سوپای تورکیا گوندەکانی سیدەکان بۆردومان دەکات

هەواڵ / کوردستان :: 14/08/2019‌ :: 236‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاکۆ حەمەد رابی 

ئەمڕۆ چوارشەممە سوپای تورکیا بە تۆپ و فڕۆکەی جەنگی ژمارەیەک گوندی ناحیەی سیدەکانی بۆردومانکرد و بەوهۆیەوەش‌ ئاگر لە ناوچەکە کەوتۆتەوە و رووبەرێکی زۆری پاوان و دارستان سوتا و بۆردومانەکەش بەردەوامە.


جەلال عوزێر موختاری گوندی خەلیفان بەدواڕۆژی وت: "ئەمڕۆ چوارشەممە دوای کاتژمێر 9:00 سوپای تورکیا لە رێگەی تۆپخانە و فڕۆکە جەنگییەکان بۆردومان و تۆپبارانی سنووری گوندەکانی خەلیفان، لێلکان و سیران و سنووری خواکورکی ناحیەی سیدەکانیان کرد و تا ئێستاش بۆردومانەکە بە شێوەی پچڕپچڕ بەردەوامە و دەنگی دەبیسترێت.

ئاماژەی بەوەشدا: ئەوەی تا ئێستا هەیە بۆردومانەکە هیچ زیانی گیانی بەدواوە نەبووە، بەڵام رووبەرێکی زۆری رەز و باخ و دارستان و پاوانی ناوچەکە سوتاوە و ئاگر لە شوێنە بۆردومانکراوەکان کەوتۆتەوە و لە ترسی بۆردمانیش کەس ناتوانێت بچێت ئاگرەکە بکوژێنێتەوە.

ئەو موختارە روونیشیکردەوە: پێشتر بەهۆی بۆردومان ژمارەیەکی زۆری ئەو گوندانە ناوچەکەیان چۆڵکرد و ئێستا چەند ماڵێکی کەم لەو سنوورە ماونەتەوە.

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure