڵاى پێكهێناوه‌ كه‌ سێ ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراقى تێدایه‌، لێژنه‌كه‌ چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ى كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ره‌تاى ساڵى نوێ بودجه‌ بگاته‌ په‌رله‌مان و ده‌نگى له‌سه‌ر بدرێت.

وتیشى: "بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رێم تووشى گرفت نه‌بێت، پێویسته‌ هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر شایسته‌ داراییه‌كانى هه‌رێم رێكبكه‌ون و مافى هه‌رێم له‌ بودجه‌ى گشتى زامن بكرێت".

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure