ده‌یان ته‌رمى نه‌ناسراو دۆزرانه‌وه‌

هەواڵ / عێراق :: 13/08/2019‌ :: 689‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

دواى ئه‌وه‌ى له‌ میدیا عێراقییه‌كان هه‌واڵى دۆزینه‌وه‌ى ده‌یان ته‌رمى نه‌ناسراو له‌ پارێزگاى بابل بڵاوبووه‌وه‌ كه‌ گوایه‌ پزیشكى دادوه‌ریى ئه‌و ته‌رمانه‌ى داوه‌ته‌ رێكخراوێكى ناحكومى بۆ ناشتنیان، هێزه‌ سوننه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن ئه‌وانه‌ ته‌رمى خه‌ڵكە سوننه‌نشینه‌كانى ده‌وروبه‌رى بابل-ن، داواشده‌كه‌ن حكومه‌تى ناوه‌ندى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ بكات.


رۆژى دووشه‌ممه‌ (12ى ئابى 2019) هاوپه‌یمانى هێزه‌ عێراقییه‌كان به‌ سه‌رۆكایه‌تى محه‌مه‌د حه‌لبوسى له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویانكرده‌وه‌: "ئه‌و كه‌سانه‌ به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ كوژراون، هه‌موویان ژن و منداڵ و پیاوى پیر و گه‌نجى خه‌ڵكى ناوچه‌كانى باكوورى بابل و ده‌و‌روبه‌رین و  به‌ سته‌م كوژراون، حكومه‌ت و لایه‌نه‌ ئه‌منییه‌كانیش لێى بێده‌نگه"‌.

هاوپه‌یمانى هێزه‌ عێراقییه‌كان ده‌ڵێت: "ته‌رمه‌كان نزیكه‌ى 120 كه‌سى سته‌ملێكراون، حكومه‌تى خۆجێیه‌تى بابل و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى شاره‌وانى و ته‌ندورستى، بێده‌نگییان لێكردووه‌، ته‌رمه‌كانیان راده‌ستى رێكخراوێكى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى كردووه‌ بۆئه‌وه‌ى به‌خاكیان بسپێرێت، به‌بێ ئه‌وه‌ى حكومه‌تى ناوه‌ندیى هیچ هه‌ڵوێستێكى هه‌بێت یاخود بڕیارێكى بوێرانه‌ بدات بۆئه‌وه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و تاوانه‌ بكات، به‌وه‌یش حكومه‌تى فیدراڵى ده‌بێته‌ هاوبه‌شى ئه‌و تاوانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و گروپانه‌دا".

هه‌ر له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌: "چه‌ندینجار داوامان له‌ حكومه‌تى عه‌بادى و عادل عه‌بدولمه‌هدى كردووه‌ كه‌ بڕیارى بوێرانه‌ بدات له‌سه‌ر چاره‌نووسى رفێنراو و بێسه‌روشوێنه‌كانى خه‌ڵكى پارێزگاكانى ئه‌نبار و دیاله‌ و نه‌ینه‌وا و سه‌لاحه‌دین و كه‌ركوك و ناوچه‌ى پشتێنه‌ى به‌غدا و جه‌رف سه‌خه‌رى باكوورى بابل، به ‌لیست-یش ناوى هه‌زاره‌ها عێراقیمان داوه‌ كه‌ له‌ ده‌روازه‌كانى بزێبز و ره‌زاره‌ و سامه‌ڕا و سه‌قڵاوییه‌ و یه‌سرب نه‌ماون، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، حكومه‌تى فیدراڵى شكستیهێناوه‌ له‌ ئاشكراكردنى چاره‌نووسیان".

جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌: حكومه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدى به‌رپرسیارێتى ئه‌خلاقى و یاسایى ده‌كه‌وێتـه‌ ئه‌ستۆى له‌ ئاشكراكردنى چاره‌نووسى ئه‌و ونكراوانه‌ و "داوایش ده‌كه‌ین بوێر و چاپوك بێت له‌ ئاشكراكردنى ئه‌نجامده‌رانى ئه‌و تاوانانه‌ و بیانداته‌ دادگا، پێویسته‌ حكومه‌تى عه‌بدولمه‌هدى بڕیار بدات ئه‌و گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵانه‌ هه‌ڵدرێنه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ى كه‌سوكاریان بیانناسنه‌وه"‌.

هۆشداریى ئه‌وه‌یش ده‌ده‌ن كه‌ "به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه‌، هاوپه‌یمانى هێزه‌ عێراقییه‌كان هه‌ڵوێستى عه‌ره‌بى و ئیسلامى و نێوده‌وڵه‌تى ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر كۆمكارى وڵاتانى عه‌ره‌بى و رێكخراوى كۆنگره‌ى ئیسلامى و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و ئه‌نجومه‌نى ئاسایش و مافى مرۆڤى نێوده‌وڵه‌تى بۆ به‌دۆكیۆمێنتكردنى ئه‌و تاوانانه‌ و ئابڕووبردنى ئه‌نجامده‌رانى".

پ: ل. م
بڵاوکردنەوە: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure