پێشبینی دەکرێت 50 هه‌زار گه‌شتیار رووبکەنە ناوچەیەکی هەرێم

هەواڵ / ئابوری :: 7 رۆژ پێش ئێستا‌ :: 101‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 

به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران رایده‌گه‌یه‌نێت: كه‌ پێشبینی ده‌كه‌ن له‌ پشووی جه‌ژنی قورباندا 50 هه‌زار گه‌شتیار رووبكه‌نه‌ هاوینه‌هه‌وار و ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران.


بارزان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌هه‌ر چوار رۆژی پشووی جه‌ژنی قورباندا پێشبینی ده‌كه‌ین 50 هه‌زار گه‌شتیار له‌ باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراق، هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان رووبكه‌نه‌ هاوینه‌هه‌وار و ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران، هاتنی ئه‌و رێژه‌ گه‌شتیاره‌ش بۆ سنووره‌كه‌مان كاریگه‌رییه‌كی زۆری ده‌بێت و جموجوڵی كه‌رتی گه‌شتیاریی بوژاندنه‌وه‌یه‌كی باش به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت. 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: كه‌ له‌ ئێواره‌ی رۆژێک پێش جەژنەوە، زۆربه‌ی شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ده‌ڤه‌ری سۆران پڕبوون له‌ گه‌شتیار و له‌هه‌ندێك شوێنی گه‌شتیاری شوێنی مانه‌وه‌ نه‌ماوه‌. 

به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران باسی له‌وه‌شكرد: كه‌ هێنانی گه‌شتیار له‌لایه‌ن كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌ت كه‌ به‌شێوه‌ی تاك و گروپات گه‌شتیار ده‌هێننه‌ سۆران، كاریگه‌ری زۆری هه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی ژمارەی گه‌شتیاران. 

به‌ڕێژه‌ی %80ی هاوینه‌هه‌وار و ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی سنووری پارێزگای هه‌ولێر كه‌وتوونه‌ته‌ ده‌ڤه‌ری سۆران كه‌ خۆی له‌ قه‌زاكانی سۆران، چۆمان، رواندز و مێرگه‌سۆر ده‌بینێته‌وه‌، خاوه‌نی به‌ناوبانگترین هاوینه‌هه‌وار و ناوچه‌ی گه‌شتیارین کە بریتین لە بێخاڵ، گه‌لی عه‌لی به‌گ، كانی ماران، جندیان، گه‌لی فه‌قیان و قه‌یماسان و چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ی گه‌شتیاریی كه‌ ناسراوترین و دڵگیرترین ناوچه‌ی گه‌شتیاریین له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure