هەڵۆیەکى ده‌گمه‌نى گۆشتخۆر روو له‌ كوردستان ده‌كات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 14/08/2019‌ :: 1643‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادى

به‌هۆى گۆڕانكارییه‌ ژینگه‌ییه‌كانه‌وه‌، هه‌ڵۆ و بازه‌كانى وڵاتانى عه‌ره‌بى و ئێران كۆچ ده‌كه‌ن بۆ هه‌رێمى كوردستان كه‌ بازى گۆشتخۆرن و تواناى راوكردنى گیانه‌وه‌ره‌ گه‌وره‌كانیان هه‌یه‌، بازه‌كانیش له‌ ئێستادا بوونه‌ته‌ نێچیرى راوكه‌ره‌كان و بازرگانیان پێوه‌ ده‌كرێت.


یه‌كێك له‌ فرۆشیارانى باڵنده‌ جۆراوجۆره‌كان له‌ ژێر پرده‌كه‌ى ناوبازاڕی سلێمانى كه‌ ماوه‌ى چه‌ندین ساڵه‌ بووه‌ته‌ شوێنى كڕین و فرۆشتنى باڵنده‌ و په‌له‌وه‌رى جۆراوجۆر، باسى له‌وه‌كرد، ماوه‌یه‌كه‌ بازه‌ گۆشت خۆرو ده‌گمه‌نه‌كان روویان له‌ ناوچه‌كانى كوردستان و به‌تایبه‌ت ده‌وروبه‌رى سلێمانى كردووه‌، زۆربه‌یان له‌ وڵاتانى عه‌ره‌بى به‌تایبه‌ت ئیمارات و سعودیه‌وه‌ كۆچ ده‌كه‌ن بۆ ناوچه‌ سه‌خت و چیاكانى هه‌رێمى كوردستان، جگه‌ له‌وه‌ هه‌ڵۆكانیش له‌ ئێرانه‌وه‌ كۆچ ده‌كه‌ن بۆ ئێره‌.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌ فرۆشیارانى باز ده‌ستمان كه‌وتووه‌، ماوه‌یه‌كه‌ جۆره‌ بازێكى ده‌گمه‌نى گۆشتخۆر كۆچى كردووه‌ بۆ ناوچه‌كانى كوردستان، به‌تایبه‌ت چیاكانى قه‌ندیل و ناوچه‌ى شارباژێر كه‌ تواناى راوكردنى گورگ و ئاسكى هه‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ رێژه‌ى ئه‌م بازانه‌ كه‌من، به‌ڵام به‌ نرخێكى خه‌یاڵى بازرگانى پێوه‌ ده‌كرێت.

راوكردنى ئه‌و ماسییه‌ ده‌ریاییانه‌ى كه‌ مروارى له‌ناو سكیدایه‌ له‌لایه‌ن ئه‌م بازه‌وه‌، بووه‌ته‌هۆى ئه‌وه‌ى بازرگانى پێوه‌كردنى گه‌رم بێت و نرخى یه‌ك باز بگاته‌ نزیكه‌ى یه‌ك ده‌فته‌ر دۆلار، به‌ڵام به‌ وته‌ى فرۆشیارانى كه‌متر له‌ بازاڕدا ده‌مێنێته‌وه‌ و له‌لایه‌ن كه‌سانى پاره‌دار و به‌رپرسانه‌وه‌ ده‌كڕدرێت، هه‌روه‌ها ده‌نێردرێت بۆ وڵاتانى عه‌ره‌بى به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌وێ خواستى زیاترى له‌سه‌ره‌و بڕى ئه‌و پاره‌یه‌ى پێیده‌درێت زۆر له‌و بڕه‌ زیاتره‌ كه‌ له‌ كوردستان پێیده‌درێت.

عه‌میدى پۆلیس هێمن كه‌مه‌رخان به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى پارێزگاى سلێمانى به‌ دواڕۆژى وت: "راوكردنى ئاژه‌ڵ و هه‌موو جۆره‌ باڵنده‌یه‌ك قه‌ده‌غه‌یه‌، باز هه‌یه‌ له‌ سنوورى ئێمه‌دا بزن و كارى كێوى راو ده‌كات، هه‌بووه‌ له‌سه‌ر شاخ له‌ كاره‌كه‌ى داوه‌ دواتر هه‌ڵى گرتووه‌و بردوویه‌تى، به‌ڵام ئه‌و جۆره‌ بازه‌ى باس ده‌كرێت كه‌ راوى مرۆڤ و ئاسك و گورگ ده‌كات تازه‌یه‌، تائێستا زانیارییه‌كى ئه‌وتۆمان له‌باره‌یه‌وه‌ نییه‌".

به‌ وته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى پۆلیسى دارستان و ژینگه‌ى پارێزگاى سلێمانى: "به‌پێى رێنمایى ژماره‌ 1ى ساڵى 2015، راوكردنى ئاژه‌ڵ یان باڵنده‌یه‌كى كێوى، به‌پێى جۆره‌كه‌ى سزاكه‌ى بۆ دیاریكراوه‌، تێیدا سزاى راوكردنى باز و باڵنده‌كان له‌ یه‌ك ملیۆنه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تا 10 ملیۆن دینار، ئه‌و بازه‌ى كه‌ ئێوه‌ش باسى ده‌كه‌ن غرامه‌كه‌ى 10 ملیۆن دیناره‌".  

هێمن كه‌مه‌رخان وتیشى: "توانیومانه‌ له‌ 80%ى راوكردنى باڵنده‌كان كه‌مبكه‌ینه‌وه‌و كۆنترۆڵێ بكه‌ین، سه‌رپێچیكارانیش رووبه‌رووى یاسا بكه‌ینه‌وه‌".

به‌شێكى زۆرى ئه‌و بازانه‌ى بازرگانیان پێوه‌ده‌كرێت بێچوون و له‌لایه‌ن راوچییه‌كانه‌وه‌ راوده‌كرێت و له‌ قه‌فه‌سدا گه‌وره‌ ده‌كرێت، دواتر ده‌فرۆشرێن، نرخه‌كه‌شیان له‌ سه‌روو 75 هه‌زار دیناره‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات كه‌  نرخه‌كه‌ى به‌پێى جۆر و تایبه‌تمه‌ندى بازه‌كان ده‌گۆڕێت، زۆربه‌ى بازه‌كانیش به‌پێى ره‌نگى په‌ڕ و باڵ و شێوه‌ى چاو و خڕیى ده‌نووكى نرخى له‌سه‌ر دیارى ده‌كرێت.

ئه‌م جۆره‌ بازه‌ى له‌ وێنه‌كه‌دا ده‌بینرێت بێچووه‌و له‌ ناو بازاڕى سلێمانى كڕین و فرۆشتنى پێوه‌ده‌كرێت، به‌ وته‌ى خاوه‌نه‌كه‌ى له‌ناوچه‌ى شارباژێر راوكراوه‌و نرخه‌كه‌ى 90 هه‌زار دیناره‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure