لەسێ رۆژدا لە مەرزێکی هەرێمەوە 16 هەزار گەشتیار هاتوچۆیان کردووە

هەواڵ / ئابوری :: 12/08/2019‌ :: 282‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رێبین حەسەن

تەنیا لەماوەی سێ رۆژی رابوردوودا و لەڕێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە، (16) هەزار گەشتیاری هەرێم و ئێران هاتوچۆیان كردووە.

بەپێی ئامارێكی بەشی نشینگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ كە وێنەیەكی تایبەت دراوەتە دواڕۆژ، تیایدا هاتووە: "لەماوەی سێ رۆژی رابوردوودا، (13) هەزار گەشتیاری هەرێم چوونەتە خاكی ئێران و سێ هەزار گەشتیاری ئێرانیش هاتوونەتە خاكی هەرێم، واتا 16 هەزار گەشتیار هاتوچۆیان كردووە".

بەڵام لەماوەی یەك هەفتەی جەژنی قوربانی ساڵی 2018دا، واتە لەرێكەوتی (19 بۆ 25)ی ئابی 2018دا،  12 هەزار گەشتیاری هەرێم روویان لەكۆماری ئیسلامی ئێران كردووە، بەوەش دەردەكەوێت رێژەی گەشتی سێ رۆژی پێش جەژنی قوربانی ئەمساڵ، لەیەك هەفتەی جەژنی قوربانی پار ساڵ زیاتر بووە.

ئاماژە بەوەشكراوە: لەماوەی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، لەباشماخەوە، 223 هەزار و 240 كەس لەوڵاتی ئێران و رۆژهەڵاتەوە، هاتوونەتە هەرێم. هەروەها 221 هەزار و 215 گەشتیار و هاوڵاتی لەهەرێمی كوردستانەوە، گەشتیان بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان و  ئێران كردووە، ئەمە لەكاتێكدایە كە لەماوەی شەش مانگی یەكەمی ساڵی پاردا 149 هەزار و 640 گەشتیار لەباشماخەوە هاتوونەتە هەرێم و 178 هەزار و 815 گەشتیاری پێچەوانەش هەبووە.

ئەگەر بەراوردی ئەم دوو ئامارە بكەین دەردەكەوێت كە هاتوچۆی گەشتیار لەشەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا، 116 هەزار كەس زیادیكردووە، لەو ژمارەیەش 73 هەزار و 600 گەشتیار هاتوون و 42 هەزار و 400 كەسیش لەهەرێمەوە چوونەتە رۆژهەڵات و ئێران.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure