له‌ شه‌ش مانگی ئه‌مساڵدا 27 تووشبوو به‌ تالاسیمیا تۆمار كراون

هەواڵ / کوردستان :: 13/08/2019‌ :: 157‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 


كۆمه‌ڵه‌ی تالاسیمیای هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت "له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا 27 حاڵه‌تی تازه‌ توشبووی نه‌خۆشی تالاسیمیا تۆمار كراون و شه‌ش كه‌سیش به‌م هۆیه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه"‌. 


به‌پێی ئامارێكی كۆمه‌ڵه‌ی تالاسیمیای هه‌ولێر له‌ ئێستادا له‌ سنووری ئه‌و پارێزگایه‌ 850 تووشبووی نه‌خۆشی تالاسیمیا هه‌یه‌، كه‌ له‌وانه‌ 180 كه‌سیان هاوڵاتی ئاواره‌ن، له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می 2019دا 27 كه‌سی تازه‌ تووشبووی نه‌خۆشی تالاسیمیا تۆمار كراون و شه‌ش كه‌سی دیكه‌ش به‌هۆی ئه‌م نه‌خۆشییه‌وه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. 
 
سروه‌ عه‌لی، وته‌بێژی كۆمه‌ڵه‌ی تالاسیمیای هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "رێژه‌ی تووشبووان به‌ نه‌خۆشی تالاسیمیا جێگه‌ی دڵخۆشی نییه‌و تا دێت ئه‌ندامانی زیاترمان تووشی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ ده‌بن و گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن". 

وتیشی: "چه‌ند مانگێك بوو كیشه‌ی كه‌میی ده‌رمان و چاره‌سه‌رییه‌ پزیشكییه‌كانمان هه‌بوو، به‌ڵام له‌ ئێستادا ده‌رمان و پێداویستی زیاتر بۆ نه‌خۆشانی تالاسیمیا دابین كراوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا كێشه‌ی كه‌میی ئامێری گواستنه‌وه‌ی خوێنمان هه‌یه‌ كه‌ زۆر پێویستن بۆ‌ نه‌خۆشه‌كان". 

پێداچوونەوە و بڵاوكردنەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure