وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و به‌رگری له‌باره‌ی كۆمه‌ڵێك پرس كۆده‌بنه‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 292‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

دوای كۆتایی هاتنی پشووه‌كانی جه‌ژن، هه‌ردوو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و به‌رگری عێراق له‌سه‌ر مووچه‌ی هه‌شت مانگی پێشمه‌رگه‌ و پێكهێنانی هێزی هاوبه‌ش و چه‌ند پرسێكی دیكه‌ كۆده‌بنه‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ، دوای جه‌ژنی قوربان شاندێكی باڵای وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ركان و ژمێریاری گشتی و به‌رپرسانی دیكه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ پێكدێت له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق كۆده‌بنه‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كان، پرسی مووچه‌ نه‌دراوه‌كانی پێشمه‌رگە و دروستكردنی و جێگیركردنی هێزی هاوبه‌ش له‌ناوچه‌كانی كێشه‌له‌سه‌ر و پێكهێنانی ژووری عه‌مەلیات بۆ دروستكردنی هه‌ماهه‌نگی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش له‌ گرنگترین ته‌وه‌ره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كانیان ده‌بێت.

هه‌روه‌ها شانده‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌سه‌ڵاتی رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگری پێدراوه‌، به‌و مه‌رجه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌به‌رژوه‌ندی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بێت.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌ ره‌سمی داوای 68 ملیار دینار له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق ده‌كات، كه‌ له‌ بودجه‌ی 2019ی عێراق وه‌كو مووچه‌ی مانگانه‌ی به‌شێكی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ دیاریكراوه‌، به‌ڵام ماوه‌ی هه‌شت مانگه‌ حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر داوای وه‌زاره‌تی به‌رگری خه‌رجی نه‌كردووه‌.

هاوكات له‌باره‌ی شێوازی رێككه‌وتنه‌كه‌، به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 14ی ئابی 2019) هه‌واڵه‌كه‌ی بۆ دواڕۆژ پشتڕاستكرده‌وه‌، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوو ورده‌كاری زیاتر بخاته‌ڕوو.

 

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure