پەیوەندییەكانی توركیا و روسیا

هەواڵ / چاوی تۆ :: 12/08/2019‌ :: 142‌ جار بینراوە

بورهان شێخ رەئوف

ئەگەر ئاوڕێك لە مێژووی پەیوەندییەكانی توركیای عوسمانی و روسیای قەیسەر-یش بدەینەوە ئەوە بۆمان دەردەكەوێت كە ئەمەی ئێستا لە نێوان كۆماری دووەمی توركیا بە سەرۆكایەتی ئەردۆغان و روسیای نوێ‌ بە سەرۆكایەتی ڤلادیمیر پوتین هاتووەتە ئاراوە یەكەمجار نیە بەڵكو پێشتریش لە وێستگەی مێژووییدا رووسەكان بە هانای توركەوە چوون و بە جۆرێك لە جۆرەكان پەیوەندی و ساتوسەودایان هەبووە.
پێشتریش ساڵی 1833ی زایینی رێككەوتننامەیەك لەنێوان روسیای قەیسەری و دەوڵەتی عوسمانی-دا مۆركراوە كاتێك 30 هەزار سەربازی هێزی دەریایی روس لە نزیك تەنگەی بۆسفۆر دابەزین بۆ بەهاناوەچوونی سوڵتان مەحمودی دووەمی عوسمانی و پاراستنی لە هێرشی هێزەكانی محەمەد عەلی پاشا. دواتر كاتێك پاشەكشەیان كرد كە رێككەوتننامەی بەرگری هاوبەشیان واژۆكرد لە گەرووی دەردەنیل و مانەوەی هێزی سەربازیی روسیا لەوێندەرێ‌، بۆیە روسەكان ئێستایش خەون بەوەوە دەبینن پەیوەندییەكانیان بگەڕێننەوە بۆ ئەو  رۆژگارە لە دوای زاڵبوون و باڵادەستبوونی هەژموونی  رۆژئاواییەكان لە گەڵ توركیادا.
بۆیە پێدەچێت ئەو بۆندی كڕینی سیستمیS400 ی كە ئێستا لە نێوان روسیا و توركیادا واژۆ كراوە درێژكراوە و بنەمای ئەو ستراتیژە مێژووییە بێت.

ئەگەرچی پەیوەندییەكانی روسیا و توركیا لە نۆڤەمبەری  2015 گەیشتە خراپترین ئاست لە دوای خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی روسی لەلایەن هێزەكانی توركیاوە بەهۆی ئەوەی بواری ئاسمانیی ئەو وڵاتەی بەزاندبوو، دواتر  سەرۆكی هەردوو وڵات توانییان ئەو قەیرانە سەختە تێپەڕێنن و پەیوەندییەكان ئاسایی بكەنەوە، دواتریش دەست بكەن بە وتووێژ بۆ گرێبەستی كڕینی سیستمی S400 ی روسی لە سێپتەمبەری 2017 و دواتر روسیا تیشكی سەوز دابگیرسێنێت بۆ توركیا بۆ ئۆپراسیۆنی قەڵغانی فورات و پاشان زەیتون لە باكوری سوریا.
پوتین دەخوازێت ئەمریكا بەتایبەتی و ئەندامانی ناتۆ بەگشتی لە توركیا دووربخاتەوە، بۆیە هەر فشار و سزایەك لەلایەن ئەمریكاوە بۆ توركیا زیاتر پاڵ بە توركیاوە دەنێت كە زیاتر لە روسیا نزیكبێتەوە، بەتایبەتی هەڕەشەكانی توركیا بۆ پەلاماردانی رۆژهەڵاتی فورات لە سوریا كە لە بندەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات-دایە و هاوپەیمانی ئەمریكان، پێدەچێت بەرەیەكی تری شەڕ بكرێتەوە لە نێوان ناتۆ و توركیادا.

پ: ل. م 








created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure