دوو گه‌نج زیاتر له‌ 140 ملیۆن دینار و 200 هه‌زار دۆلار ده‌دزن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 08/08/2019‌ :: 1088‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

له‌ كۆمپانیا و ماركێتێكى هه‌ولێر گه‌نجێك زیاتر له‌ 140 ملیۆن دینار و گه‌نجێكی تریش زیاتر له‌ 200 هه‌زار دۆلار ده‌دزێت و پۆلیسیش ده‌ڵێت: یه‌كێكیان ده‌ستگیركراوه‌. 


خاوه‌نی كۆمپانیایه‌كی بازرگانی له‌ هه‌ولێر، كه‌ نه‌یویست ناوه‌كه‌ی بڵاوبكرێته‌وه‌، به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: چه‌ند مانگێك له‌مه‌وبه‌ر گه‌نجێكی هێناوه‌ته‌ كۆپانیاكه‌ی، بۆ ئه‌وه‌ی رۆژانه‌ ژمێریاری كۆپانیاكه‌ی بۆ به‌ڕێوه‌ببات، به‌ڵام گه‌نجه‌كه‌ به‌ ده‌رفه‌تی زانیوه‌ و له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگێكدا بڕه‌ پاره‌یه‌كی زۆری دزیوه‌.
 
خاوه‌نی كۆمپانیاكه‌، كه‌ سه‌رمایه‌كی زۆری له‌ناو كاری كۆمپانیاكه‌دا داناوه‌، وتیشی: "ئه‌و گه‌نجه‌ كه‌سێكه‌ جێگه‌ی متانه‌ی من بووه‌ و هیچكات بیرم له‌وه‌ نه‌كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ دزیم لێبكات، به‌ڵام له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگی ده‌وامكردنیدا بڕی زیاتر له‌ 200 هه‌زار دۆلاری لێدزیوم".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: له‌ئێستادا بابه‌ته‌كه‌ له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دایه‌ و جارێ نایه‌وێت هیچ زانیارییه‌كی تر بدركێنێت.  

هاوكات له‌ یه‌كێك له‌ ماركێته‌كانی هه‌ولێر گه‌نجێكی تر بڕی 144 ملیۆن دیناری دزیوه‌ و پۆلیسیش ده‌ستگیریكردووه‌.
 
به‌پێی زانیارییه‌كان گه‌نجه‌كه‌ زیاتر له‌ چوار ساڵ له‌و ماركێته‌ ده‌وامی كردووه‌ و به‌ سوودوه‌رگرتن له‌كاتی ده‌وامه‌كه‌ی كه‌ 12ی شه‌و بۆ 8ی به‌یانی بووه‌، دزی له‌ داهاته‌كه‌ى كردووه‌، خاوه‌نی ماركێته‌كه‌ش بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو: گه‌نجه‌كه‌ بڕی 144 ملیۆن دیناری لێدزیوه‌ و له‌ئێستاشدا له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیركراوه‌. 

سەعد بەرزنجی، بەرپرسی نووسینگەی بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوان له‌ هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌و گه‌نجه‌ به‌پێی مادده‌ی (446) له‌ یاسایی سزادانی عێراقی ده‌ستگیركراوه‌ و دۆسییه‌كه‌ی له‌دادگایه‌. 

وتیشی: "به‌شێكی هۆكاری دزینی ئه‌و پاره‌یه‌ له‌و ماركێته‌ په‌یوه‌ندی به‌ كه‌مته‌رخه‌می خاوه‌نه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌بووه‌، چونكه‌ ناكرێت له‌ ماركێتێكی ئاوا كامێرای چاودێری لێنه‌بێت".

به‌پێی قسه‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ی پۆلیس گه‌نجه‌كه‌ له‌گه‌ڵ ئافره‌تێكیش په‌یوه‌ندی هه‌بووه‌ و زۆربه‌ی جاره‌كانیش ئه‌و ئافره‌ته‌ بێبه‌رامبه‌ر كه‌لوپه‌ل و پێداویستی له‌و ماركێته‌ بردووه‌ و كوڕه‌كه‌ پاره‌ی لێوه‌رنه‌گرتووه‌. 

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure