یه‌كێك له‌ رفێنراوه‌كان به‌ پاره‌یه‌كی زۆر ئازادكرا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 351‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن

دوای ئه‌وه‌ی چه‌كدارانی داعش، مام و برازایه‌كیان له‌ سنووری ناحیه‌ی جه‌له‌ولا  رفاند، یه‌كێك له‌ رفێنراوه‌كان له‌ به‌رامبه‌ر 40 هه‌زار دۆلاردا ئازادكرا. هه‌رچه‌ندە له‌كاتی ئاڵوگۆڕكردنی رفێنراوه‌كه‌ به‌ پاره‌كه‌،‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان بۆسه‌یان دانابوو، به‌ڵام هیچیان نه‌كرد.

رۆژی 26ی مانگی حوزه‌یرانی 2019، له‌ گوندی ئیسلاح-ی سه‌ر به ‌ناحیه‌ی جه‌له‌ولا، له‌كاتی رۆیشتیان بۆ سه‌ر كێڵگه‌ كشتوكاڵییه‌كه‌یان، چه‌كدارانی داعش دوو هاووڵاتیان رفاند كه‌ مام و برازا-ن، مامه‌كه‌ نابیست-ه‌ و ئه‌وی دیكه‌یشیان كه‌ ئێستا ئازادیان كردووه، نه‌خۆشه‌.

ئه‌حمه‌د ئیسماعیل خزمی نزیكی رفێندراوه‌كان، به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند:"چه‌كدارانی داعش دوو كه‌سی بنه‌ماڵه‌كه‌یان به‌ ناوی لوئه‌ی موشرف ته‌مه‌ن 29 ساڵ و عه‌بدولڕه‌حمان عه‌ودا موشرف ته‌مه‌ن 12 ساڵ كه‌ مام و برازان، رفاند و دوای په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر شه‌وی رابوردوو عه‌بدولڕه‌حمان له‌به‌رامبه‌ر 40 هه‌زار دۆلار ئازاد كرا. 

وتیشی:"له‌كاتێكدا لوئه‌ی موشرف نابیست-ه‌ و نایشتوانێت قسه‌ بكات، عه‌بدولڕه‌حمان-یش نه‌خۆشیی دڵی هه‌یه‌. چه‌كداره‌كانی داعش به‌ بیانووی ئه‌وه‌ رفاندوونی كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ چه‌كدارانی سه‌حوه‌-وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وان سه‌رقاڵی كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵدارین و هیچ په‌یوه‌ندیان به‌ هیچ گروپ و هێزێكی ئه‌منی و چه‌كداره‌وه‌ نییه‌".

ئەحمەد دەڵێت:"هه‌رچه‌نده‌ شه‌وی رابوردوو مێردمنداڵه‌كه‌یان ئازاد كرد، به‌ڵام تائێستا رفێندراوه‌كه‌ی تر چاره‌نووسی نادیاره‌. بۆ ئازادكردنی ئه‌و مێردمنداڵەیش ‌ كه‌سوكاره‌كه‌ی، له‌ دانیشتوانی خه‌ڵكی ئیسلاح و خزم و دۆستانیان پاره‌كه‌یان كۆكردوه‌ته‌وه‌ و پێشتر بۆ ئازادكردنی هه‌ردووكیان داوای 2 سەدهه‌زار دۆلاریان ده‌كرد".

گوندی ئیسلاح له‌ نێوان كه‌لار و جه‌له‌ولا-دایە و یه‌كێكه‌ له‌ گونده‌ گه‌وره‌ و فراوانه‌كانی ناوچه‌كه‌. له‌ دوای كشانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ئێستادا بارودۆخی ئه‌منیی زۆر خراپ بووه‌ و ناوبه‌ناو چه‌كدارانی داعش كرده‌وه‌ی تیرۆریستی تێیدا ئه‌نجامده‌ده‌ن.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئاسایشی جه‌له‌ولا به‌ دواڕۆژی وت:"شه‌وی رابوردوو له‌كاتی ئازادكردنی ئه‌و مێردمنداڵه،‌ له‌ نزیك گوندی سلێمان وه‌هاب سوپای عێراق بۆسه‌ی بۆ چه‌كداره‌كان دانابوو، چونكه‌ به‌ وردی ئاگاداری هاتنی چه‌كداره‌كان و وه‌رگرتنی پاره‌كه‌ و ئازادكردنی منداڵه‌كه‌بوون. چه‌كداره‌كان گه‌یشتنه‌ ناوچه‌كه‌، به‌ڵام سوپای عێراق هیچ جووڵه‌یه‌كی نه‌كرد و ئه‌وانیش كاری خۆیان كرد و پاره‌كه‌یان برد و گه‌ڕانه‌وه‌. له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان ئینجا سوپای عێراق ته‌قه‌یان له‌ چه‌كداره‌كان كرد و ئه‌و ته‌قه‌كردنه‌یش زیانی پێنه‌گه‌یاندوون. تائێستا هۆكاری ئه‌وه‌ دیار نییه‌ بۆچی سوپای عێراق، كه‌ بۆسه‌ی بۆ چه‌كداره‌كان دانابوو، له‌كاتی هاتنیان بێده‌نگ بوون".

 سه‌رچاوه‌كه‌ی ئاسایشی جه‌له‌ولا دەڵێت:"چه‌كدارانی داعش ماوه‌یه‌كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ جموجۆڵیان زیادی كردووه‌ و له‌م رێگه‌یه‌یشه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی دارایی په‌یداده‌كه‌ن. له‌ رفاندنی كه‌سانی دیكه‌یش سه‌ره‌تا داوای پاره‌ی زۆریان ده‌كرد، به‌ڵام دواتر به‌ 40 هه‌زار و 50 هه‌زار دۆلار كه‌سه‌كانیان ئازاد كردووه‌".

بارودۆخی سنووری جه‌له‌ولا تادێت خراپتر ده‌بێت ئه‌مه‌یش وایكردووه‌ هاووڵاتیانی كورد له‌ ناوچه‌كه‌، به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر، ناوچه‌كه‌یان جێهێشتووه‌ و بۆ نه‌ته‌وه‌كانی دیكەیش بارودۆخ ناهه‌مواره‌ و ژیانی هاووڵاتیان له‌ مه‌ترسیدایه‌. 

خه‌لیل خوداداد به‌رپرسی یه‌كێتی له‌جه‌له‌ولا، بۆ‌ دواڕۆژ دەڵێت:"ئێستا سنووری جه‌له‌ولا به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی به‌ ده‌ستی چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی-یه‌وه‌یه‌ و به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی هه‌یه‌ كوردێكی زۆر ناوچه‌كه‌یان جێهێشتووه‌ به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی پێشمه‌رگه ‌و ئاسایش و پۆلیس و كادری حیزبین، هیچ خێزانێكی ئه‌وانه‌ له‌ جه‌له‌ولا نه‌ماون. ئێستا كورد له‌ ناوچه‌كه‌ بێده‌سه‌ڵاته‌، به‌هۆی بارودۆخی خراپی جه‌له‌ولا و به‌ تایبەتی گونده‌كانی ده‌وروبه‌ریه‌وه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ش بارودۆخه‌كه‌ ناهه‌موار و ئاڵۆزه‌ و رۆژانه‌ كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كان و ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی چه‌كداره‌كان ترس و شڵه‌ژانی لای هاووڵاتیان دروستكردووه‌".

له‌ دوای پرۆسه‌ی ئازادیی عێراق-ه‌وه‌ سنووری جه‌له‌ولا هه‌میشه‌ ناوچه‌یه‌كی مه‌ترسیدار بووه‌، ئه‌مەیش به‌هۆی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی قاعیده‌ و نه‌قشبه‌ندی و دواتریش داعش، باشترین كاتی ئه‌و ناوچه‌یه‌ ئه‌وكاتانه‌ بووه‌ كه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ سنووره‌كه‌ باڵاده‌ست بوون.

پ: ل. م
ب: ک. س





  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure