قوربانی رێژه‌ى ئاژه‌ڵ كه‌مده‌كاته‌وه‌؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 210‌ جار بینراوە

دواڕۆژ،پشتیوان جه‌مال

به‌رپرسێكی ته‌ندروستی له‌كوشتارگه‌ی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌ قوربانیكردن له‌ڕۆژانی جه‌ژندا ئاژه‌ڵ كه‌م نابێته‌وه‌، به‌ڵكو چاره‌سه‌ری كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاژه‌ڵ ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تی هه‌رێم گرنگی به‌توخماته‌كانی بدات، ده‌سته‌ی ژینگه‌ش داوا له‌هاووڵاتیان ده‌كات ئاژه‌ڵه‌كان له‌كوشتارگه‌كان سه‌رببڕن.


  ئه‌مڕۆ 11ی ئابی 2019 یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی قوربانه‌ كه‌ جه‌ژنێكی ئاینییه‌، ساڵانه‌ش له‌و جه‌ژنه‌دا به‌شێكی زۆر له‌هاووڵاتیان قوربانی ده‌كه‌ن ‌و به‌پێی توانای دارایی خۆیان ئاژه‌ڵ  سه‌رده‌بڕن و گۆشته‌كه‌ی ده‌به‌خشنه‌وه‌. 

به‌پێی ئاماری كوشتارگه‌ی سلێمانی كه‌ به‌دواڕۆژ دراوه‌، له‌ماوه‌ی پێنج رۆژدا 793 ته‌ن و 800 كیلۆ گۆشت قبوڵكراوه‌ بۆ خواردن، حه‌وت ته‌ن و 150 كیلۆش ره‌تكراوه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا 60 هه‌زار ئاژه‌ڵ هاتووه‌ته‌ كوردستانه‌وه‌، له‌كاتێكدا به‌رهه‌می ناوخۆیی به‌شی 30% تا 40%ی دانیشتوان ده‌كات.

د.شاڵاو عارف، به‌رپرسی ستافی پزیشكی كوشتارگه‌ی سلێمانی به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: قوربانیكردن بابه‌تێكی ئاینییه‌ و راسته‌ ئاژه‌ڵ سه‌رده‌بڕدرێت، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا ئاژه‌ڵی دیكه‌ش هاورده‌ ده‌كرێت و قه‌ره‌بووی ده‌كاته‌وه‌، بۆیه‌ سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ نابێته‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاژه‌ڵ.

ناوبراو روونیكرده‌وه‌: چاره‌سه‌ری كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاژه‌ڵ به‌سه‌رنه‌بڕین نییه‌، به‌ڵكو چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌رهه‌می ناوخۆیی زیاد بكاته‌وه‌ ئه‌وه‌ش له‌ڕێگه‌ی زیادكردنی توخماته‌كانه‌وه‌ به‌كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری زانستی.

هاوكات مه‌لا عه‌تا پێنجوێنی، سه‌رپه‌رشتیاری لقی سلێمانی یه‌كێتی زانایانی ئاینی كوردستان به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: قوربانیكردن سوننه‌ته‌ و ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌یكات ره‌چاوی ئه‌وه‌ بكات ئاژه‌ڵێكی ته‌ندروست بێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئاژه‌ڵه‌كه‌ نه‌خۆش بێت بۆ قوربانی نابێت، بۆ شوێنی سه‌ربڕینه‌كه‌ی ناكرێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیا بكرێت، به‌ڵكو سوننه‌ت وایه‌ مرۆڤ ئاگاداری سه‌ربڕینه‌كه‌ی بێت و ره‌چاوی پاكوخاوێنی بكرێت، له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان سه‌رنه‌بڕدرێت.

مه‌لا عه‌تا ره‌تیكرده‌وه‌، به‌سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ بۆ قوربانی، ببێته‌هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی  ئاژه‌ڵ، له‌و رووه‌وه‌ وتی :"به‌قوربانیكردن ئاژه‌ڵ كه‌م نابێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و قوربانییه‌ ساڵی یه‌ك جه‌ژنه‌، پاشان ئه‌وانه‌ ئاژه‌ڵی ماڵین و به‌رده‌وام له‌گه‌شه‌سه‌ندنن و زیاد ده‌كه‌ن".

ساڵانه‌ له‌زۆربه‌ی ناوچه‌كانی كوردستان چه‌ندێك ئاژه‌ڵ له‌نێو ماڵ و كوشتارگه‌كاندا سه‌رببڕدرێن، ئه‌وه‌نده‌ش له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان سه‌رده‌بڕدرێن، بۆیه‌ به‌رپرسانی ته‌ندروستی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان داوا له‌هاووڵاتیان ده‌كه‌ن پابه‌ندی رێنماییه‌ ته‌ندروستی و ژینگه‌ییه‌كان بن.

د.شاڵاو عارفوتیشى:"له‌ڕووی ته‌ندروستییه‌وه‌ زۆر گرنگه‌ ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ له‌كوشتارگه‌كان سه‌رببڕدرێن، بۆیه‌ ئێمه‌ وه‌كو ستافی كوشتارگه‌ به‌پێی به‌رنامه‌یه‌ك یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژن له‌پێشوازی هاووڵاتیان ده‌بن بۆ سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ له‌نێو كوشتارگه‌".

له‌یاسای ژماره‌ 8ی ساڵی 2008ی ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌دراوه‌ كه‌ هه‌ر گۆڕانكارییه‌كی راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ له‌پێكهاته‌ یان له‌تایبه‌تمه‌ندی ژینگه‌ ببێته‌هۆی زیانگه‌یاندن پێی، یان هاوسه‌نگییه‌ سروشتییه‌كه‌ی بشێوێنێ ئه‌وا تاوانبار سزا ده‌درێت بۆ ماوه‌ی له‌مانگێك به‌ندكردن كه‌متر نه‌بێت یان به‌غه‌رامه‌یه‌ك له‌ 150 هه‌زار دینار كه‌متر نه‌بێت و له‌ 200 ملیۆن دیناریش زیاتر نه‌بێت یان به‌هه‌ردووكیان سزا ده‌درێت.
 
هه‌ندرێن شێخ راغیب، وته‌بێژی ده‌سته‌ی پاراستن و ژینگه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: داوا له‌هاوڵاتیان ده‌كه‌ن له‌كوشتارگه‌كان ئاژه‌ڵه‌كان سه‌رببڕدرێن، چونكه‌ كاتێك ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌كان سه‌رده‌بڕدرێن زیانیان بۆ ته‌ندروستی و ژینگه‌ی ده‌وروبه‌ر هه‌یه‌ و دیارده‌یه‌كی ناشارستانی و زانستییه‌.

ناوبراو روونیكرده‌وه‌: به‌پێی ده‌قی یاسای په‌رله‌مانی كوردستان تایبه‌ت به‌ژینگه‌، هه‌ر شتێك زیان له‌ژینگه‌ی كوردستان بدات به‌پێی بڕ و جۆری زیانه‌كه‌ سزای ژینگه‌یی ده‌یگرێته‌وه‌.

سه‌ربڕینی ئاژه‌ڵ له‌نێو ماڵ و سه‌رشه‌قامه‌كان جگه‌ له‌وه‌ی زیانی ته‌ندروستی و ژینگه‌یی هه‌یه‌، له‌ڕووی مرۆییشه‌وه‌ كاریگه‌ری بۆ سه‌ر مرۆڤ هه‌یه‌.

 محه‌مه‌د گۆمه‌شینی، وته‌بێژی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: قوربانی یه‌كێكه‌ له‌ مه‌راسیمه‌ گرنگه‌كانی ئاینی ئیسلام، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ هاووڵاتیان به‌پێی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان ئه‌و قوربانییه‌ له‌ سه‌ربڕینخانه‌ی حكومه‌ت بكرێت ئه‌وه‌ش له‌پێناو سه‌لامه‌تی و ته‌ندروستبوونی پرۆسه‌كه‌، زۆریش گرنگه‌ ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ به‌به‌رچاوی منداڵان نه‌بێت كه‌ گونجاو نییه‌ سه‌ربڕین و خوێنڕشتن بۆ لایه‌ن و هه‌ستی ناسكی منداڵ.
 پێداچونه‌وه‌ :هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure