زانیارى نوێ له‌سه‌ر ته‌رمه نهناسراوهكانى پارێزگاى بابل
هەواڵ / عێراق :: 13/08/2019 :: 248 جار بینراوە
دواڕۆژ، به‌غدا
شایه‌تحاڵێك سه‌باره‌ت به‌و ته‌رمه نهناسراوانهى له چه‌ند رۆژى جه‌ژندا له پارێزگاى بابل-ه‌وه بۆ پارێزگاى كه‌ربه‌لا نێرداون و نێژراون، زانیارى نوێ بڵاوده‌كاته‌وه و ژماره‌یان ئاشكراده‌كات، باس له چۆنێتى وه‌رگرتن و ناشتنیانیشیان ده‌كات.
حاجى ره‌عد كه وه‌ك خۆبه‌خشێك سه‌رپه‌رشتى وه‌رگرتنى ته‌رمه نهناسراوهكانى كردووه، له گرته‌یه‌كى ڤیدیۆیدا كه (ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 13ى ئابى 2019) بڵاوكراوه‌ته‌وه ده‌ڵێت: " وه‌جبه‌ى یه‌كه‌مه نه‌ناسراوه‌كان 51 ته‌رم بوون، وه‌جبه‌ى دووه‌م 20 تهرمبوون، ئێمه له پزیشكى دادوه‌رى بابله‌وه وه‌رمانگرتن، بۆ ناشتنیان له پارێزگاى كه‌ربه‌لا رووبه‌ڕووى كێشه‌ى نه‌بوونى زه‌وى له گۆڕستان بووینه‌وه، هه‌وڵى زۆرماندا، تاوه‌كو خێرخوازێك پارچه زه‌وییه‌كى خۆى پێبه‌خشین".
وتیشى: "ته‌رمه‌كان ماوه‌ى چوار ساڵه لە ساردكهرهوهى مهیتخانهى بابلدا بوون، ئه‌و تهرمانهن كه بنكه‌كانى پۆلیس ده‌یانداته پزیشكى داوه‌رى، هه‌موویان خه‌ڵكى جه‌رف سه‌خرى بابل و ناوچه‌كانى باكوورى بابل-ن، هه‌یانه هۆكارى گیان له‌ده‌ستدانى ته‌قینه‌وه‌یه یان شه‌ڕه، یان سته‌میان لێكراوه".
سه‌باره‌ت به‌شێوازى مردن و ته‌رمه‌كانیان ئه‌و شایهتحاڵهى خۆى به‌شدارى ناشتنیانى كردووه ده‌ڵێت: "هه‌ندێك له ته‌رمه‌كان منداڵبوون، كه نازانرێت تاوانیان چییه، ته‌رمه‌كانیان له سندوقى پرته‌قاڵ و مۆزدا بوون كه له ساردخانه‌كان دانراون، هه‌یانە ته‌رمه‌كانیان كه‌رت و كوت كراون، چوار منداڵ و چه‌ندین ژنیان تیا‌بوو".
پ: ن.ر