حاجییانی ئەمساڵ بەبەهای زیاتر لە چوار ملیار دینار دیاری دەکڕن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 362‌ جار بینراوە

تاگ :: ڕاپۆرت

دواڕۆژ: ڕاپۆرتی سەنگین خۆشناو

ئەمساڵى 2019 بەراورد بە ساڵانی پێش قەیرانی دارایی هاوردەکردنی کەلوپەلی دیاری حاجییان و فرۆشی ئەو کەلوپەلانەش لە 20% کەمبووەتەوە.


ساڵانە لە وەرزی حەجدا زۆرترین تەسبیح، سیواک، بۆن، بەرماڵ، ئاوی زەم زەم ، خورما و چەندین کەلوپەلى دیکە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.

کاکەمین عوسمان، خاوەنی بازاڕی مەدینە بۆ فرۆشتنی کەلوپەلی دیاری حاجیان، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "ساڵانی پێش قەیرانی دارایی بازاڕمان زۆر باش بوو، بەڵام دووای تێکچوونی بارودۆخی  دارایی حاجییانیش خەرجییەکانیان کەمکردووەتەوە، چونکە بازاڕی ئێمە لە 20% کەمبووەتەوە، بەجۆرێک تا پێش ساڵی 2014 فرۆشی رۆژانەمان تا  سەرووی 10 ملیۆن دینار بوو، ئەمساڵ کە بارودۆخیش باشتربووە نەگەیشتووینەتە 8 ملیۆن دینار".

کاکەمین عوسمان، دەشڵێت: "حاجییان دیاری و شتومەکەکان جگە لە ئاوی زەم زەم و خورما هەمووی لێرە دەکڕن، چونکە تێچووی کەمترە بۆ ئەوان، هەر حاجییەک بە فڕۆکە تەنیا دەتوانێت 35 کیلۆ بهێنێته‌وه‌ و ئەگەر زیاتر  بهێنێت پارەی لێوەردەگیرێت".

ئه‌و خاوه‌ن بازاڕه‌، لەبارەی هاوردەکردنی کەلوپەلەکانەوە دەڵێت: "زۆربەی کەلوپەلەکان لە چین و تورکیاوە هاوردە دەکەین بەشێکیشی لە سعودیە و ئێران، بەڵام زۆرترین خواست لەسەر کەلوپەلەکانی چین و تورکیایە".

دەربارەی نرخ ئەو فرۆشیارە دەڵێت: "لای ئێمە تەسبیح، سیواک، بۆن، لەچک، بەرماڵ، کراس و چەندین شتی دیکەش بە دەرزەن واتا 12 دانە پێکەوە دەفرۆشرێن کە لە 10 هەزارەوە تاوەکو 100 هەزار دینارە، بەڵام گرانترین کەلوپەل هی وڵاتی تورکیایە بۆیە زۆرترین فرۆشمان کەلوپەلی چینییە، چونکە هەرزانە".

ئەمساڵ لە عێراق 48 هه‌زار و 80 کەس بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چوونه‌ته‌ سعودیە کە بۆ هەر کەسێک 4 هەزار و 200 دۆلار وەرگیراوە،  کۆی گشتی پارەکە دەکاتە 20 ملیۆن و 496 هەزار دۆلار.

بەپێی قسەی بازرگانانی فرۆشتنی کەلوپەلی دیاری حاجیان هەر حاجییەک به‌ئه‌ندازه‌ى نزیکەی یەک ملیۆن دینار دیاری دەکڕێت، بەوپێیەش بێت ئەمساڵ 4 ملیار و 880 ملیۆن دینار تەنیا بۆ کڕینی دیاری خەرجکراوە.

حاجی هیدایەت کە ئەمساڵ ناوی بۆ حەج دەرچوو ئێستا لە شاری مەککەیە لە سعودیەوە بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "پێش ئەوەی بڕۆم بەبەهای 800 دۆلار تەسبیح، بۆن، کراس و چەند دیارییەکی دیکەم کڕیوە".

دەشڵێت: "لە سعودیە خورما و ئاوی زەم زەم دەکڕم، بەڵام هەندێک دیاری تایبەتیش پێویستە کە بۆ ئەوەش 500 دۆلارم داناوە".

ماهیە مستەفا، شەش ساڵە پارەی کۆکردووەتەوە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "شەش ساڵە پارە کۆدەکەمەوە بۆ چوونە حەج ئەمساڵ ناوم گەڕایەوە، 500 هەزار دینارم داناوە بۆ کڕینی کەلوپەل بۆ دیاری".

ماهیە، دەشڵێت: "کوڕەکانم راسپاردووە بۆ کڕینی کەلوپەلەکان بۆ دیاری کە ناچارین بیکڕین، چونکە کە دەگەڕێمەوە خزم و دۆست سەردانم دەکەن بۆیە نابێت بە دەستی بەتاڵ بڕۆین".

تا کۆتایی ساڵی 2009 حاجییان زیاتر شتومەکەکانیان بۆ دیاری لە سعودیە بەڕێگەی وشکانی و لەڕێگەی کۆمپانیاکانی گواستنەوەی کەلوپەل هاوردە دەکرا، بەشێکی زۆری کەلوپەلەکان بە سەلامەتی نەدەگەیشتەوە دەست حاجیان و یاخود هەندێک جار دووادەکەوت.

ئەرشەد تەها، شارەزای ئابوری لەبارەی هاوردەکردنی شتومەکی حاجییان دەڵێت: "سەرەڕای ئەوەی ئەو خەرجییە زۆرەی حاجییان زیانێکە لە بەهەدەردانی پارە و دەوڵەمەندکردنی وڵاتان، بەڵام دانانی کۆمپانیای تایبەت بە فرۆشتنی ئەو جۆرە کەلوپەلانە کارێکی باشە ئەو پارە زۆرەی بۆ کڕینی شتومەک لە سعودیە خەرجدەکرا لەناوخۆی کوردستان  خەرجدەکرێت".

دەشڵێت: "پێویستی زۆرمان بە دەمەزراندنی کارگەی دروستکردنی جلوبەرگ و بەشێکی زۆری ئەو شتومەکانەیە کە بۆ دیاری بەکاردێت، بۆیە پێویستە بازرگانان و حکومەتیش کارگە دابمەزرێنن، چونکە ئەگەر کارگەی ناوخۆ هەبێت ئەوا کەلوپەلەکانیش دەبنە خۆماڵی، ئەو پارەیه‌ى  لەسعودیە خەرجدەکرێت دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان و لێرە خەرجدەکرێن".

پ: ئا.ح
بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure