دۆستۆیڤیسكى... وه‌رچه‌رخان له‌ ئه‌ده‌ب و ده‌روونناسى-دا

هەواڵ / که‌لتور :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 158‌ جار بینراوە
فیۆدیۆر دۆستۆیڤیسكی

دواڕۆژ

سه‌ره‌ڕاى تێپه‌ڕبوونى نزیكه‌ى سه‌ده‌ و نیوێك به‌سه‌ر (تاوان و سزا) به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بیه‌ ناوازه‌كه‌ى دۆستۆیڤیسكی-دا، به‌ڵام نه‌ ئه‌م به‌رهه‌مه‌ و نه‌ هیچكام له‌ نووسینه‌كانى ترى، تا رۆژى ئه‌مڕۆیش زه‌مه‌ن زه‌فه‌رى پێنه‌بردوون و بایه‌خیان كه‌م نه‌بوونه‌ته‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ندێكیان له‌ جارى جاران هاوچه‌رخترن و وه‌ك پێشبینیكردنى ئایینده‌ ته‌ماشا ده‌كرێن. 


عه‌لمانیبوون و سه‌رسامبوون به‌ ئه‌وروپا و خۆرئاوا و ئه‌نجامه‌ وێرانكه‌ره‌كانیان له‌سه‌ر خود و ناسنامه‌ى مرۆڤ كه‌ ئه‌م نووسه‌ره‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ رۆمانه‌كانیدا تاوتوێى كردوون، تائێستا به‌رده‌وام راست و دروستییان ئاشكرا و ئاشكراتر ده‌بن، شانبه‌شانى به‌هێزبوونى كرده‌وه‌كانى جیهانگیرى و گۆڕینى جیهان و كردنى به‌ هاوشێوه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ ئه‌وروپیه‌ هاوچه‌رخه‌كان به‌ جۆرێك كه‌ هه‌ست ده‌كرێت دۆستۆیڤیسكى، كاتى خۆى پێشبینیى كردووه‌ له‌ ساڵانى ئایینده‌دا چى رووده‌دات. 

رۆمانى تاوان و سزا، یه‌كێكه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌ هه‌ره‌ گرنگه‌كانى ئه‌م نووسه‌ره‌ بیلمه‌ته‌ كه‌ تیایدا گه‌لێك كێشه‌ى هه‌نوكه‌یى سه‌رده‌مى نوێى تێدا ورووژاندووه‌. هه‌رچه‌نده‌ دۆستۆیڤیسكى له‌ روانگه‌یه‌كى ده‌روونناسیه‌وه‌ به‌راوردكاریى كردووه‌ له‌ نێوان تاوان و سزا-دا، به‌ڵام ئه‌م ره‌هه‌نده‌ ده‌روونییه‌ دوور نییه‌ و دوور نه‌بووه‌ له‌ گۆڕانكارییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوورییه‌كان كه‌ دواى له‌ شكركێشیه‌كه‌ى ناپلیۆن كۆمه‌ڵگه‌ى روسیى به‌خۆیه‌وه‌ بینینی و له‌ ئه‌نجامى گۆڕانكارییه‌ خێراكاندا گرژى و ئاڵۆزیى دروستبوو له‌ نێوان تاك و كۆمه‌ڵگه‌دا. 

بابه‌ته‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ى ناو ئه‌م رۆمانه‌ بریتیه‌ له‌ هه‌ستكردن به‌ نامۆیی و لێكترازانى كۆمه‌ڵایه‌تى و ده‌روونى به‌هۆى گۆڕانكارییه‌ كه‌لتوورى و ئابووریه‌ خێراكانه‌وه‌. دۆستۆیڤیسكى توانى پێشبینى كاردانه‌وه‌كانى بكات به‌رامبه‌ر ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ به‌ ئاڕاسته‌ى ناسنامه‌ و توندوتیژیدا. ئه‌مه‌یش بارودۆخى زۆرێك له‌و گه‌نجه‌ فه‌رامۆشكراوانه‌مان بیرده‌خاته‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییان كردووه‌ به‌ داعش و ره‌وته‌ توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ى كه‌ نه‌یانتوانى خۆیان رابهێنن له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانى سه‌رده‌مى نوێدا.

سه‌ره‌تا پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانین راسكۆ لینكۆڤ كه‌ ناوى قاره‌مانى رۆمانه‌كه‌یه‌ له‌ زمانى روسیدا واته‌ كه‌سێكى لێكترازاو، واته‌ زیاتر له‌ كه‌سایه‌تییه‌كى هه‌یه‌. نووسه‌ر ده‌یه‌وێت له‌ڕێى ئه‌م كه‌سایه‌تیه‌ پارچه‌پارچه‌كراوه‌وه‌ په‌یامه‌كه‌ى خۆى بگه‌یه‌نێت كه‌سایه‌تیه‌ك كه‌ بووه‌ته‌ قوربانى نوێگه‌رى و شارستانى و هه‌ڵوه‌شاندنى په‌یوه‌ندییه‌ پێكه‌وه‌ییه‌كان له‌ نێوان تاكه‌كاندا.

ئه‌م كه‌سایه‌تیه‌ له‌ نیگه‌رانى و ئاڵۆزییه‌كى ده‌روونیى وادا ده‌ژى كه‌ ناوێرێت چاوى به‌ هیچ كه‌سێك بكه‌وێت...هه‌ژار و بێچاره‌ و ته‌نیایه‌، هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌دوێت و خه‌یاڵێكى په‌رت و بڵاوى هه‌یه‌ و خۆى به‌ كه‌سێكى نامۆ ده‌زانێت له‌ پایته‌خى وڵاتدا.

ئه‌م هه‌ستكردنه‌ به‌ نامۆیی كۆمه‌ڵێك پرسیار و خه‌یاڵ و بیرۆكه‌ له‌ مێشكى پاڵه‌وانه‌كه‌دا دروست ده‌كات كه‌ هه‌موویان دژ به‌ كۆمه‌ڵگه‌ن، له‌ هه‌موویان پێداگرتر بیرۆكه‌ى كوشتنى پیره‌ژنێكى سووخۆره‌ كه‌ به‌ سوو قه‌رز ده‌دات به‌ خه‌ڵكى. راسكۆ لینكۆڤ هیچ دوژمنایه‌تى و به‌ریه‌ككه‌وتنێكى راسته‌وخۆى له‌گه‌ڵ ئه‌م پیره‌ژنه‌دا نه‌بووه‌، به‌ڵام ئاره‌زووى كوشتنى له‌راستیدا هه‌وڵێك بووه‌ بۆ سه‌لماندنى خودى خۆى و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى ئه‌و سه‌روه‌رى و كه‌رامه‌ته‌ى كه‌ له‌ده‌ستیچووه‌. ئه‌و هه‌ستى ده‌كرد كه‌سێكى قێزه‌ون و دوورخراوه‌ و بێبایه‌خه‌. ته‌نیا ئه‌سپێ-یه‌كه‌ له‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌دا بۆیه‌ پێویسته‌ خۆى بسه‌لمێنێت و كارێك بكات كۆمه‌ڵگه‌ دانى پێدابنێت. له‌سه‌رێكى تره‌وه‌ هه‌واڵى هاوسه‌رگیریكردنى خوشكى له‌گه‌ڵ پیاوێكى ده‌وڵه‌مه‌ندا هێمایه‌ بۆ به‌رجه‌سته‌كردنى سه‌رمایه‌دارى له‌ ناشرینترین شێوازدا كه‌ بارى خراپى ئابوورى خێزانێك ده‌قۆزێته‌وه‌ به‌ پڕۆژه‌ى هاوسه‌رگیرییه‌ك كه‌ ته‌نیا و ته‌نیا پڕۆژه‌یه‌كى بازرگانییه‌ و هیچى تر. راسكۆ لینكۆڤ ئه‌مه‌ به‌ سووكایه‌تیه‌كى گه‌وره‌ ده‌زانێت بۆ خۆى و خێزانه‌كه‌ى، واى لێكده‌داته‌وه‌ كه‌ خوشكه‌كه‌ى ته‌نیا كاڵایه‌كه‌ كڕین و فرۆشتنى پێوه‌ ده‌كرێت. به‌مه‌ گڕى رق و بێزاریى له‌ دڵیدا كڵپه‌ده‌سه‌نێت و یه‌كسه‌ر دواى ئه‌وه‌ پیره‌ژنه‌ سووخۆره‌كه‌ ده‌كوژێت. دواى ئه‌و تاوانه‌ هه‌ست به‌ ئازارى ویژدان و گوناهێكى گه‌وره‌ ده‌كات و تێده‌گات كه‌ ئه‌و پیاوه‌ گه‌وره‌یه‌ نییه‌ بتوانێت خۆى بسه‌لمێنێت. سزاى ئه‌و تاوانه‌ له‌وه‌دا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت كه‌ ناخى تاوانكاره‌كه‌ له‌توپه‌ت ده‌بێت و ده‌گاته‌ لێوارى شێتبوون. هه‌ر كه‌سێك ده‌بینێت وا هه‌ست ده‌كات ئاگادارى تاوانه‌كه‌یه‌تى، له‌مه‌وه‌ نووسه‌ر پێمان ده‌ڵێت سزا ته‌نیا هه‌ر هاونرخه‌ یاساییه‌كه‌ى تاوان نییه‌ به‌ڵكو هاونرخى ده‌روونیه‌كه‌یشیه‌تى. رزگارییش له‌وه‌دایه‌ كه‌ به‌رله‌وه‌ى دان بنێت به‌ تاوانه‌كه‌یدا پێویسته‌ له‌و گۆشه‌گیرى و نامۆییه‌ ده‌ربچێت كه‌ به‌سه‌ر خۆیدا سه‌پاندوونى و بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناسنامه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ى و بیروباوه‌ڕه‌ ئاینییه‌كه‌ى.

رۆمانه‌كه‌ى دۆستۆیڤیسكى بۆمان روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ ‌وایین مه‌سه‌له‌یه‌كى شه‌خسى نییه‌ به‌ڵكو له‌ پله‌ى یه‌كه‌مدا پێكهێنه‌رى ناسنامه‌ى كۆمه‌ڵ و تاكه‌. راسكۆ لینكۆڤ نموونه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ ره‌گێكى نه‌ته‌وه‌په‌رستییان تێدایه‌ و به‌ها لیبراڵیه‌كانى ئه‌وروپا به‌ توندى ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه‌.

له‌ڕێى ئه‌م رۆمانه‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ مرۆڤى روسى له‌ڕووى ده‌روونییه‌وه‌ شانازیى به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌كات و هه‌وڵده‌دات كه‌رامه‌تى له‌ده‌ستچووى بگێڕێته‌وه‌. 

پ: ل. م 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure