دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
میر فه‌ری كه له 12 ساڵییه‌وه سێ كتێبی نووسیوه و حه‌وت زمان ده‌زانێت، ده‌یه‌وێت له رێگه‌ی دامه‌زراندنی قوتابخانه‌یه‌كی فره‌نسییه‌وه هانی منداڵی په‌نابه‌ران بدات بخوێنن كه له كه‌مپی ئاواره‌كانی هه‌رێم ده‌ژین.
میر بەدره‌دین فه‌ری له دایكێكی كوردی ئه‌ندازیاری خه‌ڵكی سلێمانی و باوكێكی پزیشكی تونسی له 28ی ئازاری 2003 له پایته‌ختی تونس له‌دایكبووه و دووا قۆناغی خوێندنی له فره‌نسا ته‌واو كردووه و چاوی له‌وه‌یه ساڵی داهاتوو له باشترین زانكۆی پزیشكی پاریس بخوێنێت.
نیگار محه‌مه‌د نوری، دایكی به‌دره‌دین فه‌ری و باوكی میر لە سه‌ره‌تای ساڵی 2000وە به‌یه‌كه‌وه له ئۆفیسی سلێمانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی كارده‌كه‌ن، به‌ڵام دواتر بڕیاری هاوسه‌رگیری ده‌ده‌ن و به‌یه‌كه‌وه ده‌چنه تونس، دواتر بۆ فره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و چه‌ند وڵاتێكی دیكه گه‌شت ده‌كه‌ن و تائێستاش میر تاقانه‌ی دایك و باوكیه‌تی.
زانینی حه‌وت زمان و نووسنی چوار كتێب له‌لایه‌ن میره‌وه، سه‌رنجی زۆربه‌ی سه‌ركرده و پسپۆڕانی ئه‌وروپی و وڵاتانی عه‌ره‌بی راده‌كێشێت و به‌و هۆیه‌وه تائێستا 26 جار له‌لایه‌ن وڵاتان و رێكخراوه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه مرۆییه‌كانی دیكه‌ی جیهانه‌وه خه‌ڵاتكراوه كه دوواین خه‌ڵاتیان له‌لایه‌ن ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فره‌نساوه بووه.
جگه له‌و خەڵاتانهی پێیدراوه، له‌لایه‌ن سه‌رۆكی فره‌نساوه وه‌كو باڵیۆزی زمان و كلتوری فره‌نسا دیاریكراوه و ته‌نانه‌ت ماكرۆن به فڕۆكه تایبه‌ته‌كه‌ی خۆی گه‌شتێكی تایبه‌تی بۆ میر رێكخستووه.
زمانه‌كانی (كوردی، عه‌ره‌بی، ئینگلیزی، ئه‌ڵمانی، فره‌نسی، لاتینی و چینی) به خوێندن و نووسینه‌وه ده‌زانێت و ئێستا هه‌وڵی فێربوونی زمانی روسی و ژاپۆنی ده‌دات.
میر كه چاویلکهیهكی گه‌وره‌ی له‌چاودایه و هه‌میشه بزه‌ی له‌سه‌ر لێوه، له‌باره‌ی فێربوونی زمان وتی: "زۆر حه‌زده‌كه‌م ئاشنابم به فه‌رهه‌نگ و كەلتوری وڵاتان، بۆیه هه‌ر كاتێك له‌گه‌ڵ دایك و باوكم بۆ وڵاتیك ده‌چین، من هاوڕێیه‌تی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی وڵاته‌كه ده‌كه‌م ئه‌مه‌ش یارمه‌تیم ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی زوو فێری زمان بم".
میر زمانی كوردی له دایكی و عه‌ره‌بی و فره‌نسی له باوكییەوە فێر بووه، هه‌روه‌ها له رێگه‌ی هاندانی باوكییەوە فێری لاتینی و له‌ڕێگه‌ی فیلم-یشه‌وه فێری ئینگلیزی بووه، له ماوه‌ی مانه‌وه‌شیان بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ له شارێكی سه‌ر سنووری ئه‌ڵمانیا، فێری ئه‌ڵمانی بووه، هه‌روه‌ها له‌كاتی گه‌شتێكی چه‌ند مانگه‌یان بۆ وڵاتی چین، فێری زمانی چینی-ش بووه.
له‌باره‌ی فێربوون و قسه‌پێكردنی حه‌وت زمان، نیگار محه‌مه‌د-ی دایكی میر به دواڕۆژی وت: "توانا و زهیرهكی میر سه‌رسوڕهێنه‌ره و منداڵی له‌و شێوه‌یه له جیهاندا كه‌مه و پێموایه ئه‌و زیره‌كییه هێزێكی خوداییه و به میر به‌خشراوه".
دایكی میر، ده‌شڵێت: "ئه‌و كاته میر ته‌مه‌نی پێنج شه‌ش ساڵ بوو له‌ماڵه‌وه فێری زمانی كوردیم ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یر بوو دوای دوو مانگ كۆمه‌ڵێك وشه و رسته‌ی پێده‌وتمه‌وه كه من هه‌ر بیرشم نه‌مابوو، ئه‌وكات زانیم میر توانایه‌كی زۆری هه‌یه".
جگه له زانینی حه‌وت زمان، چوار كتێبی به فره‌نسی و ئینگلیزی له‌باره‌ی مافه‌كان و پاراستنی منداڵان و خۆشه‌ویستی ئاژه‌ڵان و دوورخستنه‌وه‌ی منداڵان له توندوتیژییه‌كان نووسیوه كه سێ كتێبیان له فره‌نسا و ئه‌وه‌ی دواییان له تونس چاپكراوه، هه‌روه‌ها میر 26 جار له‌لایه‌ن سه‌رۆكی وڵاتانی ئه‌وروپی و عه‌ره‌بی و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه خه‌ڵاتكراوه.
له‌باره‌ی خه‌ڵاتكردنی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی فره‌نساوه، میر به دواڕۆژی وت: "له‌پێناو هه‌وڵه‌كانمان بۆ ره‌خساندنی ده‌رفه‌ت بۆ ئه‌و منداڵانه‌ی كه بوونه‌ته قوربانی شه‌ڕ و جه‌نگه‌كان، سه‌رۆكی فره‌نسا خه‌ڵاتی كرد و به فڕۆكه‌ی تایبه‌تی خۆی بردمی بۆ كۆبوونه‌وه‌ی 88ی سه‌رۆكی وڵاتان لە ئه‌رمینیا كه ئازاری رابوردوو ئه‌نجامدراوه، هه‌روه‌ها سه‌رۆكی فره‌نسا پێیوتووه كه تۆ باڵیۆزی زمان و كەلتوری فرهنسایت و هه‌میشه رێز لێ گیراویت".
ئێستا كه میر گه‌ڕاوه‌ته‌وه هه‌رێمی كوردستان و به‌هاوكاری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و چه‌ند رێكخراوێكی ناوخۆیی، ده‌یه‌وێت بناغه‌ی یه‌كه‌مین خوێندنگه‌ی ئه‌وروپی له هه‌ولێر بۆ منداڵانی ئاواره‌ی كه‌مپه‌كان دابمه‌زرێت.
میر ده‌ڵێت: "ئه‌و منداڵانه‌ی بوونه‌ته قوربانی جه‌نگی عێراق و سوریا، ئێستا له كه‌مپه‌كان ده‌ژین و ناتوانن به‌سه‌ركه‌وتوویی خوێندن ته‌واو بكه‌ن، بۆیه ئه‌گه‌ر خوێندنگه‌یه‌كی ئه‌وروپی بكرێته‌وه و له رێگه‌ی مامۆستایانی فره‌نساوه وانه‌یان پێ بوترێته‌وه، ئه‌و منداڵانه ده‌توانن فێری خوێندن و نووسین ببن و له‌كاتی وه‌رگرتنیشیان له وڵاتانی ئه‌وروپی ئه‌وا منداڵی توندوتیژ ده‌رناچن و سودی زۆر گه‌وره‌یان بۆ كۆمه‌ڵگه ده‌بێت".
نیگار محه‌مه‌د، له‌پێناو خه‌ونی منداڵه‌كه‌ی گه‌ڕاوه‌ته‌وه هه‌رێم و ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی هه‌رێم و رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، خه‌ونی میر ببێته راستی و منداڵه ئاواره و بێ دایك و باوكه‌كانی كه‌مپه‌كانیش له خوێندن بێبه‌ش نه‌بن.
پ: ک. س
بڵاوکردنەوە: چ.ع