ئه‌یاد حه‌سه‌ن: پێویسته‌ حكومه‌ت و هاووڵاتی كه‌رەسته‌ی خۆماڵی به‌كاربێنن

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 13/08/2019‌ :: 237‌ جار بینراوە
ئه‌یاد حه‌سه‌ن:

دواڕۆژ، بورهان یه‌حیا

سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازیی پارێزگای دهۆك له‌ چاوپێكه‌وتنێكی دواڕۆژ دا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌رنامەی سه‌‌رەكی حكومه‌ت نه‌وت بووه‌ و گرنگی به‌ كه‌رته‌كانی تر نه‌داوه‌ و كۆمپانییه‌ نه‌وتییه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ رێژه‌ی بێكاری كه‌م بكه‌نەوە. ئەیاد حەسەن سه‌رۆكی ژووری بازرگانی و پیشه‌سازی پارێزگای دهۆك دەڵێت: "كه‌میی بازاڕ گه‌وره‌ترین ترسه‌ لای بازرگانان و ده‌بێت حكومه‌ت یاسای پشتگیری به‌رهه‌می خۆماڵی په‌سه‌ند بكات و به‌ پراكتیك جێبه‌جێ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌رتی پیشه‌سازیی گه‌شه‌ بكات". 

 
دواڕۆژ: ئایا به‌ هاتنی كۆمپانیا بیانیه‌كانی بواری نه‌وت رێژه‌ی بێكاریی كه‌مبووەتەوە؟
ئه‌یاد حه‌سه‌ن:
كه‌رتی نه‌وت له‌ هه‌رێم و عێراق تازه‌یه‌ و ئێمه‌ پسپۆری و سه‌ربۆرمان كه‌مه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌ر هه‌موو ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی له‌ بواری نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان كار دەكه‌ن زۆربه‌ی كارمه‌ند و ئه‌ندازیار و پسپۆر و هه‌تا كرێكارانی خۆیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات له‌گه‌ڵ خۆیان دێنن. ئه‌مه‌ وایكردووە هاتنی ئه‌م كۆمپانیانه‌ نه‌توانێت كاریگه‌رییه‌كی زۆر له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی بێكاریی بكات و حكومه‌تیش مه‌رجی دامه‌زراندنی كرێكارانی ناوخۆی له‌سه‌ریان نه‌سه‌پاندووه‌.

دواڕۆژ: بۆچی جگه‌ له‌ كه‌رتی نه‌وت گرنگی به‌ كه‌رته‌كانی تری وه‌ك پیشه‌سازی و گه‌شتوگوزار نه‌دراوه‌؟
ئه‌یاد حه‌سه‌ن: به‌رنامه‌ی سه‌ره‌كی حكومه‌تی هه‌رێم كه‌رتی نه‌وت بووه‌ و هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان و په‌رله‌مان سه‌رقاڵی بوون و كه‌رته‌كانی تر پشتگوێخران و بودجه‌ی تایبه‌ت بۆیان ته‌رخان نه‌كرا. ئێستا پێویسته‌ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان پلانی چوار ساڵه‌یان بۆ زیادكردنی داهات له‌ رێگای كه‌رته‌كانی تری وه‌ك بازرگانی، گه‌شتوگوزار، پیشه‌سازی و كشتوكاڵ  هه‌بێت و حكومه‌ت چه‌ند بانكێك دابمه‌زرێنێت بۆئه‌وه‌ی پشتگیریی ئه‌م كه‌رتانه‌ بكات و قه‌رزیان پێبدات بۆئه‌وه‌ی بتوانن خۆیان نوێ بكه‌نه‌وه‌ و بازاڕیان له‌ وڵاتانی تر بۆ بدۆزنه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی بتوانن به‌رهه‌مه‌كانیان ساغبكه‌نەوە، به‌مه‌ ده‌گه‌ینه‌ سه‌ربه‌خۆیی ئابووری.

دواڕۆژ: حكومه‌ت چۆن ده‌توانێت بازاڕ بۆ ‌به‌رهه‌می خۆماڵی بدۆزێته‌وه‌؟
ئه‌یاد حه‌سه‌ن
: پێویسته‌ هه‌موو داموده‌زگاكانی میری له‌ هه‌رێم، هه‌وڵبده‌ن كه‌رەسته‌ی خۆماڵی بكڕن و سوودی لێوه‌ربگرن. هه‌ر كاتێك حكومه‌ت بیه‌وێت پڕۆژه‌یه‌ك ئه‌نجام بدات پێویسته‌ چه‌ندین مه‌رج بۆ وه‌به‌رهێن‌ یان خاوه‌نكار دابنێت بۆئه‌وه‌ی كه‌رەسته‌ی ناوخۆ به‌كار بێنێت وه‌كو چیمه‌نتۆ یان ئاسن یان هه‌ر شتێكی تر و رێگاكان بۆ گه‌یشتنی به‌رهه‌می خۆماڵی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات  ئه‌ویش به‌ رێگای ترانزێت.

دواڕۆژ: گله‌یی له‌ به‌شێك له‌ بازرگان و سه‌رمایه‌داران ده‌كرێت كه‌ زیاتر پشت به‌ هاورده‌كردن ده‌به‌ستن نه‌ك كردنه‌وه‌ی كارگەی پیشه‌سازیی، ئەمە وایە؟
ئه‌یاد حه‌سه‌ن:
بازرگانه‌كان حه‌ز ده‌كه‌ن له‌ ناوخۆ ئیش بكه‌ن بەڵام ترسیان له‌ نه‌بوونی پشتیوانی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر یاسای پشتیوانی به‌رهه‌می خۆماڵی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربچێت وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌ عێراق هه‌یه‌ و به‌ كردار كاری پێبكرێت، ئه‌وكات بازرگان ده‌توانێت به‌ره‌و كه‌رتی پیشه‌سازیی بێت چونكە ده‌زانێت پشتیوانیی لێده‌كرێت و پێویسته‌ باج له‌سه‌ر كه‌رەسته‌ی هاورده‌ زیاد بكرێت و كاره‌بای كۆمپانیا و كارگه‌كان بازرگانی نه‌بێت و نرخه‌كه‌ی گونجاو بێت و هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان به‌رهه‌می خۆماڵی بكڕن.

دواڕۆژ: جاران قه‌ده‌غه‌كردنی هاورده‌ ببووه‌ هۆی سه‌رهەڵدانی قه‌یران، چۆن هاوسه‌نگیی راده‌گیرێت؟
ئه‌یاد حه‌سه‌ن: لێره‌ ده‌بێت وه‌زاره‌تی پلاندانان رۆڵی هه‌بێت و بزانرێت پێداویستی خه‌ڵكی كوردستان بۆ هه‌موو كه‌رەسته‌كان چه‌نده‌ و قه‌باره‌ی بازرگانی له‌ هه‌موو ده‌رگا سنووریه‌كان بزانێت ئایا چ رێژه‌یه‌ك بۆ هه‌رێم و چه‌ند بۆ عێراق ده‌چێت؟ به‌گوێره‌ی ئه‌م داتایانه‌ بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردن یان هاورده‌كردنی كه‌رەسته‌كان بدرێت. به‌ڵام به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌بێت هاووڵاتی و حكومه‌ت كه‌رەسته‌ی خۆماڵی به‌كاربهێنێت، هه‌تا له‌ دانانی كارگه‌ی پیشه‌سازییش پێویسته‌ كۆنترۆڵی بازاڕی عێراق بكرێت.

دواڕۆژ: پاره‌یه‌كی زۆر بۆ دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی موسڵ خه‌رج ده‌كرێت، بازرگانانی دهۆك چۆن دەتوانن سوودی لێوه‌ربگرن؟
ئه‌یاد حه‌سه‌ن:
پارێزگای نه‌ینه‌وا نزیكی 3.5 ملیۆن كه‌س تیا ده‌ژین و خودی شاری موسڵ نزیكترین شاری گه‌وره‌ی عێراقه‌ بۆ هه‌رێم و به‌تایبه‌ت بۆ دهۆك، به‌مه‌یش خه‌رجیی گواستنه‌وه‌ی كاڵاكان بۆ بازرگانان كه‌متره‌ و ده‌توانن به‌ نرخێكی هه‌رزانتر له‌ شوێنه‌كانی تر كه‌رەسته‌ بۆ ناو بازاڕی موسڵ بگوازرێنه‌وه‌، له‌ هه‌موو كه‌رت و پسپۆرییه‌كان بازرگانه‌كانی دهۆك ده‌توانن پڕۆژه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن. هه‌تا ئێستا كۆنگره‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق له‌ كوەیت هیچ سوودێكی نه‌بووه‌ و خودی حكومه‌تی عێراقیش پاره‌یه‌كی به‌رچاوی بۆ موسڵ ته‌رخان نه‌كردووه‌، ئه‌مه‌ جێگای نیگه‌رانیی خودی خه‌ڵكی موسڵ-ه‌ و زیانی به‌ بازرگانانیش گه‌یاندووه‌. به‌گوێره‌ی داتاكان موسڵ پێویستی به‌ 20 ملیار دۆلاره‌ بۆ دووباره‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌.

دواڕۆژ: له‌به‌ر قه‌یرانه‌كان و زیانی گه‌وره،‌ ئایا دیارده‌ی خۆكۆژیی له‌ناو بازرگاناندا هەیە؟
ئه‌یاد حه‌سه‌ن: هه‌تا ئێستا هیچ بازرگانێك له‌به‌ر تێكچوونی بواری ئابووری خۆی نه‌كوشتووه‌، ئەگەرچی زۆر دڵگران وتووشی كێشه‌ بوون. به‌ڵام رووداوی خۆكوشتن‌ له‌ناو به‌ڵێنده‌ران-دا هه‌یه‌ چونكه‌ به‌ ته‌واوه‌تی ئیشیان نه‌ما و پاره‌یه‌كی زۆریان لای حكومه‌ت ماوه‌.

دواڕۆژ: هاتنی قه‌یرانه‌كان چه‌ند كاریگه‌ر بووه‌ بۆئەوەی پاره‌ی سه‌رمایه‌داران بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بچێت؟
ئه‌یاد حه‌سه‌ن:
به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ هه‌موو جیهان بازرگان و سه‌رمایه‌دار له‌و شوێنه‌ ئیش ده‌كه‌ن كه‌ ئارامی و سه‌قامگیریی تیاهه‌بێت، ئه‌گه‌ر جۆره‌ مه‌ترسییەك بۆ سه‌ر بازرگانی وكه‌رەسته‌ و كۆمپانیا‌كانیان هه‌بێت ئه‌وا  به‌ره‌به‌ره‌ پاشه‌كشی ده‌كه‌ن و به‌ دوای شوێنێكی گونجاوتردا ده‌گه‌ڕێن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ سه‌دان كیلۆمه‌تر جه‌بهه‌مان له‌گه‌ل داعش هه‌بووه‌ به‌ڵام هه‌موو كاتێك له‌ناو شاره‌كان ئێمناهی هه‌بووه‌، ئه‌مه‌ لای بازرگانه‌كان گرنگیی خۆی هه‌یه‌ و رەچاودەكرێت و له‌ ئیشه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بن.

 

پ: ل.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure