تاتۆ كردن شوێنە هەستیارەكانی كچان و كوڕانیشی گرتۆتەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 10/08/2019‌ :: 3044‌ جار بینراوە

تاگ :: ڕاپۆرت

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 


"بەدەزگیرانەكەمم وت بەر لەوەی ئاهەنگ بگێڕین، دەتبەم بۆ سەنتەرێكی تاتۆ و دەمەوێت تاتۆیەك لەسەر سینگت دروستبكەیت، ئەویش لەبەر من كردی" ئەوە قسەی گەنجێكی تەمەن ٢٢ ساڵەی شاری هەولێرە كە ماوەی ٧ مانگە هاوسەرگیریی لەگەڵ كچێكدا كردووە.

 

ماوەی چەند ساڵێكە كوڕان و كچانی كورد روو لە تاتۆ دەكەن، بەجۆرێك ئێستا تەنیا لەو شوێنانە تاتۆ ناكەن كە دیارن، بەڵكو لە چەند شوێنێكی هەستیاری دیكەی جەستەیان تاتۆ دەكەن، ئەمەیشیان بۆ سەرنجڕاكێشانە، بەدیاریكراویش ماوەی نزیكەی ٦ ساڵە تاتۆ بۆتە حاڵەتێكی ئاسایی، لەكاتێكدا پێشتر بە كارێكی دوور لە نەریتی كۆمەڵگە دادەنرا.

 

"تاتۆ كردن كەی هاتۆتە كوردستان؟"
رەوەند ئارتین، خاوەنی سەنتەری تاتۆ لایك كە یەكێكە لە كۆنترین سەنتەرەكانی شاری هەولێر، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "من ئەوە سێیەم سەنتەرە دەیكەمەوە ١٧ ساڵە كاری تاتۆ دەكەم بەفەرمی و لەژێر رێنمایی وەزارەتی تەندروستی و حكومەت، مۆڵەتی فەرمیم هەیە، پێشتر تاتۆ نەبوو، بەڵام گەنجان لەڕێگەی (شیر و دەرزی) كە پێیان دەوت كوتین، جەستەیان دەنەخشاند و نوسینیان دەكرد واتا بەشێوەیەكی سادەبوو، بەڵام مێژووی تاتۆ لەهەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵی ٢٠٠٥ كە ئەوكات كوردانی دانیشتووی ئەوروپا دەگەڕانەوە، منیش یەكێك بووم لەوان".

 

رەوەند پێیواییە ئێستا ئیشەكە هێندە زۆر بووە، كەڵكی نەماوە و مەرجەكانی حكومەتیش زۆر قورسن، بۆیە كاری تاتۆ وەك پێشووتر نییە، جگە لەوەش كەسانی ناشارەزا ئەو كارە دەكەن، دەشڵێت: "دوای سڵی ٢٠١٠ تاتۆ پەرەی سەند و ئێستا بووە بە شتێكی ئاسایی و گەنجان لە كچان و كوڕان وەك جوانكاری دەینەخشێنن".

 

حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١١ دەستی كرد بە ئامادەكردنی پڕۆژەیەك بۆ رێكخستن و دەركردنی رێنمایی تایبەت بە سەنتەر یا تاتۆكردن لە هەرێمی كوردستان، لەوبارەیەوە دكتۆر خاڵس قادر وتەبێژی پێشووی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "دوای نزیكەی ساڵێك لە گفتوگۆ و كۆكردنەوەی زانیاری لە ساڵی ٢٠١٢ بەفەرمی وەزارەت رێنمایی تایبەت بە سەنتەرەكانی تاتۆی لەهەرێمی كوردستان دەركرد و ئەوكاتیش چەند سەنتەرێك هەبوو كە مۆڵەتیان نەبوو".

خاڵس قادر دەشڵێت: "ئێستا لەهەرێمی كوردستان لە هەر سێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆك (٥٨) نەخۆشخانەی تایبەتی و (١١٢) سەنتەری جۆراوجۆر هەیە كە (٧٠) سەنتەریان لەسەنتەری شاری هەولێرن كە (٤٥)ی تایبەتە بەسەنتەری جوانكاری و 90% كاری تاتۆ دەكەن چ تاتۆی جەستە و چ تاتۆی برۆ و خاڵی روخسار ..هتد، هەروەها (١٢) سەنتەری تایبەت بە چاندنەوەی قژ، ئەوانی تریش سەنتەری ترن بۆ لەش و لار و تاتۆ و لاوازیی و جۆرەكانی تر واتا زۆربەی سەنتەرەكان كاری تاتۆ دەكەن".

تا ئێستا بەدەیان سەنتەری تایبەت بە تاتۆ داخراون، كە زۆرترینیان لەهەولێر بووە بەهۆی ئەوەی مۆڵەتیان نەبووە، یان رێنماییەكانیان جێبەجێنەكردووە، یاخود كارمەندەكان بڕوانامەیان نەبووە، "دكتۆر خاڵس وای وت"....

گەنجان روو لە تاتۆ دەكەن و لە چوارچێوەی عەیب و كلتور دەرچووە، كۆژین رەحمان، كوڕێكی تەمەن ٢٢ ساڵەیە و ماوەی ٧ مانگە هاوسەرگیریی كردووە، باس لەتاتۆی خێزانەكەی دەكات و دەڵێت: "٧ رۆژ دوای مارەبڕین بە دەزگیرانەكەم وت ئەمەوێت تاتۆیەك لەسەر سنگت دروستبكەیت لای ئافرەتێك كە كاری تاتۆ دەكات، سەرەتا دوو دڵ بوو، بەڵام دواتر لەبەر من قبوڵی كرد و تاتۆیەكی دروستكرد بە ٨٥ دۆلار كە دڵێك بوو پیتی منی تیابوو لەسەر سنگی بەشی چەپی".

دەشڵێت: "تاتۆ شتێكی ئاساییە و نەعەیبەیە و نە كاری خراپ، حەز و ئارەزووە و من خێزانەكەم برۆكانیشی تاتۆ كردووە ئەوكاتەی لەماڵی باوكی بوو واتا پێش ئەوەی بیناسم، لاشم زۆر ئاساییە، چونكە خۆشم تاتۆیەكم لەسەر مەچەك-م هەیە".

خاوەنی سەنتەری ئاڕما تاتۆ كە مۆڵەتی فەرمیی هەیە لە حكومەت دەڵێت: "ئێستا بە‌شێوەیەكی گشتی، تاتۆ لەسەر چەند ئەندامێكی جەستە وەك قۆڵ و مل و مەچەك داواكارییەكی زۆری لەسەرە، بەڵام لەم ماوەیەدا تاتۆكردن لەسەر چەند شوێنێكی تری جەستە بووەتە مۆدێل، وەك تاتۆی شوێنە هەستیارەكان پشت و سنگ و شوێنەكانی تری جەستە كە ئێستا بووە بە باو".

رۆزا شەماڵ خاوەن سەنتەری ئاڕما تاتۆ بۆ دواڕۆژ وتیشی: "تاتۆ زۆر جۆری هەیە لەڕووی قەبارە و جۆرەها رەنگی هەیە، ئەوە بەخواستی كەسەكەیە، ئێستا رۆژانە ٥ بۆ ٦ كەس بەردەوام لەسەنتەرەكەی من تاتۆ دەكەن هەریەكەیان جۆر و داواكاریی و شوێنێكی دەوێت، واتا خواستی جیاوازە، بەڵام بەزۆریی مەچەك و مل و سنگ و برۆكانیش زۆر خواستیان لەسەرە".

لەبارەی شوێنی هەستیار كە ئێستا بووە بە مۆدێل، رۆزا دەڵێت: "راستە خواست لەسەر ئەوەش زیاد بووە و ئەوەش لەكەسێكەوە بۆ كەسێك دەگۆڕێت كە ئامانجێكی هەیە، بۆیە دەیكات".

تاتۆكردن ئاسانە، بەڵام شوێنەكەی بۆ هەتاهەتایە دەمێنێتەوە، لەوبارەیەوە رۆزا دەڵێت: "تاتۆ هەیە لەزگەیە و هەیە بە كارەبا و ئامێری تایبەت دەكرێت، راستە تاتۆ بەلیزەر لادەچێت، بەڵام هەرگیز شوێنەكەی ون نابێت و لەشێوەی سوتانێك دەمێنیتەوە بەسەر جەستەی كەسەكەوە".

پەریا كاوە، ٢ تاتۆی هەیە و قۆناغی ٤ی زانكۆیە لە كۆلێژی كارگێڕی و ئابوری و بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "من دەمێكە هەمە نزیكەی بۆ ٤ ساڵ دەچێت، ئەوكات تۆزێك عەیبە بوو، بەڵام لەزانكۆ و بازاڕ و شوێنی تر ئێستا بە ئاشكرا دەریدەخەم و سەدان كچیش ئاواتیان خواستووە بۆم كە وەك من ئازاد بوونایە لەماڵەوە تاتۆ بكەن لەسەر جەستەیان، بەڵام لەترسی ماڵەوەیان ناوێرن".

پەریا دەڵێت: "من تاتۆیەك لەسەر ملم هەیە كە پەپولەیە یەكێكیش لەسەر ئەژنۆم كە تاجێكە، دایك و باوكم و براكانیشم دەیبینن و ئاساییە و هاوڕێی كچم هەیە بەدزییەوە كردوویەتی لە سنگی یان پشتی بۆ ئەوەی دیار نەبێ و تەنیا بۆ حەز و خولیا لای هاوڕێكانی نیشانی دەدات".

تاتۆ، كێشانی وێنە یان نووسینێكە لەسەر جەستە، كە بۆ ماوەیەكی درێژ دەمێنێتەوە و بە شتن و تەڕبوونیش لێ نابێتەوە، مێژووی تاتۆ دەگەڕێتەوە بۆ چەند سەدەیەك پێش ئێستا، لەلایەن ''ئاینوو''ەكان دروستبوو كە دانیشتووی ژاپۆن بوون، دواتر لەناو وڵاتانی تردا بڵاو بووەوە و بەردەوام تازەگەری تێدا دەكرێت.

دكتۆرە شیرین جەوادی، كە پزیشكێكی پسپۆڕی بواری پێستە و خەڵكی تارانە و لەشاری هەولێر كاری لابردنی تاتۆ و پێست دەكات، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "هەر جۆرە شتێك لەسەر پێست هەبێت، بە دەرمان یان ئامێری تایبەت لادەچێت، بەڵام تاتۆ هەرگیز لاناچێت، وەك سووتاویی دەمێنیتەوە و ئێمەش زۆرترین كێشەمان لەگەڵ ئەو ژن و پیاوانەدا هەیە دەیانەوێت تاتۆكانیان لاببەن".

ئەو پزیشكە دەڵێت: "تاتۆ مەترسی زۆرە بۆ سەر پێست، ڤایرۆسی جگەر، تێكچوونی خڕۆكە سپییەكان، گۆڕانی سوڕی خوێن، بڕینی دەمارەكانی پێست، سڕبوونی ناوەكی، هەروەها گواستنەوەی نەخۆشییەكانی تر و نەتوانینی بەخشینی خوێن، بۆیە باشترە گەنجان بەتایبەتیش خانمان دوورەكەونەوە لە تاتۆ كردن، ناكرێت ژنان برۆكانیان تاتۆ بكەن و بیر لە كێشەی تەندروستی نەكەنەوە.

نرخی تاتۆ جیاوازی هەیە لەنێوان ٥٠ بۆ ٢ هەزار دۆلار و جگە لەوەی جۆر و شێوازی نرخەكەی دەگۆڕێت، هاوكات شوێنەكەشی گۆڕانكاری لەنرخ دروستدەكات، لیسا جەفافی، خاوەن سەنتەری لوبنان بیوتی، كە تایبەت كاری تاتۆ و جوانكاری دەكات لەشاری هەولێر، ٨ كارمەندی هەیە، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "رۆژانە نزیكەی ١٠ تاتۆ دەكەین بۆ جەستە و برۆ و خاڵ، خواست لەسەر سنگ و خوار پەراسووەكان و سمت و ران و هەندێك شوێنی تر زیاد بووە و زۆربەشیان باس لەوە دەكەن كە لەسەر خواستی هاوسەرەكانیانە".

لیسا دەڵێت: "نرخی تاتۆیەكی ئاسایی ٥٠ دۆلارە، نرخی تاتۆی وێنە ١٠٠ دۆلارە، نرخی تاتۆ نوسین و وێنە لەنێوان ١٥٠ بۆ ٢٥٠ دۆلارە و تاتۆی وێنەی رەنگاوڕەنگ ٥٠٠ دۆلارە تاتۆش هەیە قەبارەكەی و دیزاینەكەی زۆرە، دەگاتە ٢ هەزار دۆلار، جگە لەوەی ئەگەر شوێنەكەی هەستیار بێت هی تاتۆكە نرخەكەی زیاتر دەبێت، چونكە ماندوو بوون و خەرجیی زیاترە، تاتۆی برۆش بەپێی كەسەكەیە لەنێوان ١٥٠ بۆ ٢٥٠ دۆلار بۆ هەردوو برۆی ئافرەتەكە".

هەرچەندە لەڕووی ئاینی ئیسلامەوە تاتۆكردن حەرامە و قەدەغەكراوە، بەڵام هاوڵاتیان كەمتر گوێ بەوە دەدەن و پێیانوایە كارێكە تەنیا زیانی بۆ خودی خۆی هەیە و پەیوست نییە بە كۆمەڵگە تا كارێكی خراپ بێت.

لەبانكی خوێن لەشاری هەولێر كە تایبەتە بە وەرگرتنی خوێن لەو كەسانەی خوێن دەبەخشن یەكەم پرسیار كە پزیشك لێت دەكات، ئەوەیە دەڵێت: "ئایا تاتۆ لەسەر جەستەت هەیە، ئەگەر وەڵامەكەی بەڵێ بێت رێگە نادرێت خوێنەكەت ببەخشیت یان خوێنەكەت بەكارناهێنن بەهۆی ترسی بوونی ڤایرۆس لەناو خانەكانی خوێندا". 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure