لەبارەی بەرزکردنەوەی نرخ لەشوێنە گه‌شتیارییەکان هۆشداریی ده‌دات

هەواڵ / ئابوری :: 12/08/2019‌ :: 204‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی

به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران رایده‌گه‌یه‌نێت: كه‌ بۆ پێشوازیكردن له‌ گه‌شتیاران پلانی رۆژانی جه‌ژنی قوربانیان داناوه‌، هه‌ر خاوه‌ن هۆتێل و مۆتێل و شوێنێكی گه‌شتیاریش بارودۆخی هاتنی زۆری گه‌شتیاران بقۆزێته‌وه‌ و نرخ زیاد بكات تووشی سزادان ده‌بێته‌وه‌. 


باررزان محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران به‌دواڕۆژی وت: "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شتوگوزاری سۆران به‌هاوكاری لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ پێشوازیكردن له‌گه‌شتیاران پلانی بۆ هه‌ر چوار رۆژی جه‌ژنی قوربان داناوه‌ و له‌و باره‌یه‌وه‌ سه‌رجه‌م كاره‌كانمان ته‌واو كردووه‌ و له‌ سنووری هه‌ر چوار قه‌زاكانی ده‌ڤه‌ری سۆران به‌ جوانترین و باشترین شێوه‌ پێشوازی له‌ گه‌شتیاران ده‌كرێت".

ڕونیشیكرده‌وه‌: كه‌ لیژنه‌یه‌كیان به‌تایبه‌ت داناوه‌ و به‌رده‌وام شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت و گشتی به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌ و چاودێری شوێنه‌كان ده‌كات و هه‌ر خاوه‌ن هاوینه‌هه‌وار و شوێنێكی گه‌شتیاریش بارودۆخی هاتنی زۆری گه‌شتیاران بقۆزێته‌وه‌ و نرخیان به‌سه‌ردا زیاد بكات تووشی لێپرسینه‌وه‌ و سزادان ده‌بێته‌وه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری گه‌شتوگوزاری سۆران باسی له‌وه‌شكرد: گه‌شتیاران دڵنیا ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ته‌واوی ده‌ڤه‌ری سۆران و ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كانی ناوچه‌كه‌ كه‌شێكی گونجاو و له‌باریان بۆ ده‌ڕه‌خسێنن بۆ ئه‌وه‌ی به‌ باشترین شێوه‌ چێژ له‌به‌سه‌ربردنی كاته‌كانیان وه‌ربگرن.

باسی له‌وه‌شكرد: كه‌ نرخی هیچ شتێك گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نایه‌ت و پێش پشووی جه‌ژن نرخی شتومه‌ك و خواردن و شوێنی مانه‌وه‌ چۆن بوو له‌هاوینه‌هه‌وار و ناوچه‌ گه‌شتیارییه‌كان له‌ پشووی جه‌ژنیشدا به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌مێنێته‌وه‌.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure