برا دووژمنه‌كان: ئایا هاوپه‌یمانى نێوان سعودیه‌ و ئیمارات خه‌ریكه‌ كۆتایی دێت؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 286‌ جار بینراوە

تاگ :: ڕاپۆرت

وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنى  دواڕۆژ 

پێشوازییه‌ سارده‌كه‌ى ئه‌م دواییه‌ى ئیمارات له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى یه‌مه‌ن ئاماژه‌یه‌ بۆ كۆمه‌ڵێك ڕاستى، سه‌رۆك وه‌زیرانى یه‌مه‌ن یه‌كه‌م جاریه‌تى سه‌ردانى ئه‌بو زه‌بى بكات كه‌چى نه‌ له‌لایه‌ن وه‌زیرى ده‌وڵه‌ت، نه‌ وه‌لى عه‌هد یان سه‌رۆك وه‌زیران یان ته‌نانه‌ت وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئیماراتیه‌وه‌ پێشوازى لێ نه‌كرا.

لابردنى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووى یه‌مه‌ن به‌ تۆمه‌تى گه‌نده‌ڵى و شكستى ئیدارى ده‌ره‌نجام ڤیدیۆیه‌كى ئیمارات بوو، چونكه‌ ئه‌و سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ زیاد له‌ پێویست ملكه‌چى ئیمارات نه‌ده‌بوو به‌ تایبه‌ت له‌ مه‌سه‌له‌ى جێگیركردنى هێزى سه‌ربازى ئیمارات له‌ ناوچه‌یه‌كى یه‌مه‌ندا ئه‌مه‌ش واى كرد ئیمارات ئه‌و شوێنه‌ راده‌ستى هێزه‌كانى سعودیه‌ بكات.

ئه‌وه‌ى راستبێت له‌ ساڵى 2017 دا په‌یوه‌ندى نێوان ئیمارات و حوكمه‌تى یه‌مه‌ن به‌ قۆناغێكى دژواردا تێده‌په‌ڕێت پاش ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌مه‌ن ئه‌بووزه‌بى به‌وه‌ تاوانبار كرد كه‌ وه‌كو هێزێكى داگیركه‌ر له‌ یه‌مه‌ندا ره‌فتار ده‌كات، سه‌رۆك وه‌زیرانى تازه‌ى یه‌مه‌ن زۆرباش ده‌زانێت كه‌ ریاز ئه‌وى كردووه‌ته‌ سه‌رۆك وه‌زیران، بۆیه‌ هه‌ر له‌ یه‌كه‌م چركه‌ساته‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌ كه‌ ئه‌و ته‌نیا لایه‌نه‌ ئابوورى و ئیدارییه‌كانى حوكمه‌ت به‌ڕێوه‌ده‌بات و حه‌قى نیه‌ به‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى سیاسى و سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌. 

هه‌شت مانگ به‌سه‌ر دامه‌زراندنى ناوبراودا تێپه‌ڕى ئینجا ئیمارات بڕیاریدا پێشوازى لێ بكات و ده‌شیزانى كه‌ پێویسته‌ ساردى و بایه‌خپێنه‌دانه‌كانى ئیمارات قبوڵبكات، چونكه‌ له‌وه‌ زیاتر پێویستى به‌ پاره‌ى ئه‌و وڵاته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ى كه‌نداوه‌ بۆ به‌ڕێكردنى ئیشوكارى حوكمه‌ته‌كه‌ی و دابینكردنى مه‌سڕه‌فى ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌ى كه‌ زیاتر له‌ چوار ساڵ له‌ یه‌مه‌ندا هه‌ڵگیرساوه‌، سه‌رۆك وه‌زیرانى یه‌مه‌ن نه‌یزانیووه‌ كه‌ ئیمارات ده‌مێكه‌ بڕیارىداوه‌ كۆتاى بهێنێت به‌و گه‌مه‌یه‌ و شوێن به‌رژوه‌ندیه‌كانى خۆى بكه‌وێت نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى سعودیه‌.

ئیمارات به‌ پێچه‌وانه‌ى سعودیه‌وه‌ هه‌رگیز شه‌رعى بوونى حوكمه‌ته‌كه‌ى به‌ ڕیزبه‌ندى یه‌كه‌م دانه‌ناوه‌، ڕازیى نه‌بووه‌  له‌ هاوپه‌یمانه‌كانى سعودیه‌ و هادى كه‌ زۆربه‌یان ئیخوان موسلمینن، ئیمارات به‌ یه‌كه‌م دووژمنى خۆى ده‌زانێت به‌رژوه‌ندى ئیمارات له‌ جه‌نگه‌دا هه‌میشه‌ په‌یوه‌ندى به‌ عه‌ده‌ن و باشور و مسۆگه‌ركردنى به‌نده‌ره‌كانى سه‌ر ده‌ریایى سوره‌وه‌ بووه‌.

ئه‌مانه‌ش پێویستیان به‌ سه‌رمایه‌گوزارى گه‌وره‌ نیه‌ له‌ بوارى سه‌ربازیدا به‌ تایبه‌ت پاش ئه‌وه‌ى كه‌ توانیویه‌تى 90 هه‌زار چه‌كدارى عه‌شیره‌ته‌كانى یه‌مه‌ن بكات به‌ لایه‌نگرى خۆى. بڕیارى كشانه‌وه‌ى ئیمارات له‌ یه‌مه‌ندا شتێكى چاوه‌ڕواننه‌كراو بوو بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانى تازه‌ به‌ كرده‌وه‌ ده‌ستى پێكردووه‌. بڕیاره‌كه‌ى ئیمارات ته‌نیا هه‌ر پاشه‌كشه‌ كردن نیه‌ له‌ یه‌مه‌ن، به‌ڵكو پێداچوونه‌وه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌ به‌ هه‌ڵوێستى ئه‌و وڵاتانه‌دا به‌رامبه‌ر به‌ زۆر كێشه‌ى ناوچه‌كه‌ به‌ تایبه‌ت ململانێ فراوانه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا تاران و ئه‌بووزه‌بى وتوێژێكى راسته‌خۆى كتوپڕیان له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌دا ده‌ستى پێكرد سه‌باره‌ت به‌ هاوكارى سنوورى نێوان هه‌ردوو وڵات. ئه‌مه‌ ماناى وایه‌، كاریگه‌رى سیاسه‌ته‌ تازه‌كه‌ى ئیمارات هه‌ر به‌ته‌نیا یه‌مه‌ن ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكو زیاتر و ئاشكراتر كاریگه‌رى له‌سه‌ر سعودیه‌ دروستده‌كات ئه‌و سعودیه‌یى كه‌ تێوه‌گلاوه‌ له‌ شه‌ڕێكى پڕ خه‌رجى بێ ئامنج، هیچ ئاسۆیه‌كى سه‌ركه‌وتنى تێدا به‌دى ناكرێت، بووه‌ته‌ مایه‌یی ناڕه‌زایی كۆمه‌ڵى نێوده‌وڵه‌تى، سه‌ره‌تاى گه‌رمى نێوان ڕیاز و ئه‌بووزه‌بى بۆ رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى به‌هارى عه‌ره‌بى بوو، یه‌كه‌م به‌رهه‌میشى هاتنى عه‌بدول فه‌تاح سیسى بوو بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى میسڕ له‌ ناوه‌ڕاستى ساڵى 2013 دا. له‌ لوتكه‌ى ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ش له‌ ده‌ستوه‌ردانه‌ سه‌ربازیه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ى سه‌ر یه‌مه‌ندا به‌رجه‌سته‌ بوو له‌ ساڵى 2015 دا له‌ژێر په‌رده‌ى رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى حوسیه‌كان و گێڕانه‌وه‌ى هادى بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات  

تێڕوانینى جیاوازى هه‌ردوو وڵات له‌سه‌ر چۆنێتى به‌ڕێوه‌بردنى یه‌مه‌ن رۆژبه‌رۆژ قوڵتر ده‌بووه‌وه‌ به‌ كرده‌وه‌ ئیمارات كۆنتڕۆڵى یه‌مه‌نى گرته‌ ده‌ست و سعودیه‌ش باكورى ئه‌و وڵاته‌ى كرده‌ ئامانجى هێرشه‌ سه‌ربازیه‌كانى، به‌ڵام درێژه‌كێشانى جه‌نگه‌كه‌ بووه‌ بارێكى قورس به‌سه‌ر ناوبانگى ئیماراته‌وه‌. ئه‌بووزه‌بى له‌ له‌ناچاریدا بڕیاریدا ستراتیجه‌كه‌ى بگۆڕێت و هه‌وڵبدات ره‌وتێكى دیپلۆماسى شه‌ڕ په‌یڕه‌وبكات، هێزه‌ سه‌ربازیه‌كه‌نى له‌ یه‌مه‌ندا كه‌مبكاته‌وه‌ به‌ تایبه‌ت كه‌ بۆى ده‌ركه‌وتووه‌ هه‌موو ئامانجه‌ تایبه‌تیه‌كانى خۆى له‌ یه‌مه‌ندا به‌ده‌ستهێناوه‌. له‌ سه‌رێكى تریشه‌وه‌ زیادبوونى جموجۆڵه‌كانى ئێران به‌ تایبه‌ت له‌ ته‌نگه‌ى هورمزدا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر ئیمارات كه‌ بۆى ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌مریكا نایه‌وێت بكه‌وێته‌ جه‌نگێكى راسته‌وخۆوه‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا. هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا ئیمارات له‌وه‌ ده‌ترسێت خه‌زه‌بى گۆنگرێسى ئه‌مریكا له‌ سعودیه‌ ئیماراتیش بگرێته‌وه‌ ئه‌مانه‌ هه‌موو وایانكردووه‌ كه‌ ئیمارات به‌ سیاسه‌ته‌كانى خۆیدا بچێته‌وه‌ و زۆر گرنگ نه‌بێت به‌ لایه‌وه‌ هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ سعودیه‌دا درێژه‌ پێ بدات.

پ: ئا.ح

سه‌رچاوه‌ : ئه‌لمه‌یدان 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure