زەینەب قوربانییەكی دیكەی هەڵەی پزیشكی لەكەركوك

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 8189‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

"باوكە وەرە بمبەرەوە بۆ ماڵ، خوایە لەئازاری ئەم دونیایە رزگارم بكە ماندوبووم" ئەمە دوایین وتەی زەینەبی تەمەن 7 ساڵانە لەسەر یەكێك لە قەروێڵەکانی نەخۆشخانەی ئازادی كەركوك بەدەم ئازارەوە دەیڵێتەوە دوای ئەوەی لەچارەسەر و قسەی پزیشكەكان بێ ئومێدبووە و ئازاری جەستەشی ماندوو و هەراسانی كردووە.


رۆژی 31ی تەمموزی ئەمساڵ، دوای 12 رۆژ مانەوە لەنەخۆشخانە، كچێكی تەمەن 7 ساڵان بەناوی (زەینەب حسێن) لەبەشی بوژانەوەی نەخۆشخانەی ئازادی شاری كەركوك گیانی لەدەستدا، بڵاوبونەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی منداڵەكە بەر لەمردنی لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ناخ دەهەژێنێت كە بەتوركمانی داوا لەباوكی دەكات بیباتەوە بۆ ماڵ، ئازار و بێ ئومێدبوونیشی لە دەرمان و چارەسەركانی پزیشكەكانیش ناچاریكردووە داوا لەخوا بكات لەم دونیایە رزگاری بكات.

لەبەدواداچونێكی دواڕۆژدا، خێزانەكەی زەینەب كە لەپێكهاتەی توركمانن و دانیشتووی گوندی بەشیرن لەسنووری ناحیەی تازەخورماتوو، چیرۆكی گیان لەدەستدانی كچكەیان دەخەنەڕوو كە بەوتەی خۆیان "بەهۆی هەڵەی چەند پزیشك و پەرستیارێكەوە گیانی لەدەستداوە، زەینەب تەنیا دومەڵێك لەكۆمیدا هەبووە بەڵام بەهەڵەی نەشتەرگەری هەناوی بۆ ئەنجامدراوە و چەند چارەسەرێكی پێدراوە كە بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی".

حسێن عەبدوڵا (تەمەن 42 ساڵ) كە دەكاتە باوكی زەینەب چیرۆكی كچەكەی بۆ دواڕۆژ دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "بەهۆی دروستبوونی ئازارێك لەكۆمی كچەكەمدا كە چەند رۆژێك بوو نەیدەتوانی دابنیشێت تەنانەت پیسیشی نەدەكرد، چوینە كلینكی پزیشكێكی تایبەت بەنەشتەرگەری منداڵ بەناوی (ئ.ئ) و دوای ئەوەی سۆناری بۆ كرد، پێی وتین كە مناڵەكە دوچاری ئیلتیهابی ریخۆڵە كوێرە بووە و پێویستە خێرا نەشتەرگەری بۆ بكرێت".

هەر ئەو رۆژە زەینەب لەلایەن پزیشكێكی ئێشكگرەوە بەناوی (ج) نەشتەرگەری ریخۆڵە كوێرەی بۆ ئەنجام دەدرێت، لەدوای نەشتەرگەرییەكەش چیرۆكە تراژیدیەكەی زەینەب دەستپێدەكات كە بەمەرگی ناوبراو كۆتایی دێت.

زەینەب حسێن تەمەنی 7 ساڵ بووە، كچە بچوكی خێزانەكەی بووە بۆیە لەلایەن باوك و دایكێوە تایبەتمەندی پێدرابوو.

بەوتەی حسێن، دوو رۆژ دوای نەشتەرگەرییەكە وێڕای مانەوەی ئازارەكەی كۆمی كچەكەی، بەڵام لەسەر راسپاردەی پزیشكەكان زەینەب لەنەخۆشخانەی دەرەكات، كە دوای چەند كاتژمێرێك بەهۆی رشانەوە ناچاردەبێت بیگەڕێنێتەوە بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانە.

"پزیشكەكان پێیان وتم كە منداڵەكە نەشتەرگەری بۆ كراوە و ئەو جۆرە رووداوانەش كە روویانداوە ئاساییە و پێویستە ئارام بگرم، بۆیە قەناعەتیان پێكردین كە هیچ كاریگەریەكی خراپی نییە و گەڕامەوە بۆ گوند بەڵام ئەو شەوە تاوەكو بەیانی نەخەوتین بەهۆی ئەو ئازارە بەهێزەی منداڵەكە هەیبوو" حسێن وای وت.

جارێكیتر ئازاری منداڵەكە ئارامی لە باوكی دەبڕێت و دەیگەڕێنێتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئازادی، ئەمجارەیان بۆ بەشی نەشتەرگەری و هەناوی، پزیشكەكان دوو بۆچونی جیاواز لەنێوانیان دروستدەبێت كە بەشێكیان ئازارەكەی بە ئیلتیهابی نەشتەرگەریەكەی هەژماردەكەن و پزیشكانی هەناویش بەداخستنی گەدەی دادەنێن بەهۆی نەشتەرگەریەكەوە، ئەمەش وادەكات زەینەب لەنەخۆشخانە بمێنێتەوە.

دەرەنجامی یەكێك لەپشكنینەكان كە بۆ زەینەب ئەنجامدەدرێت دەریدەخات كە مەترسی خەستبوونەوەی خوێنەكەی هەیە، بۆیە لەلایەن پزیشكی تایبەتمەندی خوێنەوە چارەسەرێكی پێدەدرێت بەشێوەیەك كە تێكەڵ بە ئاوی موغەزی دەكرێت و هەموو چارەکێك دڵۆپێك بچێتە لەشێوە، بەڵام بەوتەی باوكی منداڵەكە "لەبەرەبەیانی ئەو رۆژە پەرستیارێك بەهەڵە خێرایی بەربوونی موغەزییەكەی زیاد دەكات و بەهۆیەوە كچەكەی دوچاری خوێنبەربوون دێت لەدەم و لوتێوە كە دواتر دەبێتە هۆی دروستبوونی ئیلتیهاب و تەنگەنەفەسی لەسنگیدا".

باوكی زەینەب بەدەم هەنسكی گریانەوە دەیگێڕێتەوە و دەڵێت: "دوای ئەوەی هەمان ئەنجام لەپشكنینی دووەم دووبارە بووەوە، پزیشكەكە ناچاربوو خۆی بچێتە تاقیگە و بۆی دەركەوت كە ئەنجامی پشكنینەكەی یەكەمیش هەڵە بووە و لەبنەڕەتدا منداڵەكە پێویستی بەو چارەسەرە نەبووە كە ئەوەندەی دیكە دەردەكەی زەینەبی زیادكرد".

بەشی بوژانەی نەخۆشخانەی ئازادی ئامادەنابن زەینەب وەربگرن بەبیانوی نەبوونی شوێن و پەككەوتنی ئامێرەكانیانەوە، پزیشكەكانیش زەمانەتی ژیانی نەخۆشەكە نادەن تاوەكو لەلایەن باوكێوە بگەیەنرێتە سلێمانی، دوای دەستێوەردانی چەند واستەیەك و ئاگاداركردنەوەی بەڕێوەبەری تەندروستی، دوای دوو رۆژ بەشی بوژانەوەی خێرا رێگا بەوەرگرتنی منداڵەكە دەدات، بەڵام دوای مانەوەی بۆ چەند رۆژێك بەهۆی پەككەوتنی گورچیلەكانی و لاوازبوونی دڵی، زەنیەب گیانی لەدەستدا.

حسێن عەبدوڵا، باوكی منداڵەكە روونیدەكاتەوە: بەر لەمردنی منداڵەكەی، (ئ.ئ) ئەو پزیشكەی رەوانەی نەشتەرگەری كردین دوای ئەوەی زۆر لێی پاڕامەوە لەبەشی بوژانەوە سەردانی زەینەبی كرد و پێی راگەیاندین كە هەموو ئەو ئازارەی لەكۆمیدا هەبووە بەهۆی دومەڵەوە بووە، ئەوەش ئەوەندەی دیكە حسێن توشی بێ تاقەتی دەكات بەتایبەت كە بۆی رووندەبێتەوە كە نەشتەرگەرییەكەی بەهەڵە ئەنجامدراوە و دواتریش هەر بەهەڵە چارەسەری خەستبوونەوەی خوێنی پێدرا كە بووە هۆی خوێنبەربوون و تەنگە نەفەسی و پەككەوتنی گورچیلەكانی.

باوكی زەینەب سكاڵای لەسەر پزیشكەكان تۆمارنەكردووە چونكە دڵنیایە كە پزیشكەكان لەدادگادا تاوانبار دەرناچن، بۆیە ئەو داوا لەخودا دەكات تۆڵەی كچەكەی لەپزیشك و كەسە كەمتەرخەمەكان وەربگرێت.

گیانلەدەستدانی زەینەب بە "هەڵەی پزیشكی" یەكەم حاڵەت نییە لە نەخۆشخانەكانی كەركوك تۆماركرابێت، لە ماوەی چەند ساڵی رابوردوودا چەند حاڵەتێكی دیكەی گیانلەدەستدان بە ‌هۆی نەشتەرگەری و نەبوونی دەرزییەوە لە ‌نەخۆشخانەی ئازادی و گشتی شارەكەدا روویاندا و ژمارەیەك لە كەسوكاری ئەو قوربانییانەش سكاڵای یاساییان تۆماركردووە، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ كام لە ‌دۆسیەكان یەكلانەبوونەتەوە.

تەندروستی كەركوك، ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە كە باس لە زۆربوونی "هەڵە پزیشكییەكان ‌و كەمتەرخەمی" دەكەن، هەرجارێكیش رووداوێكی گیان لەدەستدان روو دەدات كە گومانی كەمتەرخەمی ‌و هەڵەی پزیشكی لێ بكرێت لیژنەی بۆ پێكدەهێنرێت.

سەرچاوەیەك لەتەندروستی كەركوك بە دواڕۆژی راگەیاند: دكتۆر (ئ.ئ) بەتۆمەتی ناوزڕاندنی داوایكردووە تەندروستی سكاڵای یاسایی لەسەر باوكی زەینەب تۆماربكات بەڵام بەڕێوەبەری گشتی رەتیكردوەتەوە چونكە بابەتەكە كەسێتییە و هیچ پەیوەندیەكی بە فەرمانگەكەی تەندروستیەوە نییە.

وتیشی: "سەرجەم ئەو سكاڵایانەی لەدادگا تۆماركراوە و ئەو لیژنانەشی لەتەندروستی پێكهێنراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە مردنی ئەو كەسانەی بەهەڵەی پزیشكی گیانیان لەدەستداوە، سەرجەمیان لەدوای تێپەڕبوونی ماوەیەك هەڵدەپسێردرێن و هیچ بەدواداچونێكی بۆ ناكرێت".

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure