دوو گۆڕستانی گه‌وره‌ ده‌بنه‌ هێمایه‌ك بۆ قوربانیی ئێزدییه‌كان

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 13/08/2019‌ :: 229‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرت: بورهان یه‌حیا


له‌ سه‌ره‌تایی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی ئێزدییه‌كانەوە ‌تائێستا 16 گۆڕ هه‌ڵدراونەتەوە  و 235 ته‌رمیان لێوە ده‌رهێنراوه‌. بڕیاری ئەوەیش دراوه‌ هه‌موویان له‌ ناو دوو گۆڕستانی گه‌وره‌، یه‌كێك له‌ گوندی كۆچۆ و ئه‌ویتر له‌ نزیك سه‌نته‌ری شاری شنگال به‌ خاكبسپێرن.

تائێستا دەیان گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی ئێزدییه‌كان دۆزراونەتەوه
هه‌تا ئێستا 73 گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی ئێزدییه‌كان دۆزراونەتەوه، له‌سه‌ر ئه‌م پرسه،‌ داود موراد خه‌تاری، لێكۆڵه‌ری مێژووی ئێزدییه‌كان، بۆ دواڕۆژی گێڕایەوە"هه‌ر له‌ رێكه‌وتی15ی ئاداری 2019ەوە، ده‌ست به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی ئێزدییه‌كان له‌ شنگال و بەتایبه‌ت گوندی كۆچۆ كراوه‌ و هه‌تا ئێستا له‌و گونده‌ كه‌ 17 گۆڕی لێیە 16یان هه‌ڵدراونەتەوه‌ و 235 ته‌رمیان لێ‌ ده‌رهێنراوه‌ و 25 ته‌رمی تریش كه‌ ته‌واو نه‌بوون (به‌شێك له‌ جه‌ستەیان‌ مابوو) ده‌رهێنراون".

لێره‌ گۆڕه‌كان ته‌واو نابن، هێشتا هه‌ندێك ته‌رمی دیكە له‌ شوێنی جیاواز ماون و به‌ته‌مای ده‌رهێنان و ناسینه‌وهیانن‌. لێكۆڵه‌رەوەكە‌ دەڵێت:"دوای مانگێكی تر كۆتا گۆڕ له‌ گوندی كۆچۆ ده‌رده‌هێنرێت و پێشبینی ده‌كرێت 43 ته‌رمی تێدا بێت، به‌مه‌یش كۆی گشتی ته‌رمه‌كان ده‌بێته‌ 278 له‌گه‌ل 25 ته‌رمی (ناته‌واو). به‌شێكی زۆریان ناسنامه‌یان پێیه‌ و به‌ ئاسانی ده‌ناسرێنەوە".

موراد خه‌تاری وتی:"هه‌نێك گۆڕی تری خه‌ڵكی كۆچۆ له‌ ناو سه‌نته‌ری شاری شنگال هه‌یه‌. گۆڕی ژن و منداڵان له‌ په‌یمانگەی سۆلاغ له‌ رۆژهەڵاتی سه‌نته‌ری شنگال هه‌یه‌ كە به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان 83 ته‌رمیان تیا هه‌نه‌ و به‌شێكیان زینده‌به‌چاڵ كراون".

به‌ ده‌یان ته‌رم بۆ پشكنینی DNA  له‌ به‌غدان
به‌شێك له‌ ته‌رمه‌كان ناسنامه‌ی خاوه‌نه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ بووه‌ بەڵام به‌شێكیان نه‌ناسراون و پێویستییان به‌ پشكنینه‌"هه‌موو ته‌رمه‌كان ئێستا له‌ پزیشكی داد له‌ به‌غدا-ن بۆئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوه‌تی ناسنامه‌كه‌یان به‌ رێگه‌ی پشكنینی دی ئێن ئه‌ی دیاریی بكرێت و دوای هه‌ڵدانه‌وه‌ی كۆتا گۆڕ له‌ گوندی كۆچۆ گۆڕێكی به‌كۆمه‌ڵ له‌ چوارڕیانی حه‌ردان هه‌ڵده‌كەنرێت و دواتر گۆڕی قه‌نی له‌ سۆلاغ-ی رۆژهه‌ڵاتی سه‌نته‌ری شاری شنگال هەڵدەكەنرێت" لێكۆڵەرەكە وا دەڵێت.

دوو گۆڕستانی گه‌وره‌ ده‌بنه‌ هێمایه‌ك بۆ قوربانیی ئێزدییه‌كان
بۆچوونێك له‌ناو ئێزدییه‌كان هه‌یه‌ كه‌ گۆڕستانێكی تایبه‌ت به‌م شه‌هیدانه‌ دابنرێت، له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ داود موراد وتی:"كه‌سایه‌تییەكی ئێزدی به‌ ناوی نایف جاسم سه‌رۆكی هۆزی مه‌نده‌كان خۆبه‌خشانه‌ زه‌وییەكی گه‌وره‌ی له‌ گوندی كۆچۆ بۆ دروستكردنی گۆڕستانێكی گه‌وره‌ بۆ ئه‌م شه‌هیدانه‌ دابینكردووه‌ و ئێستا هاووڵاتییان سه‌رقاڵی هه‌ڵكەندنی گۆڕه‌كانن بۆئه‌وه‌ی ئه‌م شوێنه‌ ببێته‌ هێمایەك بۆ جینۆسایدی ئێزدییه‌كان . بڕیاریش دراوه‌ له‌ نزیك سه‌نته‌ری شاری شنگال گۆڕستانێكی دیكە بۆ شه‌هیدانی تری ئێزدی دروست بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌ و له‌ ته‌نیشت یه‌كتر له‌وێ به‌ خاك بسپێرێن".

داعش 275 منداڵی ئێزدیی بێ دایك و باب كردووه‌
به‌ گوێره‌ی كۆتا ئاماری نووسینگه‌ی رزگاركردنی رفێراوه‌كانی ئێزدی، هه‌تا ئێستا 275 منداڵی ئیزدیی بێ دایك و باب ماون و 360 هەزار كه‌سیش ئاواره‌ و چاره‌نووسی دوو هەزار و 908 هاووڵاتی ئێزدی دیار نییه‌.

550 هەزار ئێزدی له‌ هه‌رێم و عێراق ده‌ژین
حسێن كورۆ به‌ڕێوەبه‌ری نووسینگه‌ی رزگاركردنی رفێراوه‌كانی ئێزدی بۆ دواڕۆژ وتی:"ژماره‌ ئێزدیه‌یكان كه‌ له‌ناو هه‌رێم و عێراق ده‌ژین، 550 هەزار كه‌سه‌ و 360 هەزار له‌وانه‌ ئاواره‌ بوون و له‌ رۆژانی سه‌ره‌تای هاتنی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر شنگال هەزار و 293 كه‌سیان شه‌هید كراون و دوو هەزار و 745 منداڵیش ئێتیم بوون‌ و هه‌تا ئێستا 80 گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ دۆزراونەتەوه‌ له‌گه‌ڵ ده‌یان گۆڕی تاك".

68 مه‌زارگه‌ی تایبه‌ت به‌ ئێزدییه‌كان ته‌قێنراونەتەوه‌
داعش ته‌نیا مرۆڤه‌كانی نه‌كوشتووه‌ به‌ڵكو زیانی به‌ شارستانیه‌تیش گه‌یاندووه‌. بەپێی زانیارییەكان"له‌لایه‌ن داعش-ه‌وه‌ 68 مه‌زارگه‌ی تایبه‌ت به‌ ئێزدییه‌كان ته‌قێنراون و زیاتر له‌ 100 هەزار كه‌س بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات كۆچیان كردووه‌ و6هەزار و 417 كه‌س رفێنراون كه‌ 3هەزار و 548یان ژن و 2 هەزار و 869یان پیاون و هه‌تا ئێستا 3هەزار و 509 كه‌س رزگاركراون كه‌ هەزار و 192 ژن و 337 پیاو و هەزار و 33  منداڵی كچ و 947 منداڵی كۆڕن".

زیاتر له‌ نیوه‌ی رفێنراوه‌كان ئازادكراون به‌ڵام ئەوانی تر چاره‌نووسیان دیار نییە‌، به‌رپرسی نووسینگه‌كه‌ وتی:"هه‌تا ئێستا دوو هەزار و 908 كه‌س له‌ده‌ست داعش ماون كه‌ هەزار و 323یان ژن و هەزار و 585یان پیاون".

"شه‌هیده‌كانی ئێزدی له‌سه‌ر ده‌ستی داعش له‌ ناو 73 گۆڕی به‌كۆمه‌ڵدا نێژراون" ئه‌مه‌ وته‌ی داود موراد-ی لێكۆڵه‌ری مێژووی ئێزدییه‌كانه‌ و زیاتر ده‌ڵێت:"دوای ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 2014 چه‌كدارانی داعش كۆمه‌ڵكۆژیی ئێزدییه‌كانی كرد و له‌ناو 73 گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ نێژران، ماوه‌یه‌كە ده‌ست به‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌م گۆڕانه‌ كراوه‌ و ئێستا قۆناغی سێیه‌م ده‌ستپێكردووه‌ و زیاتر له‌ 200 ته‌رم له‌ سێ گۆڕ ده‌رهێنراون و ئێستا به‌شێكی زۆری كۆمه‌ڵگەی ئێزدی رێككه‌وتوون‌ كه‌ دوو گۆڕستانی تایبه‌ت به‌ شه‌هیدانی ده‌ستی داعش له‌ شنگال دروست بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی ئه‌م تاوانه‌ له‌یاد بێت و هه‌موو به‌ڵگه‌كانیش له‌وێ بیپارێزرێن".

ئێزدییه‌كان ده‌یانه‌وێت هێمایه‌ك بۆ شه‌هیده‌كانی خۆیان دروست بكه‌ن ئه‌ویش به‌ رێگه‌ی گۆڕستانێكی گه‌وره‌، بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ داود وتی:"كه‌سوكاری شه‌هیدانی ده‌ستی داعش رێككه‌وتوون كه‌ یه‌كێك له‌ گۆڕه‌كان له‌ رۆژهه‌ڵاتی شنگال و ئه‌ویتر له‌ گوندی كۆچۆ بێت. له‌ ته‌نیشت ئه‌م گۆڕستانه‌ هۆڵێكی تایبه‌ت بۆ پاراستنی كه‌رەسته‌ و ئامێر و جلی تایبه‌ت به‌ قوربانییان دروست بكرێت. كه‌سوكاری قوربانییه‌كان ئه‌م داوایه‌یان پێشكەشی حكومه‌تی خۆجێی موسڵ و هه‌رێم و شاره‌وانی شنگال كردووه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌م پڕۆژه‌یه‌دا یارمه‌تییان بده‌ن".

پ: ل. م 

بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure