تاسەی نایاسایی.. شاره‌وانی لایده‌بات و هاووڵاتی دروستی ده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 09/08/2019‌ :: 362‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 

شارەوانییەکانی هەولێر دەستیانکردووە بە هەڵمەتێکی فراوان بۆ لابردنی تاسه‌ی نایاسایی له‌ناو كۆڵانه‌كاندا، هاووڵاتییه‌كیش ده‌ڵێت: "ساڵی رابوردوو ئۆتۆمبێلێک پەراسوو و دەستێکمی شکاند، بۆیە بڕیارمدا تاسە دروستبکەم، ئێستا ئەگەر شاره‌وانی تاسەی پلاستیکیمان بۆ نەهێنن، بەدڵنیاییه‌وه‌ دووبارە دروستی دەکەینەوە".


لابردنی ئەو تاسانە لەکاتێکدایە کە ژمارەیەک زۆر لە هاووڵاتیان و شۆفێران گلەیی و ناڕەزایەتیان ئاڕاستەی شارەوانی و پۆلیس کردبوو کە سەدان تاسە بەبێ هەبوونی شوێنی گشتی وەک نەخۆشخانە و خوێندنگەکان و فەرمانگەی حکومی و پارک و سێ-ڕێیان دروستکراون کە بوونەتە هۆی زیانگەیاندن بە ئۆتۆمبێلەکانیان و دروستبوونی رووداوی هاتوچۆ بەهۆی وەستان و هێواشکردنەوەی لەناکاو لەلایەن شۆفێرانەوە.

فازڵ حاجی، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر، لەو بارەیەوە بەدواڕۆژی راگەیاند: دروستکردنی تاسە و بەربەستی ‌کۆنترۆڵکردنی خێرایی لە زۆر شوێن دانراوە کە بەپێی رێنمایی هاتوچۆ و شارەوانی ناکرێت هەر هاووڵاتییەك پێش ماڵەکەی بکاتە تاسە بەدەر لە رێنماییەکان.

دەشڵێت: "ئەوە سێ زیانی هەیە، یەکەمیان رووداوی لەناکاو بەهۆی وەستان یان هێواشکردنەوە، تێکچوونی ئۆتۆمبێلەکان بەکەمتر لەماوەی خۆی، هەندێکجار هۆکاری دروستبوونی سەرەکی جەنجاڵی و قەرەباڵغی هاتوچۆشه‌".

لە زۆربەی گەڕەکەکانی شاری هەولێر تاسەی نایاسایی و بەدەر لە رێنمایی هەیە، بەتایبەتیش لە گەڕەکەکانی (نەورۆز، هەڤاڵان، سەروەران، شادی، کرێکاران، راستی نوێ، هەولێری نوێ، سەرکارێز، مامزاوە، قەتەوی، لاعیباوە،  کوردستان و بەهاری نوێ و کەرتی 57 ...هتد). 

دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە بە مافی خۆیان دەزانن تاسە دروست بکەن و عەبدوڵڵا کاک ئەحمەد، هاووڵاتییەکی تەمەن 52 ساڵە دانیشتووی گەڕەکی نەورۆزە، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "بەردەم ماڵەکەی من تاسەیە و خۆشم دروستم کردبوو بە کۆنکرێت و شیش، بەڵام شارەوانی تێکیدا و ئەگەر چارەسەریشی نەکەن لەشەودا دروستی دەکەمەوە".

ئەو هاووڵاتیە دەشڵێت: "هۆکاری دروستکردنی ئەو تاسانە ئەوەیە گەڕەکەکان تەسک و بچووکن و ماڵی وا هەیە چه‌ند منداڵێكی هەیە و بەردەوام لە كۆڵانن کاتێک تاسە نەبێت ئۆتۆمبێلەکان بە خێرایی دەڕۆن و رووداوی دڵتەزێن و شێلان روودەدات و لەماوەی دوو ساڵدا سێ منداڵ بوونه‌ته‌ ژێر ئۆتۆمبێله‌وه‌ کە دووانیان مردوون، بۆیە خەڵک بیر لەوە دەکاتەوە تاسه‌ دروست بكات".

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە دواڕۆژ لە وەزارەتی تەندروستی وەریگرتووە: تەنیا لە شه‌ش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا نزیکەی 30 منداڵ لە گەڕەکەکاندا تووشی رووداوی شێلان بوون و دوانیان گیانیان لەدەستداوە كه‌ زۆربەشیان لەو گەڕەکانە بوون کە منداڵیان زۆرە، واته‌ گەڕەکی میلـلین.

سەرۆکایەتی شارەوانییەکانی هەولێر لە راگەیاندراوێکدا هێما بۆ ئەوە دەکات: رێگە بەهیچ کەسێک نادەن تاسە لەدەرەوەی رێنمایی و یاساکان دروستبکات و تێکیدەدەن و بۆ هەر تاسەیەک دەبێت پرس و مۆڵەت لە شارەوانی و پۆلیسی هاتوچۆ وەربگیرێت و هەر شوێنێکیش پێویست بێت خۆیان دایدەنێن.

هەر لە راگەیاندراوەکەی شارەوانیدا هاتووە: "ئێمە ئاگادارین کە رووداوی هاتوچۆ هەیە و هەبووە، بەڵام ناکرێت لەیەک گەڕەکدا 10 بۆ 12 تاسە هەبێت، هەر ماڵێک تاسەیەک دروستبکات، بۆیە ئەو هەڵمەتەمان راگەیاندووە کە نابێت ئەو جۆرە تاسانە بوونیان هەبێت".

لەبارەی راگەیاندراوەکەی شارەوانی، هاووڵاتیەکی دانیشتووی گەڕەکی مامزاوە دەڵێت: "شارەوانی ئاگای لە حاڵی ئێمە نییە بەدەست خێرایی ئۆتۆمبێل و دەنگی ماتۆڕ، ئەگەرنا هەموومان دەزانین بەبێ بوونی هۆکار کەس تاسە دروست ناکات و شارەوانیش خەمی لێناخوات و هەر دەزانێت تێکی بدات".

حاجی رەسوڵ مامەند، هاووڵاتیەکی دانیشتووی گەڕەکی مامزاوەیه‌، بۆ دواڕۆژ باس له‌وه‌ده‌كات: من یەکێکم لە قوربانییەکان و ساڵی رابوردوو ئۆتۆمبێلیک بەهۆی تیژڕه‌وییەوە خۆی پیادا کێشام و دوو پەراسوو و دەستێکم شکا، بۆیە بڕیارمدا تاسە دروستبکەم، ئێستا ئەگەر شاره‌وانی تاسەی پلاستیکیمان بۆ نەهێنن، بەدڵنیاییه‌وه‌ دووبارە دروستی دەکەینەوە".

دواڕۆژ رای شۆفێرانی وەرگرتووە، سەرجەمیان لەگەڵ لابردنی ئەو تاسانەن و پێیانوایە زیان بە ئۆتۆمبێلەکانیان دەگەیەنێت، داواش دەکەن هەر ئۆتۆمبێلێکیان بینی تیژڕه‌وی دەکات ژمارەکەی بدەن بە پۆلیس لەبری دروستکردنی تاسە.

کەریم شاسوار، شۆفێری تاکسییە دانیشتووی گەڕەکی کارێزانە، بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "زیانی ئەو تاسانە زۆر زۆرن، دەیانجار لەو تاسانەم داوە یان ژێری ئۆتۆمبێله‌کەم زیانی بەرکەوتووە یان بووەته‌ هۆی ئەوەی ئۆتۆمبێل لەدواوە خۆی بە مندا بكێشێت، بۆیە دەستخۆشی لە شارەوانی دەکەم بۆ لابردنیان".

بۆ ئەوەی هاووڵاتیان کاردانەوەیان نەبێت و رێگری نەکەن، تیمەکانی شارەوانی هێزی تایبەتی وەزارەتی ناوخۆ كه‌ لە پۆلیس و زێرەڤانی پێکهاتوون یاوەری لێژنەکانیان دەکەن و لەگەڵ شۆفڵەکاندان بۆ لابردنی تاسەکان.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure