"كارگەی درووستكردنی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی دادەمەزرێت"

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 2243‌ جار بینراوە
عەزیز سەعید

دواڕۆژ، سامان قوبادی 

نەبوونی دەسەڵات و رۆتین و كێشەی زەوی ئاستەنگەكانی بەردەم وەبەرهێنانن لە سلێمانی، عەزیز سەعید بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی لە چاوپێكەوتنێكی دواڕۆژدا باس لەوە دەكات: لە هەوڵی چارەسەری كێشەكانداین و قۆناغێكی نوێی وەبەرهێنان لە سلێمانی دەستپێدەكاتەوە ئەمساڵ بە بڕی نزیكەی یەك ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەكرێت، "یەكێكیش لە پڕۆژەكان دامەزراندنی كارگەی درووستكردنی ئۆتۆمبێلە".

دواڕۆژ: وەبەرهێنان لە سلێمانی بەراورد بە پارێزگاكانی تر زۆر سستە بۆچی، كەی ئەم كەرتە دووبارە دەبوژێتەوە؟

عەزیز سەعید: پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە سلێمانی سست نییە، چونكە ئەو ژمارە زۆرەی داواكاری بۆ مۆڵەتی پڕۆژە هەیە لە هیچ پارێزگایەكی تردا نییە، تەنیا لە 2019ە نزیكەی 180 داواكاری بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژە هاتۆتە لای ئێمە و داوای زەوییان كردووە، كارمان لە زیاتر لە 70 پڕۆژەیان كردووە، زۆربەشیان لەلایەن دەستەی گشتی وەبەرهێنان لە هەولێر پەسەندكراون و مۆڵەتیان پێدراوە، لەئێستاشدا 250 پڕۆژە لە سلێمانی كاردەكەن، ئەمساڵ ئەگەر حكومەت زوو پێكبهێنرایە وەبەرهێنان زۆر لەوە زیاتر دەبوو، پێویستمان بە 4 ساڵی تر دەبێت تا وەبەرهێنان ئەنجامەكەی دەربكەوێت و وەكو جارانی لێبێتەوە، پێشتر قەیرانی دارایی و رۆیشتنی سەرمایەدارەكانمان بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق وایكرد وەبەرهێنان لە سلێمانی زۆر كەم بێتەوە، بەڵام ئێستا زۆربەیان گەڕاونەتەوە، جگەلەوە كێشەی دەسەڵاتەكانمان هەیە، چونكە پڕۆژەكان سەرجەمیان دەنێردرێنەوە بۆ هەولێر، ئەمانە وایكرد سست بێت، لەمەودوا بەرنامەیەكی نوێمان بەدەستەوە.

دواڕۆژ: ئەوەی كە باسیدەكەیت لە كام سێكتەردان، ئایا سەرمایەكەیان دیاریكراوە؟
عەزیز سەعید:
بەپێی رووبەری زەوییەكان پڕۆژەكان دیاریدەكرێن، پاش سەرجەم ئامادەكارییەكان بۆ هەر پڕۆژەیەك ئەوكات تێچووەكەی دەزانرێت، بەڵام بە كۆی پڕۆژەكان سەرمایەكەیان دەگاتە نزیكەی یەك ملیار دۆلار، پڕۆژەكانیش لە بواری پەروەردە، گەشتیاری و ریستۆرانت، كشتوكاڵی و پیشەسازیدایە، بەڵام زۆربەیان لە كەرتی بازرگانیدان  پشكی شێریان بە شاری سلێمانی كەوتووە.

دواڕۆژ: كارگەیەكی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی دادەمەزرێت، وردەكاری ئەم پڕۆژەیە چۆنە؟
عەزیز  سەعید:
كارگەیەكی كۆكردنەوە و دروستكردنی ئۆتۆمبێل لە ناوچەی پیشەسازی عەربەت - سلێمانی دادەمەزرێت و مۆڵەتی وەبەرهێنانی پێدراوە، بە بڕی سەرمایەی 250 ملیۆن دۆلار، لەمساڵدا پڕۆژەكە دەستبەكار دەبێت، جۆری ئۆتۆمبێلەكەش دیاریكراوە كە دروستدەكرێت، لەئێستادا تەنیا گرێبەست و كردنەوەی نوسینگەیەكی ئەندازیاری سەرپەرشتیاری ماوە بۆی بكرێت، هەلێكی زۆری كاركردنیش بۆ دانیشتوانی سلێمانی دەڕەخسێنێت.

دواڕۆژ: لەچاو پارێزگاكانی تر زۆرترین كێشەی وەبەرهێنان و رۆتین، بەتایبەت لە دابینكردنی زەوی لە سلێمانییە، بۆچی چەندین ساڵە ئەمانە دووبارە دەبنەوە و چارەسەری ناكەن؟  
عەزیز  سەعید:
كێشەی زۆرمان لە وەبەرهێناندا هەیە، سەرۆكی نوێی دەستە دەستبەكاربووە لە هەوڵی ئەوەداین ئەو كێشانەی هەمانە چارەسەری بكەین، بەتایبەت هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنان و گەڕاندنەوەی دەسەڵات و نەهێشتنی رۆتین، ئەمانە هۆكارن بۆ ئەوەی پڕۆسەی وەبەرهێنان لە سلێمانی سستی تێبكەوێت، كێشەی دابینكردنی زەویمان زۆرە، ئەو زەوییەی لە شارەوانی داوای دەكەین ئەوە نییە كە بۆمان دابیندەكرێت، یان بەو تایبەتمەندییەی تێدانییە كە پێویستمانە، هەندێكجار چارەكی ئەو زەویەمان پێدەدرێت، بۆ ئەو مەبەستە سەرقاڵی دانانی ماستەر پلانێكین كە چارەسەری ئەم كێشەیە دەكات. 

دواڕۆژ: لەپاش دەستبەكاربوونی كابینەی تازە، كامانەن بڕیارە نوێكانی ئەنجومەنی باڵای وەبەرهێنان؟
عەزیز سەعید:
بەرنامەیەكی نوێی ئەنجومەنی وەزیران هەیە، دەبێت هەر وەزارەتێك پڕۆژەی خۆی لەگەڵ نەخشەرێگایەك پێشكەش بكات لەسەر ئەو بنەمایە ئەنجومەنی وەزیران روئیای گشتی دروست دەكات، جگەلەوە بڕیاردراوە یاسای وەبەرهێنان بنێردرێتەوە بۆ پەرلەمان لەمساڵدا هەمواربكرێتەوە، هەروەها بڕیاردراوە بە زیادكردن و دیاریكردنی هەلەكانی وەبەرهێنان، بەڵام تا شێوازی نوێ بۆ وەبەرهێنان لە نیشتجێبووندا دانەنرێت مۆڵەت لەم كەرتەدا نادرێت.

دواڕۆژ: ئایا قۆناغێكی نوێی وەبەرهێنان دەستپێدەكرێتەوە؟
عەزیز سەعید:
بە شێواز و هیمەتێكی تازەوە كار لە وەبەرهێناندا دەكەین، هەماهەنگییەكی باش دەكەین بۆ هەمواركردنەوەی یاسای وەبەرهێنان، لەناویدا پاداشت و سزا دادەنرێت و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ وەبەرهێنەر دیاریدەكرێت، بۆ سەرپێچیكردنی وەبەرهێنەریش سزای توند دیاریكراوە. 

دواڕۆژ: لە هەندێك لە پڕۆژە نیشتەجێیەكانی سلێمانی زەوی دەفرۆشرێت، بەتایبەت لە قولەرەیسی، بۆچی كەس سزانەدراوە؟
عەزیز سەعید:
ئەوەی باسی دەكەیت لە دەرەوەی پڕۆژەكانی ئێمە، لەناو پڕۆژەكانی ئێمەدا بەهیچ شێوەیەك رێگەی پێنادرێت، دەبێت بكرێت بە خانوو پاشان بفرۆشرێتەوە.

دواڕۆژ: لە رابردوودا تەخشان و پەخشاندنی زەوی هەبوو لە سلێمانی بۆ پڕۆژەی نەگونجاو لەكاتێكدا رووبەری زەوی لەم شارەدا كەمە، تائێستاش بەردەوامە بۆچی رێگری لێناكرێت؟
عەزیز سەعید: لە وەبەرهێنان و دابینكردنی زەوی هەڵەكراوە، سلێمانی پێویستی بە پڕۆژەی نوێ هەیە، بەڵام پەیوەندیمان بە دابینكردنی زەویەوە نییە، بەڵكو لەمەودوا لەسەر بنەمای ماستەرپلان كاردەكرێت. 

پ: ک. س
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure