به‌هۆی گه‌رماوه‌ ڕێنمایی ده‌درێته‌ هاووڵاتیان

هەواڵ / کوردستان :: 13/08/2019‌ :: 910‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن


له‌ ناوچه‌ی گه‌رمیان، پله‌كانی گه‌رما به‌ جۆرێك به‌رزبووه‌ته‌وه‌ هاووڵاتیان له‌ ماڵه‌كانیان ماونه‌ته‌وه‌ و ته‌ندروستی گه‌رمیانیش رێنمایی بۆ خۆپاراستن لەم شەپۆلە گەرما بەتینە ده‌داته‌ هاووڵاتیان به‌وه‌ی منداڵ له‌ نێو ئۆتۆمبیل به‌جێ نه‌هێڵن و ئاو زۆر بخۆنه‌وه‌ و زیاتر ڕه‌چاوی پاكو خاوێنی بكه‌ن. 


له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌ی تەندروستی گشتی گه‌رمیان ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ بۆ خۆپاراشتن له‌و شەپۆلە گەرمایەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە، پێویسته‌ هاووڵاتیان پابه‌ندنی ئه‌م ڕێنمایه‌ ببن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نه‌خۆشی و زیان به‌دووربن.
دەقی راگەیەندراوەكە:
١. هەوڵبدە خۆت بپارێزی لە بەرکەوتنی راستەوخۆی تیشکی خۆر، بەوپێیەی لەمکاتەدا بەرکەوتنەکە زیاترە هەربۆیە کاریگەری لەسەر جەستەو پێست بەتایبەت زۆرە.
هەروەها بۆ خۆپاراستن لەم بەرکەوتنانە دەتوانیت جلێک لەبەر بکەی کە ئەستور نەبێت و هاوینە بێت و زۆرتر لە مادەی کەتان پێکهاتبێت، ئەمە سەرباری سودبینین لە کڵاو و چاویلکەی دژەخۆر.

٢. بەهۆی گەرماوە رێژەیەکی زۆر ئاوی لەشت لەدەست دەدەی، ئەم رێژەیەش پێویستی بە قەرەبوکردنەوەیە. بۆیە تادەتوانیت بەشێوەیەکی بەردەوام ئاو بخۆرەوە و هەروەها شلە و شلەمەنیش لە ژەمە خۆراکییەکانت دا زیاتر بکە.

٣. هەوڵبدە کەمتر خۆت ماندو بکەی، چونکە ماندوێتی لەگەڵ گەرمای بەتین سەردەکێشێت بۆ حاڵەت و نەخۆشی دیکە.

٤. بنەماکانی پاکوخاوێنی زیاتر لە جاران رەچاو بکە، بۆئەوەی بەدور بیت لە توشبون بە نەخۆشیە گوازراوەکان بەتایبەتی سکچون و رشانەوە کە لەم وەرزەدا زۆرتر بڵاو دەبنەوەو مەترسیەکەشیان بۆسەر جەستە بەهۆی زۆر لەدەستدانی ئاوەوە زیاتر دەبێت.

٥. مناڵ لەناو ئۆتۆمبیل دا بەجێمەهێڵەو هەوڵیش بدە کە ئۆتۆمبیلەکەت لەکاتی راوەستان و کوژانەوەی دا دابپۆشی لەبەر خۆر و هەروەها جامەکانیشی قەپات نەکەیت کە بەهۆی ئەو خاڵانەوە پلەی گەرمی نێو ئۆتۆمبیلەکە زۆر بەرز بێتەوەو کێشەو زیانی لێبکەوێتەوە لەسەر جەستەی خۆت و سەرنشینەکانی تر.

به‌ پێی سه‌رچاوه‌كانی كه‌شوهه‌وا ئێستا له‌ گه‌رمیان پله‌ی گه‌رما نزیك 50 پله‌یه‌ و هه‌ندێك جارێش ده‌چێته‌ سه‌رووی 50 و ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی جه‌ژنه‌ و پشووه‌، به‌ڵام هاووڵاتیان له‌ ماڵه‌وه‌ بمێننه‌وه‌ و شه‌قام و گه‌ڕه‌ك و شوێنه‌ گشتییه‌كانیش چۆڵبن.

پێداچوونەوە و بڵاوكردنەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure