جیهان بە کورتی: پیاوێک ژن و منداڵەکانی دەکوژێت و وێنەکەی بڵاودەکرێتەوە

هەواڵ / جیهان :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 21563‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

پێگە و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی سوریا هەواڵی تاوانێكیان بڵاوكردەوە كە تێیدا پیاوێك ژن و منداڵەكانی خۆیی بە شێوەیەكی دڕندانە كوشتووە. بەپێی ئەو سەرچاوانە تاوانەكە لە گەڕەكێكی شاری دیمەشق روویداوە، سەرەتا پیاوەكە ژنەكەی و هەرسێ‌ منداڵەكەی خۆیی بە گولـلە كوشتووە و دواتر خۆیشی كوشتووە. وێنەكان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بڵاوكراونەتەوە و پۆلیس-یش سەرقاڵی لێكۆڵینەوەی تاوانەكەیە. 

 

تەحتە ئەلمجهەر: كرێكارانی ئۆتێلێك تەزووی كارەبا لە خێزانێك دەدەن
 بەهۆی كەمی و خراپیی بواری خزمەتگوزاریی، خێزانێكی ئوردن-ی دانیشتووی ناو ئۆتێلێكی میسری، لەگەڵ كرێكارانی ئۆتێلەكە دەبێتە شەڕیان. لەو شەڕەدا كرێكارەكان پەلاماری خێزانە ئوردنییەكە دەدەن و تەنانەت تەزووی كارەبایان لە دژ بەكاردێنن. خێزانەكە دەڵێن"كرێكارەكان رێگەیان پێنەداوین پۆلیس ئاگادار بكەین". دواتر باڵیۆزخانەی ئوردن لە قاهیرە، بەدواچوونی بۆ رووداوەكە كردووە.  

 

ئەخبار ئەلئان: نەتەوەیەكگرتووەكان ئاهەنگی رۆژی جیهانیی لاوان دەگێڕێت
ئەمڕۆ 12/8 نەتەوە یەكـگرتووەكان ئاهەنگی تایبەت بە رۆژی جیهانیی لاوان دەگێڕێت و رۆڵی گرنگی ئەو توێژەی كۆمەڵی مرۆیی بەرز رادەگرێت لە پێشكەوتنی جیهاندا. بەپێی پێگەی نەتەوە یەگرتووەكان لەئێستادا ملیارێك و 800 ملیۆن گەنج لەجیهاندا هەیە كە تەمەنیان لەنێوان 10 بۆ 24 ساڵیدایە. 

 

رەئی ئەلیەوم: جاوەش ئۆغلۆ: ناوچەی خۆرهەڵاتی فورات پاكدەكەینەوە
مەولود چاوەش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی توركیا دووپاتی كردەوە كە"ناوچەی خۆرهەڵاتی فورات پاكدەكەینەوە و رێگە بە ئەمریكا نادەین هاوشێوەی رێككەوتنەكەی مەنبج سەرقاڵمان بكات".
ئاژانسی ئەنادۆڵ لە زاری چاوەش ئۆغلۆ-وە دەڵێت"توركیا سوورە لەسەر پاككردنەوەی ناوچەی خۆرهەڵاتی فورات لە ئەندامانی رێكخراوی تیرۆریستی پارتی كرێكارانی كوردستان بە هەر نرخێك بێت. بە ئەمریكایش دەڵێین یان وەرە لەگەڵماندا ئەو ناوچەیە پاكبكەینەوە یاخود توركیا خۆی ناوچەكە لە تیرۆریستان پاك دەكاتەوە".

 

ئیندیپێندنت: لەندەن لەناو بەڵای تاوانی چەقۆدا دەژی
ئامارەكانی پۆلیسی لەندەن ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە تادێت رێژەی تاوانی بەكارهێنانی چەقۆ لەلایەن منداڵانی لەندەن-ەوە لەزیادبووندایە و هۆكارەكەیشی بۆ تەشەنەسەندنی (كەلتووری توندڕەوی) دەگەڕێتەوە لەناو (منداڵانی بێناز)ی لەندەن-دا، بەجۆرێك كە زیاتر لە نیوەی ئەو تاوانانەی بەهۆی بەكارهێنانی چەقۆوە روویانداوە، لەلایەن منداڵانەوە ئەنجامدراوە. 
 

 

ئەلعەرەبی ئەلجەدید: بۆڵتن داوای هەڵوێستی توندتر دەكات لەبەرامبەر ئێران دا
جۆن بۆڵتن راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا گەیشتە لەندەن بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای بریتانیا. لە كۆبوونەوەكاندا بۆڵتن داوا لە حكومەتی لەندەن دەكات هەڵوێستی توندتر بنوێنێت بەرامبەر ئێران. راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا دوو رۆژ لە بریتانیا دەمێنێتەوە و چەندین دۆسیەی جێی بایەخی لەندەن و واشنتۆن باس دەكەن.

 

مەركەز ئەلرەوابت: تەقینەوەیەكی ئەتۆمی قوربانیی لێكەوتەوە
روسیا مەدالیای (قارەمانی نەتەوەیی) پێشكەش بەو پێنج پسپۆرە ئەتۆمییە كرد كە لە تەقینەوەیەكی ئەتۆمیی (ناڕووندا) و لەكاتی تاقیكردنەوەی بزوێنەری مووشەكیك لە شاری سارۆڤ گیانیان لەدەستدا و شارەكەیش پرسەی سەرتاسەریی راگەیاند. زانا ئەمریكییەكان دەڵێن"گومانی ئەوە هەیە تەقینەوەكە لەكاتی تاقیكردنەوەی مووشەكی كروزدا رویدابێت كە توانای هەڵگرتنی كڵاوەی ئەتۆمیی هەیە و خودی ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا شانازیی پێوەكردووە". 

ئەلحوڕە: هاوپەیمانییەكەی سعودیە: براكەی سەركردەی حوسییەكان بە خیانەتیی ناوخۆیان كوژراوە
ئەو هاوپەیمانێتیە سەربازییەی كە سعودیە سەركردایەتی دەكات و بۆ شەڕەكەی یەمەن پێكیهێناوە، رایگەیاند"بەهۆی شەڕی نێوان باڵە ناكۆكەكان و ململانێی خودی حوسییەكان خۆیانەوە، هەروەها بەهۆی ناپاكیی و دەستەگەریی ناوخۆیانەوە، برای سەركردەی حوسییەكانی یەمەن كوژراوە".
كوژراوەكە ناوی ئیبراهیم بەدرەدین حوسی-یە و برای عەبدولمەلیك حوسی سەرۆكی حوسییەكانی ناو یەمەن-ە. ئیبراهیم لە رووداوێكی تەمومژاوی لەناو ماڵێكدا لە سەنعای پایتەختی یەمەن كوژراوە.

ئا: ل. م 
پ: رێباز



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure