جیهان بە کورتی: گەنجێک باوکی دەکوژێت

هەواڵ / جیهان :: 13/08/2019‌ :: 10016‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

 

RT-لە دووەم رۆژی جەژندا کوڕێک تاوانێکی قێزەونی بەرامبەر باوکی ئەنجامدا
لە گوندی واست لە پاریزگای ئەسیوت لە میسر کوڕێک لە بەردەم مزگەوتدا بە چەقۆ باوکی دەکوژێت، پاش لێکۆڵینەوە دەرکەوت لەسەرەتای رۆژەکەوە ئەم کوڕ و باوکە کێشەیان هەبووە لەسەر ئەوەی باوکی نەیهێشتووە مینی پاسەکەیان لێ بخوڕێت و کاری پێوە بکات و داویەتییە دەستی برا بچوکەکەی، بەهۆیەوە بڕیاریداوە باوکی بکوژێت.


 

حوڕڕە-گەردەلولی لیکیما بەردەوامە و ژمارەی قوربانیەکان لەزیادبووندایە
بەپێی چەند سەرچاوەیەکی چینی پاش تێپەڕبوونی سێ رۆژ بەسەر گەردەلولی لیکیما کەبەر رۆژهەڵاتی وڵات کەوت ژمارەی قوربانیەکان بۆ 49 کەس بەرزبووەوە و تاوەکو ئێستا 21 کەس بێ سەر و شوێنن.


 

ئەلبەیان-بەهۆی ناڕەزایی دەربڕینەکانەوە فڕۆکەخانەی هۆنگ کۆنگ لەکار وەستاوە
دوێنێ فرۆکەخانەی هۆنگ کۆنگ سەرجەم گەشتەکانی ڕاگرت و دەسەڵات خۆپیشاندەرانی بەوە تاوانبارکرد کاری یەکێک لە قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەکانی جیهانیان وەستاندووە.


 

حوڕڕە-نەتەوە یەکگرتووەکان:سیستمی خۆراکی رووەکی زەوی رزگار دەکات
چەند پسپۆریکی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایانکرد سیستمی خۆراکی رووەکی یارمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەرمبوونی بەرگە هەوای زەوی دەدات و دەڵێن"ئەگەر خەڵکی واز لە خواردنی گۆشت بهێنن دەتوانن خۆراک بۆ ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵکی دابین بکەن".


 

هازا ئەلیەوم-ترامپ:"زانیاری زۆر" دەربارەی تەقینەوە نهێنیەکەی رووسیا دەزانم
دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا لە رێگەی تویتەرەوە ئاشکرایکرد"ئەمریکا زانیارییەکی زۆر لەسەر تەقینەوەی موشەکەکەی رووسیا دەزانێت"، وتیشی ئەمریکا چەکێکی هاوشێوەی ئەو موشەکەی هەیە کە لە بنکەیەکی سەربازی لە رووسیا تەقیەوە.


 

مەرکەز رەوابت-بڕیارێکی نوێی ئیدارەی ترامپ...رەگەزنامە و مافی مانەوە نابەخشرێت بە پەنابەرە هەژارەکان
رۆژی دووشەممە ئیدارەی دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیارێکی نوێی دەرکرد و بەهۆیەوە مافی مانەوە و رەگەزنامە نابەخشرێت بەو پەنابەرە هەژارانەی یارمەتی لە دەوڵەتەوە وەردەگرن.


 

ئەی ئەی نیوز- لە دەوحە تاڵیبانی ئەفغانستان تازەترین خولی گفتوگۆکردن لەگەڵ واشنتن کۆتایی پێ دەهێنێت.
تازەترین خولی گفتوگۆ لەنێوان بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانی و واشنتن کۆتایی پێ هات، کە لەسەرەتای مانگی ئابەوە دەستی پێ کردووە و بزووتنەوەکە بە "بنیادنەر" ناوی دەبات بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ رێککەوتنێک بدات.


 

نەهار-رووسیا خەڵاتی رێزلێنانی بەخشیە قوربانیەکانی تەقینەوەکەی ئەرخانگیلسک:ئەو پێنج پسپۆرە چەکی نوێیان دروست کردووە.
رۆژی دووشەممە سەرۆکی ئاژانسی هاوپەیمانی وزەی ئەتۆمی رووسی (رۆساتۆم) ئاشکرایکرد ئەو پێنج پسپۆرەی هەفتەی پێشوو لە تەقینەوەکەدا گیانیان لەدەستدا، سەرقاڵی بەرەوپێشخستنی چەکی نوێ بوون، هەروەها بەڵێنیدا سەرەڕای ئەم رووداوە بەردەوامبن لە تاقیکردنەوەکەیان.


 

ئیندپێندەنت- وەزیری ژینگەی ئەڵمانیا داوا دەکات وڵاتەکەی زەرفی پلاستیکی بازاڕکردن قەدەغە بکات
رۆژی یەکشەممە سڤینیا شولز وەزیری ژینگەی ئەڵمانیا ئاشکرایکرد وڵاتەکەی بە هاوکاری بازرگانە خۆبەخشەکان بەکارهێنانی زەرفی پلاستیکیان کەمکردبووەوە، بەڵام هێشتا ئەنجامەکەی لەئاستی چاوەڕوانکراودا نییە، هەربۆیە داوا دەکات زەرفی پلاستیکی بەتەواوەتی قەدەغە بکرێت.


 

حوڕڕە-تاوانباری سەرەکی کەیسی بانکی ناوەندی ئێرانی رایکرد...160 ملیۆن دۆلاری دزیوە
بەپێی ئاژانسی تەنسیم-ی ئیرانی،تاوانباری سەرەکی کەیسی گەندەڵی بانکی ناوەندی ئێرانی بەناوی ساکار ئەغاخانی رایکرد و وڵاتی بەجێ هێشت.


 

هذا ئەلیەوم- راپرسیەک: زۆربەی بریتانیەکان پاڵپشتی بریکست دەکەن
بەپێی راپرسیەکی ئاژانسی کۆمریس 54% هاووڵاتیە بریتانیەکان پاڵپشتی بریکست و هاتنە دەرەوەی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا دەکەن، هەروەها داوایان لە بۆریس جۆنسنی سەرۆک وەزیرانکرد بڕیارەکە جێبەجێ بکات تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی لەکاروەستانی پەرلەمان.



وەرگیڕان:هێڤی فەرهاد

بڵاوکردنەوە: ن.ر

 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure