رێژەی گەشتیارانی رۆژانی جەژن ئاشکرادەکرێت

هەواڵ / ئابوری :: 13/08/2019‌ :: 244‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر و سەنگین


ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم ئاشكرایده‌كات: تاوه‌كو دووه‌م رۆژی جه‌ژن 208 هه‌زار گه‌شتیار هاتوونه‌ته‌ ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی هه‌رێم و رێژه‌كه‌ش له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌.

 
نادر روستی، وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: لە رۆژی 8ی تاکو 12ی ئابی 2019،  208 هەزار گەشتیار هاتوونەتە شارەکانی هەرێمی کوردستان.

وتیشی: "زۆربەی ئه‌و گەشتیارانه‌ی هاتوون لە شاره‌كانی خوار و ناوەڕاستی عێراق بوون و پێشبینی ده‌كه‌ین رێژه‌كه‌ زیاتر به‌رزبێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ ئێستادا بازگه‌كان پڕن له‌ گه‌شتیار".
 
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: له‌ رۆژانی داهاتوو ئاماری كۆتایی رێژه‌ی گه‌شتیاری تایبه‌ت به‌ رۆژانی جه‌ژن بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌.

هاوکات نەریمان فازڵ، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەولێر بەدواڕۆژی راگەیاند: لە چوار رۆژی پێش جەژن و دوو رۆژی جەژنی قوربان زیاتر لە 90 هەزار گەشتیار هاتوونەتە ناوچە گەشتیارییەکانی هەولێر.

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ له‌ جه‌ژنی ره‌مه‌زانی رابوردوو 250 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردبوو به‌پێی خه‌مڵاندنێكیش هه‌ر گه‌شتیارێك بڕی 300 تا 350 دۆلار خه‌رجی له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێم هه‌بووه‌.

پ: ن.ر

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure