ئاماری هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێم راگەیاندرا

هەواڵ / ئابوری :: 14/08/2019‌ :: 451‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سەنگین خۆشناو

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ئاماری هاتنی گەشتیارانی بڵاوکردەوە، بەپێی ئامارەکە لەبەرواری 8/8/2019  تاوەکو  12/8/2019 زیاتر لە 208 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانیان کردووە، پێشبینیش دەکەن لەم دوو رۆژەی کۆتایی جەژن رێژەی گەشتیاران بگاتە زیاتر لە 400 هەزار گەشتیار.

نادر رۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە دواڕۆژی  راگەیاند: لە چوار رۆژی پێش جەژنی قوربان و دوو رۆژی جەژن زیاتر لە 208 هەزار گەشتیار هاتوونەتە  هەرێمی کوردستان، رۆژانە لەڕێگەی بازگەکانی کوردستان گەشتیاران دێنە کوردستان بۆیە پێشبینی دەکەین ژمارەی گەشتیاران لەو دوو رۆژەی کۆتایی جەژن بۆ دوو هێندەی دوو رۆژی سەرەتا زیاد بکات.

نادر رۆستی، ئاماژەی بەوەشدا: بەهۆی قەرەباڵەغی و زۆری ژمارەی گەشتیاران رووداوی خنکانیش هەبووە، چونکە ژمارەی گەشتیاران یەکجار زۆرە و پێشبینی نەکراوە.

وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار راشیگەیاند: ئەوەی کە گرفتی سەرەکییە بۆ گەشتیاران خراپی رێگاوبانەکان بۆیە داوا لە حکومەت دەکەین کە ڕێگاکان بەتایبەت ڕێگا دەرەکییەکان چاکبکرێن و تونێلەکانیش بکرێنەوە تاوەکو کەرتی گەشتیاری زیاتر ببوژێتەوە.

به‌پێی ئامارەکانی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ساڵی رابوردوو سێ ملیۆن و 57 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان کە زۆربەیان گەشتیاری عەرەبن. له‌جەژنی رەمەزانی ئەمساڵیش 250 هه‌زار گه‌شتیار روویان له‌ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان كردووه. چاوه‌ڕوان ده‌كرێ تا کۆتایی ئەمساڵ ژماره‌ی گه‌شتیاران بۆ هه‌رێمی كوردستان بگاته‌ نزیكه‌ی سێ ملیۆن و 500 هه‌زار گه‌شتیار.

 

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە