بریندارێکی رووداوەکەی ئاکرێ گیانی لەدەستدا

هەواڵ / کوردستان :: 10/08/2019‌ :: 348‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رەڤەند گوھەرزی

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (شەممە ١٠ی ئابی ٢٠١٩) شەڕەتەقە لە سەنتەری قەزای ئاکرێ روویدا و بەھۆیەوە حەوت کەس برینداربوون كە یەکێک لە بریندارەکان پێش ئەوەی بگەیەنرێتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

سەباح زوھەیر بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی قەزای ئاکرێ بە دواڕۆژی وت:"ھۆکاری ئەو رووداوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سەرەتا خاوەنی دوو دوکانی ئاسنگەریی لە گەڕەکی پیشەسازیی ئاکرێ دەمەقاڵە لە نێوانیاندا دروست دەبێت و دواتر دۆخەكە گەیشتووەتە ئاستێک شەڕ لە نێوانیاندا روویدا و چەک بەکارھاتووە".

وتیشی:"لەو شەڕەدا حەوت کەس برینداربوون، چوار لە بریندارەکان برانە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاکرێ و یەکێکیش رەوانەی دھۆک و دوانیتریش رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ھەولێر کراون".

سەباح زوھەیر دەڵێت:"ئەو بریندارەی رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دھۆک کرا، پێش ئەوەی بگاتە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە و ئەوانەی رەوانەی ھەولێریش کراون باری تەندروستیان ناجێگیرە".

بەوتەی بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی قەزای ئاکرێ"پێنج لە بریندارەکانی رووداوەکە بە چەک و دوانەكەی تریش بە ئاسن برینداركراون".

پ: ل. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure