حەجی ئه‌مساڵ نزیكه‌ی 32 ملیۆن دۆلار لەسەر هەرێم کەوتووە

هەواڵ / ئابوری :: 12/08/2019‌ :: 418‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌مساڵ حه‌وت هه‌زار و 130 كه‌س چوونه‌ته‌ حه‌ج و ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌ شێوه‌ی ئاسایی ناویان ده‌رچوو بوو بڕی چوار هه‌زار و 200 دۆلار و ئه‌وانه‌شی به‌ شیوه‌ی بازرگانیی چوونه‌ته‌ حه‌ج بڕی شه‌ش هه‌زار و 300 دۆلاریان لێوه‌رگیراوه‌. 

  
نه‌به‌ز ئیسماعیل، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: كۆی گشتی ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌مساڵ سه‌ردانی سعودیه‌یان كردووه‌ به‌مه‌به‌ستی ئەنجامدانی حه‌ج ژماره‌یان حه‌وت هه‌زار و 130 كه‌سه‌، له‌و رێژه‌یه‌ش 802 كه‌س به‌ شێوه‌ی حه‌جی بازرگانی گەشتیان كردووه‌. 

وتیشی: "هه‌ر حاجییه‌ك كه‌ به‌ شێوه‌ی ئاسایی ناوی له‌ تیروپشك ده‌رچووه‌ بڕی چوار هه‌زار و 200 دۆلاری لێوه‌رگیراوه‌ و ئه‌وانه‌شی به‌ شێوه‌ی بازرگانی چوون بڕی شه‌ش هه‌زار و 300 دۆلاریان لێوه‌رگیراوه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: كۆی گشتی ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌ حاجیان وه‌رگیراوه‌ بۆ ئه‌مساڵ بریتی بووه‌ له‌ 31 ملیۆن و 630 هه‌زار و 200 دۆلار. 
 
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌ حاجیان وه‌رده‌گیرێت به‌شێكی بۆ خه‌رجی رێگەیه‌ به‌ فڕۆكه‌و مانه‌وه‌ له‌ هۆتێل و دابینكردنی خواردن و ئه‌و پێداویستییانه‌ی كه‌ حاجی له‌ سعودیه‌ پێویستی پێی ده‌بێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە لە راپۆرتێکی دواڕۆژدا ئەوە ئاشکرا کراوە کە هەر حاجییەک جگە لەو پارەیەی لێی وەرگیراوە، ملیۆنێک دیناریش دەدات بە دیاری وەک تەسبیح، سیواک، بۆن، بەرماڵ، ئاوی زەم زەم ، خورما و چەندین کەلوپەلى دیکە کە هاوردەی هەرێمی کوردستانی دەکەن.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure