باوکێک سێ منداڵی خۆی ئەشکەنجە دەدات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 18386‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا

لە گوندێکی بناری قەندیل لە سنوری قەزای پشدەر، باوکێک بەتوندی ئەشکەنجەی سێ منداڵی خۆی دەدات و دانیشتوانی گوندەکەش داوا دەکەن حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەپەلە بەهانای دۆخی ئەو منداڵانەوە بچن.


دارەوان مشیر، خەڵکی گوندی لێوژەی بناری قەندیل بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەو خێزانە پێکهاتوون لە شەش کەس، دایک و باوک و چوار منداڵ کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن و ماوەیەکە لە گوندی لێوژەی بناری قەندیل نیشتەجێبوون، بەڵام ئەوەی ئێمەی نیگەران کردووە ئەوەیە کە باوک و دایکەکە بەردەوام توندوتیژی بەرامبەر سێ منداڵە کوڕەکانیان دەکەن کەتەمەنیان لە نێوان 4 بۆ 7 ساڵاندایە.

وتیشی: "بەهۆی توندوتیژیەوە ئەو منداڵانە باری تەندروستیان ناجێگیرە و شوێنەواری ئەشکەنجەدان لەسەر جەستەیان دیارە و تەنانەت چەند مانگێکە خەڵکی گوندەکە هاوکاری ئەو منداڵانە دەکەن و خواردنیان پێدەدەن و شوێنی خەوتنیان بۆ دابین دەکەن، هەرچەندە زۆر قسەمان لەگەڵ باوکی ئەو منداڵانە کردووە کە واز لەو کارە بێنێت بەڵام سودی نەبووە".

دارەوان ئەوەشی خستەڕوو: ئەو منداڵانە لەلای دانیشتوانی گوندەکە چەندین جار باسیان لەوەکردووە کە باوکیان هەڕەشەی کوشتن و سوتاندنی لێکردوون و شەوانە لە ماڵ دەریکردوون، بۆیە پێیوستە حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم بێنە سەرخەت و ئەم منداڵانە لەو دۆخە خراپە رزگاربکەن.

بەگوێرەی زانیاریەکانی دواڕۆژ، دوو لە منداڵە کوڕەکانی ئەو خێزانە بەر لە چەند ساڵێک دایکی خۆیان مردووە و باوکیان جارێکیتر هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێکی کوردی رۆژهەڵاتی کورستان کردووە، واتا دوو کوڕ لە دایکێکی کۆچکردوو و کوڕ و کچێکێشی لە هاوسەرە تازەکەی هەیە. بەڵام توندوتیژیەکە سێ منداڵە کوڕەکەی گرتووەتەوە و بەردەوام ئازار دەدرێن بەگوێرەی وتەی دانیشتوانی گوندی لێوژە.

گوندی لێوژە لەڕووی ئیدارییەوە دەکەوێتە سنووری شارەوانی بناری قەندیل کە لەلایەن دەسەڵاتی پەکەکەوە بەڕێوەدەبرێت، لەوبارەیەوە محەمەد حەسەن، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل بەدواڕۆژی وت: "ئێمە ئاگاداری دۆخی ئەو خێزانەین و پێشتر ئەو خێزانە لە گوندی ئێندزێی بنارەکە نیشتەجێبوون، بێکاری کاریکردبووە سەر بارودۆخی دەرونی باوکی ئەو منداڵانە و توندوتیژی جەستەی بەرامبەر منداڵەکانی ئەنجامدابوو، بەڵام لەلایەن دەستەیەکی تایبەتەوە لێپرسنەوەی لەگەڵ کراوە و بەڵێنی لێوەرگیرابوو کە جارێکی تر ئەو کارە دووبارە نەکاتەوە".

محەمەد حەسەن روونیشیکردەوە: من وەکو سەرۆکی شارەوانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی سنووری دەسەڵاتی خۆمم ئاگادار دەکەمەوە بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئەو منداڵانە لەودۆخە رزگاربکەن.

لای خۆشیەوە محەمەد گۆمەشینی وتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤی حکومەتی هەرێم بەدواڕۆژی راگەیاند: دوای ئاگادارکردنەوەمان لەلایەن پەیامنێری سایتی دواڕۆژ لە دەڤەری راپەڕین لە دۆخی خراپی ئەو سێ منداڵە، ئێمە راستەوخۆ هاتووینەتە سەرخەت بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا فریای دۆخی خراپی ئەو منداڵانە بکەوین و چارەسەر و رێکاری پێویستیان بۆ ئەنجام بدەین.

باسی لەوەشکرد: بەو پێیەی ئەو گوندە دەکەوێتە سنووری دەسەڵاتی پەکەکە ئێمە ناتوانین راستەوخۆ بچینە گوندەکە و لێکۆڵینەوە بکەین، بەڵام لەگەڵ سەرۆکایەتی شارەوانی بناری قەندیل هەماهەنگیمان کردووە بۆ ئەوەی بە زووترین کات ئەو منداڵانە لەو دۆخە خراپە رزگاربکرێن و ئێمەش وەکو دەستەی مافی مرۆڤ ئامادەی هەموو هاوکاریەکین بۆ چارەسەری کێشەی ئەو منداڵانە و رزگارکردنیان لە ئەشکەنجەدان و دابینکردنی شوێنی حەوانەوەی پێویست بۆیان.

 

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure