گەشتوگوزاری سلێمانی: پێشبینی هاتنی زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار دەكەین

هەواڵ / کوردستان :: 10/08/2019‌ :: 231‌ جار بینراوە
بازاڕێکی سلێمانی

 دواڕۆژ، هۆگر كەمال
 
بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی ئاشكرای دەكات كە تا دوێنێ‌ نزیكەی 24 هەزار گەشتیار روویان لە شارەكەمان كردووە، دەشڵێت "پێشبینی دەكەین ئەم جەژنە زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار بێنە پارێزگاكەمان".

 
عەلی رەئوف، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری پارێزگای سلێمانی، بە دواڕۆژی وت: "لە رۆژی (8ی ئابی 2019)ەوە كە دەستمانكردووە بە وەرگرتنی ئاماری سەرەتایی تا دوێنێ‌ هەینی نزیكەی 24 هەزار گەشتیار روویان لە پارێزگای سلێمانی كردووە".
 
وتیشی: "گەشتیارەكان بە پلەی یەكەم خەڵكی شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقن، ئەوانی دیكەش ئێرانین، كە لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و مەرزی باشماخ و بازگەكانەوە روو لە پارێزگاكەمان دەكەن".
 
عەلی رەئوف، ئاماژەی  بەوەشدا "پێشبینی دەكەین ئەم جەژنە جیاواز لە جەژنەكانی رابوردوو لەماوەی ئەو 10 رۆژەی ئامار وەردەگرین (لە رۆژانی 8 بۆ 18ی ئابی 2019)، زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار روو لە پارێزگای سلێمانی بكەن".
 
باسی لەوەشكرد "ئامادەكاری تەواومان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران كردووە و لیژنەمان پێكهێناوە كە لە بازگەكان ئامادە دەبن، جگە لەوەش ژمارە مۆبایلێكمان داناوە بۆ گەشتیاران بۆ ئەوەی هەر گرفتێكیان هەبوو پەیوەندیمان پێوەبكەن، داواشمان لەسەرجەم رێستۆرانتەكان كردووە لە رۆژانی جەژن كراوەبن".
 
دەشڵێت: "لە پارێزگای سلێمانی هەزار و 128 هۆتێل و كابینە و گوندی گەشتیاری مۆڵەتی گەشتیارییان هەیە".
 
پارێزگای سلێمانی خاوەنی 98 هۆتێل و 36 میوانخانە و پێنج ناوچە كە كەپری گەشتیارییان لێیە، لەگەڵ 74 رێستۆرانت و 68 هۆتێلی میللـی و ژمارەیەك ئەپارتمێنتی راخراو.
 
بەپێی ماستەرپلانی گەشتیاریی هەرێمی كوردستان، كە لەلایەن كۆمپانیای (تیم ئینتەرناشناڵ) لە ساڵی 2012 ئامادەكراوە، لە شاری سلێمانی نزیكەی 233 ناوچەی گەشتیاری هەن‌.
 
هەروەها بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی ساڵی (2007)، تەنها 77 هەزار و 933 گەشتیار روویان لە شاری سلێمانی كردووە، ئامارەكان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدابوون و لەساڵی (2017) دا 733 هەزار و 358 گەشتیار روویان لەو پارێزگایە كردووە، بەڵام لە ساڵی (2018) دا ژمارەی گەشتیارانیان گەیشتووەتە 107 هەزار.


شاری سلێمانی دەتوانێت ساڵانە پێشوازی لە چوار ملیۆن گەشتیار بكات و  داهاتی ساڵانەی گەشتوگوزار لەو شارە زیاتر بووە لە یەك ملیار و 700 ملیۆن دینار، ئەمەش بەپێی ئامارێكی گەشتوگوزار.


پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure