"زمانێكى ده‌ستكرد" بۆ تامكردن و جیاكردنه‌وه‌ى خواردنه‌وه‌ دروستده‌كرێت

هەواڵ / زانست :: 08/08/2019‌ :: 171‌ جار بینراوە

تاگ :: زانست

دواڕۆژ

زانایانى بریتانیا توانیان "زمانێكى ده‌ستكرد" په‌ره‌پێبده‌ن كه‌ تواناى جیاكردنه‌وه‌ى خواردنه‌وه‌ كحولییه‌ ساخته‌كراوه‌كانى هه‌یه‌.


زمانه‌ ده‌ستكرده‌كه‌ ده‌توانێت تامى جۆره‌ جیاوازه‌كانى (ویسكى) بكات و به‌وردى جیاوازییه‌كانى نێوانیان دیاریبكات، كه‌ ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆى چاره‌سه‌رى كێشه‌ى ساخته‌كردنى خواردنه‌وه‌ كحولییه‌كان.

ئامێرى تامكردنه‌كه‌ له‌لایه‌ن تیمێكى توێژینه‌وه‌ى زانكۆى گلاسكۆ دروستكراوه‌.

ته‌كنه‌لۆجیا نوێیه‌كه‌ ده‌توانێت جیاوازییه‌ زۆر ورده‌كانى هه‌مان جۆرى خواردنه‌وه‌ى كحولى دیاریبكات كه‌ له‌ به‌رمیلى تایبه‌تدا بۆ ماوه‌ى جیاجیا هه‌ڵگیراون، به‌جۆرێك جیاوازى نێوان ویسكى 12 ساڵ یان 15 و 18 ساڵت بۆ ئاشكراده‌كات.

ئه‌و ئه‌ندازیارانه‌ى په‌ره‌یان به‌و زمانه‌ ده‌ستكرده‌ داوه‌ ده‌ڵێن: تواناى ده‌رخستنى جیاوازییه‌كانى به‌ڕێژه‌ى 99% هه‌یه‌.

ئه‌لسدیر كلارك، له‌ به‌شى ئه‌ندازیارى زانكۆى گلاسكۆ ده‌ڵێت: ناومان ناوه‌ زمانى ده‌ستكرد به‌هۆى ئه‌وه‌ى وه‌ك زمانى مرۆڤ كارده‌كات، ئه‌و ناتوانێت ئه‌و پێكهاته‌ كیمیاییانه‌ى واده‌كات تامى قاوه‌ جیاوازبێت له‌ شه‌ربه‌تى سێو دیاریبكات، به‌ڵام به‌ ئاسانى جیاوازى نێوان تێكه‌ڵێكى كیمیایى ئاڵۆزت ده‌داتێ.

رونیشیكرده‌وه‌: زمانه‌كه‌ ده‌توانێت له‌ (تامكردنى) هه‌ر شله‌یه‌كى دیكه‌دا به‌كاربهێنرێت، نه‌ك ته‌نها خواردنه‌وه‌ى كحولى (ویسكى).

ئه‌وه‌شى وت: سه‌ره‌ڕاى تواناى له‌ دیاریكردنى كحولى ساخته‌، ده‌توانرێت له‌ پشكنینى ماوه‌ى به‌سه‌رچوونى خواردنه‌وه‌ و پشكنینى كوالێتى و سه‌لامه‌تى به‌كاربهێنرێت.

س: BBC
ئا: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure