هەدەپە هەڵوێستی خۆی لەبارەی پەیامەكەی ئۆجەلان راگەیاند

هەواڵ / کوردستان :: 13/08/2019‌ :: 461‌ جار بینراوە

تاگ :: تورکیا

دواڕۆژ، ئاكۆ حەمەد رابی 

بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) ڕایدەگەیەنێت "بەگشتی دوایین پەیامی ئۆجەلان دەرخەری ئەوەیە كورد لەباكووری كوردستان و تەواوی ناوچەكە لەگەڵ ئاشتی و دانوستاندندایە بەمەرجێك لایەنی بەرامبەریش نەرمی بنوێنێت". 

لەبارەی هەڵوێستی هەدەپە سەبارەت بەدوایین پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) كە لەكۆتایی هەفتەی رابوردوو لەگەڵ تیمی پارێزەرەكانی رایگەیاندبوو "ئەو دەتوانێت لەماوەی یەك هەفتە شەڕ بوەستێنێت، عابد ئیكە نوێنەری هەدەپە لەهەرێمی كوردستان بەدواڕۆژی وت: "دوایین پەیامی ئۆجەلان سەلمێنەری ئەو راستییەیە كە كورد لەباكووری كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان و تەواوی ناوچەكە بەگشتی خوازیاری ئاشتی و وەستاندنی شەڕە، ئەو پەیامەی ئۆجەلان بۆ ئەوەیە كە شەڕ بوەستێت و بە ئاشتی و دانوستاندن كێشەكان یەكلایی بكرێنەوە". 

ئاماژەی بەوەشدا: بەشێوەیەكی گشتی پەیامەكەی ئۆجەلان ئەرێنییە و ئێمە پێشوازی لێدەكەین و پێمانوایە ئەگەر دەوڵەتی توركیاش مەبەستی بێت و بیەوێت بێتە پێشەوە پێویستە واز لە سیاسەتی لەناوبردنی گەلی كورد بهێنێت، ئەگەر دەوڵەت نیەتی باش بێت، بەدڵنیاییەوە ئۆجەلان دەتوانێت ئاوێك بەو ئاگرەدا بكات. 

ئەو بەرپرسەی هەدەپە جەختی لەسەر ئەوەشكردەوە: پێشتریش پەكەكە چەندینجار ئاگربەستی تاكلایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام هیچ سوودی نەبوو، بە پێچەوانەوە دەوڵەت لەسەر شەڕكرن بەردەوامبوو، بۆیە ئەگەر توركیا پێشوازی لەو پەیامەی ئۆجەلان بكات بیەوێت بێتە پێشەوە، پێویستە نەرمی بنوێنێت و دەسبەرداری سیاسەتی قڕكردن و لەناوبردنی كورد بێت.   

پێداچوونەوە و بڵاوكردنەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure