لەبارەی دامەزراندنەوە وه‌زاره‌تى دارایى داوایه‌كی ره‌تكرده‌وه‌

هەواڵ / عێراق :: 08/08/2019‌ :: 6344‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

وه‌زاره‌تى دارایى عێراق ره‌تیده‌كاته‌وه‌: كارمه‌ندانى گرێبه‌ستى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ هه‌رێم و عێراق بكاته‌ هه‌میشه‌یى، هاوكات بودجه‌ بۆ به‌ڕێوه‌چوونى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان ته‌رخان ده‌كرێت.


ماوه‌ى دوو ساڵ زیاتره‌ كارمه‌ندانى كۆمسیۆن له‌ هه‌رێم و عێراق چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن بكرێنه‌ هه‌میشه‌یى، به‌مه‌ش بڕى مووچه‌ى مانگانه‌ و هه‌ندێك ئیمتیازاتى دیكه‌یان پێده‌درێت.

له‌باره‌ى داواكارییه‌كه‌ى كارمه‌ندانى كۆمسیۆن، رزگار حاجی حەمە، جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند "داوایان له‌ وه‌زاره‌تى دارایى كردووه‌ كارمه‌ندانى گرێبەستی كۆمسیۆن بكرێنه‌ هه‌میشه‌یى به‌هۆى ئه‌وه‌ى كۆمسیۆن كاره‌كانى به‌شێوه‌یه‌كى باشتر رایى بكات، به‌ڵام وه‌زاره‌تى دارایى ره‌تیكردووەته‌وه‌ و پێی راگه‌یاندوون كه‌ نایانكاته‌ هه‌میشه‌یى.

جێگری سەرۆكی كۆمسیۆن، وتیشى: "له‌ كۆبوونه‌وه‌ى داهاتووى ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق تاوتوێى داواكارییەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەکرێت بۆ دامەزراندن و پرسى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نه‌كان و كێشه‌ هونه‌رییه‌كانى دیكه‌، چاوه‌ڕوان ده‌كرێت وه‌ڵامێكى ئەرێنی وه‌ربگرینه‌وه‌".

رۆژى 22ى ته‌مموزى ئه‌مساڵ، ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بڕیاریدا له‌ 1ى نیسانى ساڵى داهاتوو جگه‌ له‌ پارێزگاكانى هه‌رێم، له‌سه‌رجه‌م پارێزگاكانى دیكه‌ى عێراق به‌ كه‌ركوكیشه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان بكرێت.

بۆ به‌ڕێوه‌بردنى هه‌ڵبژاردنه‌كان، كۆمسیۆنى باڵاى هه‌ڵبژاردن داواى ته‌رخانكردنى زیاتر له‌ 200 ملیار دینارى له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق كردووه‌.

پ: چ.ع

بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure