چیرۆكی پشت وێنه‌ی خێزانه‌ كورده‌کە ئاشكرا بوو

هەواڵ / کوردستان :: 11/08/2019‌ :: 22087‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، دهۆك

چه‌ند رۆژێكه‌ ئه‌م وێنه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی خێراو به‌ربڵاو له‌ میدیا و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ كوردییه‌كاندا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌‌ و له‌ به‌دواداچونێكدا دواڕۆژ شوێنى وێنه‌كه‌ و چیرۆكى پشت ئه‌و روداوه‌ ئاشكرا ده‌كات.

9ى ئاب ئه‌و خێزانه‌ كورده‌ له‌ خانوى خۆیاندا له‌ گوندی (سیوانه‌ك) له‌ ناوچه‌ی (شێراوا)ی شارى عه‌فرینى رۆژئاواى كوردستان كه‌وتنه‌ ژێر بۆردومانی گروپه‌ چه‌كداره‌كانى سه‌ر به‌ حكومه‌تى توركیا له‌وشاره‌ و به‌و شێوەیه‌ش وێنه‌كه‌یان له‌لایه‌ن چالاكوانانی عه‌فرینه‌وه‌ گیراوه‌ و بڵاوكرایه‌وه‌.

ئیبراهیم شێخ، به‌رپرسی كۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤ له‌ عه‌فرین بۆ دواڕۆژ وتی:"ئه‌م خێزانه‌ له‌ گوندی (سیوانه‌ك) كه‌وتنه‌ به‌ر هێرشی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ توركیا كه‌ ئێستا له‌ ژێر كۆنتڕۆلی‌ یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل ( یه‌په‌گه‌) دایه‌".

 وتیشی:" كاتێك 9ى ئاب (یه‌په‌گه‌)‌ له‌ شێراوا هێرشی كرده‌ سه‌ر بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی توركیا له‌ (كیمار) گروپه‌ چه‌كداره‌كانى سه‌ر به‌ توركیا شێویه‌كی هه‌ڕه‌مه‌‌كی هێرشیانكرده‌ ‌سه‌ر ئه‌و گونده‌".

ناوبراو وتیشی:"له‌و هێرشه‌دا ئه‌م خێزانه‌ به‌ناوه‌كانی (كیبار به‌ره‌كات، ره‌مزیه‌ به‌ره‌كات، سۆزان عه‌لیكۆ، مێریڤان به‌ره‌كات ته‌مه‌ن یه‌ك ساڵ برینداربوون".

به‌رپرسی كۆمه‌ڵه‌ی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عه‌فرین وتیشی:"دوای ئه‌و هێرشه‌ چاڵاكوانه‌كان گه‌یشتنه‌ ئه‌و خانوه‌ و وێنه‌ی ئه‌م خێزانه‌یان گرت، به‌ڵام نازانین وێنه‌گره‌كه‌ كێ بووه‌".
پێداچونه‌وه‌ :هـ.ق



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure