راپۆرتێكی پێنتاگۆن: ترەمپ هۆكاری گەڕانەوەی داعش بوو بۆ عێراق و سوریا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 12/08/2019‌ :: 423‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
راپۆرتێكی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا، لۆمەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان دەكات بەوەی كە هۆكارێكی یارمەتیدەر بووە بۆ گەڕانەوەی چەكدارانی داعش بەرەو عێراق و سوریا و سەرهەڵدانەوەی جموجووڵ و چالاكییەكانیان لەو دوو وڵاتەدا.

 
بەگوێرەی راپۆرتەكەی پێنتاگۆن كە پێشكەش بە كۆنگرێس كراوە و تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن-ی ئەمریكی بڵاویكردووەتەوە، لێدانی سلكی دیپلۆماسیی ئەمریكا لە عێراق و بڕیاری بەخێرایی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا، كە هەردووكیان لەلایەن ترەمپ-ەوە كراوە، بوونەتە هۆی ئەوەی كە جارێكی تر رێكخراوی داعش بگەڕێتەوە بۆ هەردوو وڵاتەكە بەڵام بەشێوە و بەرنامەیەكی جیاوازەوە.


راپۆرتەكەی پێنتاگۆن ئەوە رووندەكاتەوە كە ئەگەرچی ترەمپ هەواڵی كۆتایهاتنی داعش-ی لە عێراق راگەیاند"بەڵام ئەوان كۆتاییان نەهاتووە بەڵكو (خەلافەت)ەكەیان رووخێنراوە و وەك سەردەمی خەلافەتەكەیان سیستمی كۆكردنەوەی باج و داهات و دەرامەتیان نەماوە، بەڵام ئێستایش لەڕێگەی رفاندن و فیدیە و تاڵانی و سەرانە و بەزۆر پارەسەندنەوە پارەیەكی زۆر كۆدەكەنەوە و كاروبارەكانی خۆیانی پێ‌ راییدەكەن، ئەم رێگەی كۆكردنەوەی پارەیەیش، كە شێوەیەكی لامەركەزیی هەیە، وادەكات نەتوانرێت چاودێریی سەرچاوەی داهاتەكانی داعش بكرێت یاخود بدۆزرێنەوە و ریشەكێش بكرێن".


لە راپۆرتەكەدا ئەوەیش روونكراوەتەوە كە بڕیارەكەی ترەمپ بە كشانەوەی بەشێكی زۆر لە كارمەندانی باڵیۆزخانەكەی ئەمریكا لە بەغدا و كەمكردنەوەی ژمارەی دیپلۆماتكارە ئەمریكاییەكان لە عێراق، راستەخۆ بووەتە هۆی كەمبوونەوە و لاوازبوونی دەسەڵاتی دیپلۆماسیی ئەمریكا لە عێراق و زاڵبوونی دیپلۆماسییەتی (نەیارانی واشنتۆن). هەروەك كاریگەریی خراپیشی كردووەتە سەر ئەرك و رۆڵی رێكخراوە كۆمەكبەخش و مرۆییەكان لە هاوكاریكردن و بەهاناوەچوونی كەسانی لێقەوماو و ئەوانەی پێویستیان بە یارمەتیی مرۆیی هەیە.

دەربارەی سوریا-یش، راپۆرتەكەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا دەڵێت"رێكخراوی داعش لە هێزێكەوە كە خاكێكی فراوانی بەدەستەوە بووە، گۆڕاوە بۆ چەندین گروپی یاخی كە دۆزینەوە و كۆنترۆڵكردنیان قورستر بووە".


لە راپۆرتەكەدا هاتووە"كامپی (هۆل) لە حەسەكە-ی باكووری خۆرهەڵاتی سوریا، كە هەزاران ئاوارەی تێدایە، بووەتە شوێنێكی لەبار بۆ سەربازگیریی ئەندامانی تازەی داعش، چونكە پێدەچێت هێزەكانی حكومەت نەتوانن ناوچەكە لە چەكدارەكان بپارێزن، هەروەها كەمیی پشتیوانییەكانی ئەمریكایش بۆ پاراستن و پارێزگاریی بارودۆخی ئەمنیی، یاخود رووبەڕووبوونەوەی بانگەشەكانی داعش، دەرگای لەبەردەم چالاكییەكانی داعش-دا واڵاكردووە".


زانیارییەكان ئەوە ئاشكرا دەكەن كە "تەنیا نزیكەی هەزار سەربازێكی ئەمریكی لە سوریادا هەن، ئەمەیش ژمارەیەكی كەمە كە دانراوە بۆ قەلاچۆكردنی داعش و پشتیوانیی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)، سەرەڕای بەرەنگاربوونەوەی نفوزی ئێرانی و چاودێریكردنی جموجووڵی هێزەكانی حكومەتی سوریا".
راپۆرتەكەی پێنتاگۆن كە دەنگدانەوەیەكی زۆری لە ویلایەتە یەكگرتووەكاندا دروستكردوە، ژمارەی چەكدارەكانی ئێستای داعش-ی لەنێوان 14 بۆ 18 هەزار چەكدار مەزەندە كردووە.
ئامادەكردن: لوقمان محەمەد رەشید

بڵاوکردنەوە: رێباز



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure